مەرقۆس14

پلانێك بۆ كوشتنی عیسا

1جه‌ژنی تێ‎په‌ڕبوون‎و فه‌تیره‌ دوو ڕۆژی مابوو، سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت به‌دوای فێڵێك ده‌گه‌ڕان تا عیسای پێ‌ بگرن‎و بیكوژن.2به‌ڵام ووتیان: (بائه‌مه‌ له‌جه‌ژنا نه‌بێت، نه‌وه‌ك له‌ناو خه‌ڵكه‌كه‌دا ئاژاوه‌ ڕووبدات.)

ئاماده‌كردنی عیسا بۆ ناشتن

3كاتێ‌ عیسا له‌شاری به‌یت‎عه‌نیا بوو، له‌ماڵی شه‌معونه‌ ‎گول له‌سه‌ر خوان دانیشتبوو، ژنێك هات شوشه‌یه‌ك بۆنی ناردینی سافی گرانبه‌های به‌ده‌سته‌وه‌بوو، شوشه‌كه‌ی شكاندو بۆنه‌كه‌ی‎كرد به‌سه‌ر عیسا.4به‌ڵام هه‌ندێك له‌وانه‌ی له‌وێ‌بوون زویربوون‎و له‌دڵی خۆیان ووتیان: (ئه‌م بۆنه‌ بۆ به‌و شێوه‌یه‌ خه‌ساركرا؟5ده‌توانرا بۆنه‌كه‌ به‌زیاتر له‌سێ‎سه‌د دینار بفرۆشرایه‌و پاره‌كه‌ی بدرایه‌ به‌هه‌ژاران.) جا ده‌ستیانكرد به‌سه‌رزه‌نشت كردنی ژنه‌كه‌.6به‌ڵام عیسا ووتی: (وازی لێ‎بهێنن. بۆ بێزاری ده‌كه‌ن؟ ئه‌و كارێكی چاكی به‌رامبه‌ر كردم.7چونكه‌ هه‌ژاران هه‌موو كاتێ‌ لاتان هه‌ن، هه‌ر كاتێكیش ویستتان ده‌توانن چاكه‌یان به‌رامبه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام من هه‌موو كاتێك لاتان نیم.8ئه‌و ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی هات‎ كردی، ده‌ست‎پێشخه‌ری خۆی كرد له‌بۆن لێ‎دانی له‌شم‏و ئاماده‌ كردنی بۆ ناشتن.9ڕاستیتان پێ‌ ده‌ڵێم: له‌هه‌ر شوێنێك له‌م جیهانه‌دا بانگه‌وازی ئه‌م مزگێنییه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، یادی ئه‌مه‌ ده‌كرێ‌ كه‌ ئه‌م ژنه‌ كردی.)

ناپاكی یه‌هوزا

10ئینجا یه‌هوازی ئه‌سخه‌ریوتی كه‌یه‌كێ‎بوو له‌دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌، ڕۆیشت بۆ لای سه‌رۆك كاهینه‌كان تاكو عیسا بدات ‎به‌ده‌سته‌وه‌.11كاتێ‌ گوێیان له‌مه‌ بوو، زۆر پێخۆشحاڵ بوون‏و به‌ڵێنی ئه‌وه‌یان پێدا پاره‌ی بده‌نێ، به‌م شێوه‌ ئه‌و ده‌گه‌ڕا بۆ هه‌لێك تا عیسا بدات‎ به‌ده‌سته‌وه‌.

