ڕۆما11

ئایا ‏خودا‏ گه‌له‌كه‌‏ی ڕه‌تكرده‌وه‌؟

1ئینجا پرسیار ده‌كه‌م: ئایا خودا گه‌له‌كه‌ی خۆی ڕه‌تكـرده‌وه‌؟ نــه‌خـێر شتی‏وا نییه‌! منیش ئیسرائیلیم، له‌‏نه‌وه‌ی ئیبراهیم له‌‏تیره‌ی بنیامینم.2خودا گه‌له‌كه‌ی ڕه‌ت‏نـاكاته‌وه‌ كه‌ له‌‏پێشا ناسیویه‌تی. ئایا نازانن كتێبی پیرۆز ده‌رباره‌ی ئه‌لیاس پێغه‌مبه‌ر ده‌ڵێ‌ چی؟ كاتێ‌ شكاتی له‌‏جووله‌كه‌كان كرد له‌لای خوداو ووتی:3[[ئه‌ی خوداوه‌ند، جووله‌كه‌كان پێغه‌مبه‌ره‌كانی تۆیان كوشت، هه‌روه‌ها قوربانگاكانی تۆیان ڕووخاند، ‏من به‌ته‌نها ماومه‌ته‌وه‌، ده‌یانه‌وێ‌ بمكوژن.]]4به‌ڵام ده‌نگی خودا چۆن وه‌ڵامی دایه‌وه‌؟ [[حه‌وت هه‌زار پیاوم بۆ خۆم هێشتۆته‌وه‌ ئه‌وانه‌ی چۆكیان نه‌داوه‌ بۆ بتی به‌عل.]]5‏ئێستاش هه‌روایه‌ به‌هۆی به‌ره‌كه‌ته‌وه‌ به‌شێك هه‌ڵبژێرراون تا بمێننه‌وه‌.6به‌ڵام گه‌ر ئه‌مه‌ به‌‏به‌ره‌كه‌ت بووبێ‌، ئیتر به‌كرداری خۆمان نییه‌، ئه‌گینا به‌ره‌كه‌ت، به‌ره‌كه‌ت نییه‌.7كه‌واته‌ دوای ئه‌مه‌ چی؟ ئه‌وه‌ی ئیسرائیل هه‌وڵی بۆ ده‌دا ده‌ستی نه‌كه‌وت، به‌ڵكو هه‌ڵبژێرراوان ده‌ستیان‎كه‌وت‏، به‌ڵام ئه‌وانی دیكه‌ دڵیان ڕه‌ق ببوو،8هه‌روه‌ك له‌كتێبی پیرۆز نووسراوه‌: [[خودا هه‌تا ئه‌مڕۆ ڕۆحی سستی داونه‌تێ‌، چاوی داونه‌تێ‌ پێی نه‌بینن‏و گوێی داونه‌تێ‌ پێی نه‌بیستن، هه‌تا ئه‌مڕۆش.]]9هه‌روه‌ها داود ده‌ڵێ‌: [[با خوانه‌كه‌یان ته‌ڵه‌و داو بێت بۆیان، ‏ببێت به‌‏كۆسپ‏و سزا بۆیان.10با به‌رچاویان تاریك بێ‌ تا نه‌بینن، هه‌میشه‌ پشتیان چه‌ماوه‌ بێت تاهه‌تایه‌.]]