نانی جه‌ژنی تێپه‌ڕبوون

12له‌یه‌كه‌م ڕۆژی جه‌ژنی فه‌تیره‌، ئه‌وه‌ی قوربانی تێپه‌ڕبوونی تێداده‌كرێ، قوتابیه‌كان له‌عیسایان پرسی: (ده‌ته‌وێ‌ بۆ كوێ‌ بڕۆین نانی جه‌ژنت بۆ ئاماده‌كه‌ین تا بیخۆیت؟)13ئه‌ویش دووان له‌قوتابیه‌كانی نارد، پێی‎ووتن: (بڕۆن بۆ ناو شار، له‌وێ‌ پیاوێكتان پێ‎ده‌گات گۆزه‌یه‌ك ئاوی هه‌ڵگرتووه‌، دوای‎ بكه‌ون.14كـاتێ‌ چــووه‌ ژووره‌وه‌، ئێوه‌ به‌خــاوه‌ن ‎ماڵ بڵێن: مامۆستا ده‌ڵێت: كوا دیوه‌خانه‌كه‌م كه‌ له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانم نانی جه‌ژنی تێپه‌ڕبوونی تیا ده‌خۆم؟)15ئینجا ئه‌ویش ژوورێكی گه‌وره‌تان پیشان‎ده‌دات له‌نهۆمی دووه‌می مـاڵه‌كـه‌، ڕاخـراوه‌و ئامـاده‌كـراوه‌، ئاله‌وێدا بۆمانی ئاماده‌ بكه‌ن.)16ئیتر دوو قوتابیه‌كه‌ ڕۆیشتن‏و ژووره‌كه‌یان به‌م شێوه‌یه‌ بینی كه‌ عیسا پێی ووتبوون، جا له‌وێدا نانی تێپه‌ڕبوونیان ئامـاده‌كــرد.17كه‌ ئێواره‌ داهات، عیسا له‌گه‌ڵ دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌ی هات.18كاتێ‌ له‌سه‌ر خوان دانیشتبوون نانیان ده‌خوارد، عیسا به‌قوتابیه‌كانی ووت: (ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم، یه‌كێ‌ له‌ئێوه‌ كه‌ئێستا له‌گه‌ڵم نان ده‌خوات، ده‌م‎دات به‌ده‌سته‌وه‌.19قوتابیه‌كان غه‌م دایگرتن، یه‌ك له‌دوای یه‌ك ده‌ستیان‎كرد به‌پرسیار لێی: (ئایا منم؟)20ئه‌و وه‌ڵامی‎دانه‌وه‌و ووتی: (ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌م دوانزه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵم ده‌ستی به‌نانه‌وه‌ له‌قاپه‌كه‌دایه‌.21چونكه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ، ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ بڕوات كه‌ له‌كتێبی پیرۆزدا له‌سه‌ری نووسراوه‌، به‌ڵام خاك‎به‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌، باشتر بوو ئه‌و كه‌سه‌ هه‌ر له‌دایك نه‌بووایه‌.)22هه‌ر له‌وكاته‌ی نانیان ده‌خوارد، عیسا نانێكی هه‌ڵگرت، پیرۆزی‎كرد، له‌تی‎كردو دای پێیان، ووتی: (وه‌گرن، ئه‌مه‌ له‌شمه‌.)23ئینجا جامێكی هه‌ڵگرت‏و سوپاسی خودای كردو ‎پێیانیدا، هه‌موو لێیان‎خوارده‌وه‌.24پێی‎ووتن: (ئه‌مه‌ خوێنی منه‌، خوێنی په‌یمانی نوێیه‌، ئه‌وه‌ی ده‌ڕژێ‌ له‌پێناوی زۆر كه‌س.25ڕاستیتان پێ‎ده‌ڵێم: ئیتر له‌به‌ری مێو ناخۆمه‌وه‌ تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌پادشاهێتی خودا جارێكیكه‌ به‌ نوێی له‌وبه‌ره‌ ده‌خۆمه‌وه‌.)26ئینجا به‌گۆرانی ستایشی خودایان‎كردو بۆ شاخی زه‌یتون ڕۆیشتن.

نكۆڵیكردنی په‌ترۆس

27عیسا پێی‎ووتن: (هه‌مووتان ده‌كه‌ونه‌ گومانه‌وه‌، چونكه‌ نووسراوه‌: [[له‌شوان ده‌ده‌م، ئیتر مه‌ڕه‌كان بڵاوده‌بنه‌وه‌]].28به‌ڵام دوای هه‌ستانه‌وه‌م، پێشتان ده‌كه‌وم بۆ جه‌لیل.)29په‌ترۆس پێی‎ووت: (گه‌ر هه‌موو گومان بكه‌ن، من گومان ناكه‌م.)30عیساش پێی‎ووت: (ڕاستت پێ‌‎ده‌ڵێم: تۆ ئه‌مڕۆ هه‌ر ئه‌مشه‌و، پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێر دووجار بخوێنێ، سێ‎جار نكۆڵیم لێده‌كه‌ی.)31به‌ڵام په‌ترۆس به‌پشت ئه‌ستوریه‌وه‌ ووتیه‌وه‌: (گه‌ر بشمرم له‌گه‌ڵت نكۆڵیت لێ‌ناكه‌م.) هه‌روه‌ها قوتابیه‌كانیكه‌ش هه‌موو وایان ووت.