ڕزگاربوونی ناجووله‌كه‌كان

11بۆیه‌ ده‌پرسم: ئایا جووله‌كه‌كان قاچیان هه‌ڵخلیسكا بۆ ئه‌وه‌ی بكه‌ون؟ نه‌خێر به‌‏هیچ جۆرێ‌! به‌ڵكو به‌‏یاخیبوونیان ڕزگاری هاته‌كایه‌وه‌ بۆ میلله‌تان [ناجووله‌كه‌كان]، تاكو حه‌سوودی ئیسرائیل دابگرێ‌.12جا گه‌ر یاخیبوونیان ده‌وڵه‌مه‌ندی بێ‌ بۆ جیهان، كه‌وتنیان ده‌وڵه‌مه‌ندی بۆ میلله‌تان، ئه‌ی ژماره‌ی ته‌واویان چه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندی زیاتر ده‌هێنێ‌؟13ئێستا من بـه‌میللـه‌تـان ده‌ڵێم: چـونكه‌ من بۆ میلله‌تان نێرراوم، شانازی به‌‏خزمه‌ته‌كه‌م ده‌كه‌م،14تا ڕۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌م حه‌سوودی بیانگرێ‌و هه‌ندێكیان ڕزگار بكه‌م.15چونكه‌ گه‌ر هاتوو ڕه‌تكردنه‌وه‌یان هه‌لێك بێ‌ بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ی جیهان، ئایا قه‌بوڵ‏كردنیان له‌لایه‌ن خوداوه‌ وه‌ك زیندووبوونه‌وه‌ نییه‌ له‌مردن؟16گه‌ر به‌شی یه‌كه‌می هه‌ویر پیرۆز بێ‌، ئه‌وسا هه‌موو هه‌ویره‌كه‌ پیرۆز ده‌بێ‌. هه‌روه‌ها گه‌ر ڕه‌گی دره‌خت پیرۆز بێ‌، ئه‌وسا لقه‌كانیش پیرۆزن.17گه‌ر هاتوو هه‌ندێ‌ ‏لقی دار زه‌یتونێك بڕایه‌وه‌، تۆش وه‌ك زه‌یتونێكی كێوی تیایدا موتوربه‌ كرای، ئه‌وسا به‌مه‌ به‌شداری ده‌كه‌ی له‌ڕه‌گ‏و پیت‎و به‌ره‌كه‌تی،18شانازی مه‌كه‌ به‌سه‌ر لقه‌ بڕاوه‌كان. گه‌ر هاتوو شانازیت كرد به‌خۆته‌وه‌، ئه‌وسا ده‌بێ‌ بزانی كه‌ تۆ ڕه‌گی دره‌خته‌كه‌ت هه‌ڵ نه‌گرتووه‌‏، به‌ڵكو ئه‌وه‌ تۆی هه‌ڵگرتووه‌.19گه‌ر بڵێی: (ئه‌و لقانه‌ بڕاونه‌ته‌وه‌ تاكو من موتوربه‌ بكرێم.)20ئه‌مه‌ ڕاسته‌. ئه‌وان بڕانه‌وه‌ به‌هۆی بێ‌‏باوه‌ڕییان، به‌ڵام تۆ به‌هۆی باوه‌ڕ جێگیر بووی. له‌‏خۆبایی مه‌به‌، به‌ڵكو بترسه‌.21گه‌ر خودا لقی بنه‌ڕه‌تی دره‌خته‌كه‌ نه‌هێلێته‌وه‌ ئه‌وسا تۆش ناهێڵێته‌وه‌.22بۆیه‌ دڵنه‌رمی‏و توندی خودا له‌به‌رچاو بگره‌: توندییه‌كه‌ی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ كه‌وتن، به‌ڵام دڵنه‌رمییه‌كه‌ی بۆ تۆیه‌، ئه‌گه‌ر له‌دڵنه‌رمی جێگیر بیت، ئه‌گینا تۆش وه‌ك ئه‌و لقانه‌ ده‌بڕێیته‌وه‌.23دیسان جووله‌كه‌كانیش، گه‌ر به‌رده‌وام نه‌بن له‌سه‌ر بێ‌باوه‌رییان، موتوربه‌ ده‌كرێن، چونكه‌ خودا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ جارێكی كه‌ موتوربه‌یان بكات.24چونكه‌ گه‌ر تۆ له‌‏دار زه‌یتونێكی كێوی بڕابیته‌وه‌، به‌پێچه‌وانه‌ی سروشته‌وه‌ له‌دار زه‌یتونێكی چاك موتوربه‌ كرای، ئاخۆ ده‌بێ‌ چه‌ند ئاسانتر بێ‌ بۆ ‏ئه‌وانه‌ی خۆیان سه‌ر به‌‏دار زه‌یتونه‌ چا‏كه‌كه‌ن هه‌تا تیایدا موتوربه‌ بكرێن.

به‌زه‌یی ‏خودا ‏بۆ هه‌مووانه‌

25ئه‌ی برایان، من نامه‌وێ‌ ئێوه‌ ئه‌و نهێنییه‌ نه‌زانن، هه‌تا خۆتان به‌دانا نه‌زانن له‌بۆچوونتان، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێك له‌ئیسرائیل دڵیان ڕه‌ق بوو، تا ته‌واوی ژماره‌ی میلله‌تان دێن،26ئیتر به‌م شێوه‌یه‌ هه‌موو ئیسرائیل ڕزگاری ده‌بێ‌، به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌ كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌: [[له‌‏شاری داوده‌وه‌ ڕزگاركه‌ر دێت، خوانه‌ناسی ناهێڵێ‌ له‌ ناو یاقوب.27ئه‌مه‌ش په‌یمانمه‌ له‌گه‌ڵیان، كاتێ‌ گونا‏هه‌كانیان ده‌سڕمه‌وه‌.]]28جووله‌كه‌كان به‌گوێره‌ی مزگێنی دوژمنن له‌پێناوی ئێوه‌دا، به‌ڵام به‌گوێره‌ی هه‌ڵبژاردن خۆشه‌ویستن له‌پێناوی باوباپیران،29چونكه‌ خودا هه‌رگیز له‌به‌خشین‏و بانگ كردنی خۆی پاشگه‌ز نابێته‌وه‌.30جا چۆن ئێوه‌ له‌‏پێشا له‌‏خودا یاخی‏بوون‏و ئێستا خودا به‌زه‌یی پێتان‏هاته‌وه‌ به‌هۆی یاخی‏بوونی ئه‌وان،31به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌وانیش ئێستا له‌‏خودا یاخیبوون، تا به‌زه‌یی پێیان بێته‌وه‌ وه‌ك به‌زه‌یی به‌‏ئێوه‌ هاته‌وه‌.32چونكه‌ خودا هه‌موو مرۆڤی له‌ یاخیبووندا به‌ندكرد هه‌تا به‌زه‌یی به‌ هه‌موویان بێته‌وه‌.
33ئای چه‌ند قووڵه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندیو دانایی‏و زانیاری خودا! هه‌روه‌ها چه‌ند دووره‌ پشكنینی حوكمه‌كانی‎و تێ‌گه‌یشتنی ڕێگاكانی!
34[[چونكه‌ كێ‌ له‌بیروڕای خوداوه‌ندی زانی؟ یاخود كێ‌ ته‌گبیركه‌ری‏بوو؟]]
35[[یاخود كێ‌ شتێكی پێ‌به‌خشیوه‌ هه‌تا بیداته‌وه‌؟]]
36چونكه‌ هه‌موو شتێك له‌‏ئه‌وه‌و به‌هۆی ئه‌وه‌و بۆ ئه‌و ده‌بێ‌. بۆ ئه‌وه‌ شكۆمه‌ندی تاهه‌تایه‌. ئامین.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9