نوێژی عیسا له‌باخی جه‌سیمانی

32ئینجا چوون بۆ شوێنێك پێیده‌وترا جه‌سیمانی، به‌قوتابیه‌كانی ووت: (ئا لێره‌بن تا نوێژ ده‌كه‌م.)33ئه‌وسا په‌ترۆس‎و یاقوب‎و یۆحه‌ننای له‌گه‌ڵ خۆی‎بردو له‌وێدا هه‌ستی به‌دڵگرانیو دڵته‌نگی‎كرد.34پێی‎ووتن: (زۆر دڵگرانم تامردن، بمێننه‌وه‌ لێره‌و ئێشك بگرن.)35ئینجا كه‌مێك لێیان دووركه‌وته‌وه‌، چۆكی‎داداو ده‌ستی‎كرد به‌نوێژكردن‎و داوای ئه‌وه‌ی كرد كاته‌كه‌ی به‌سه‌ر تێ‌په‌ڕێت، گه‌ر ده‌بێت.36ووتی: (ئه‌ی باوك، تۆ ده‌توانی هه‌موو شتێك بكه‌ی، ئه‌م جامه‌م له‌سه‌ر لابه‌ره‌، به‌ڵام با وانه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت، به‌ڵكو به‌و شێوه‌یه‌ بێت كه‌خۆت ده‌ته‌وێت.)37دوای ئه‌مه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بینی قوتابیه‌كانی نووستون، به‌په‌ترۆسی ووت: (ئه‌ی شه‌معون نووستویت؟ نه‌تتوانی كاژێرێك ئێشك بگری؟38نوێژ بكه‌ن‎و ئێشك بگرن، نه‌وه‌ك تاقی بكرێنه‌وه‌. ڕۆح چالاكه‌ به‌ڵام له‌ش لاوازه‌.)39دیسان ڕۆیشته‌وه‌ جارێكیتر نوێژی‎كردو هه‌مان ووته‌ی دووباره‌كرده‌وه‌.40كاتێ‌ گه‌ڕایه‌وه‌، سه‌یری‎كرد دیسان نووستوون، چونكه‌ خه‌و چاوی قورس‎كردبوون، نه‌یانزانی به‌چی وه‌ڵامی بده‌نه‌وه‌.41كاتێ‌ بۆ سێهه‌م جار گه‌ڕایه‌وه‌ بۆلایان پێی‎ووتن: (تائێستا نووستون‏و پشووده‌ده‌ن؟ ئیتر به‌سه‌! كاته‌كه‌ هاتووه‌، ئه‌وا ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست گوناهباران.42هه‌ستن با بڕۆین، ئه‌وا نزیك بووه‌وه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مدات به‌ده‌سته‌وه‌.)

گرتنی عیسا

43هه‌ر له‌و كاته‌دا عیسا قسه‌ی‎ ‎ده‌كرد، یه‌هوزا كه‌ یه‌كێك بوو له‌دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌، له‌گه‌ڵ كه‌سانێكی زۆر كه‌ شمشێرو داریان هه‌ڵگرتبوو گه‌یشتنه‌ ئه‌وێ، ئه‌مانه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆك ‎كاهینه‌كان‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‎و پیرانه‌وه‌ نێررابوون.44ئه‌وه‌ی عیسای دابه‌ده‌سته‌وه‌، نیشانه‌یه‌كی دانێ‌، ووتی: (ئه‌وه‌ی ماچی ده‌كه‌م، خۆیه‌تی، بیگرن‎و بیبه‌ن.)45هه‌ر كه‌ یه‌هوزا گه‌یشته‌ ئه‌وێ، له‌عیسا هاته‌پێشه‌وه‌و ووتی: (مامۆستا!) ئینجا به‌گه‌رمییه‌وه‌ ماچی‎كرد.46ئیتر ده‌ست‎به‌جێ‌ ده‌ستیان له‌سه‌رداناو گرتیان.47به‌ڵام یه‌كێ‌ له‌وانه‌ی له‌وێدا له‌گه‌ڵ عیسا ڕاوه‌ستابوون، شمشێره‌كه‌ی ده‌رهێناو كێشای به‌یه‌كێ‌ له‌كۆیله‌كانی سه‌رۆك كاهین‎و گوێی بڕی.48عیساش پێی‎ووتن: (وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ستگیركردنی یاخی‏بوویه‌ك به‌دارو شمشێره‌وه‌ هاتوون؟49هه‌موو ڕۆژێ‌ له‌په‌رستگا له‌ناوتان بووم خه‌ڵكم فێر ده‌كرد نه‌تان‎گرتم، به‌ڵام باكتێب بێته‌دی.)50دوای ئه‌مه‌ هه‌موو ڕایان كردو به‌جێیان‎ هێشت.51كوڕێكی گه‌نج نه‌بێ‌ كه‌هیچی له‌به‌ر نه‌بوو جگه‌ له‌پارچه‌یه‌ك خامی ته‌نك كه‌ خۆی پێ‎داپۆشی بوو، كوڕه‌ دوای عیسا كه‌وت، ئه‌ویشیان گرت.52به‌ڵام ئه‌و جله‌كه‌ی به‌جێ‌ هێشت‎و به‌ڕووتی له‌ده‌ستیان ڕای‎كرد.

دادگایی‏كردنی عیسا

53ئینجا عیسایان برده‌ لای سه‌رۆك كاهین، پیران‏و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت‏و سه‌رۆك كاهینه‌كانی تریش هه‌موو كۆبوونه‌وه‌.54په‌ترۆس دوور به‌دوور دوای عیسا كه‌وت هه‌تا ماڵی سه‌رۆك كاهین، له‌گه‌ڵ ئێشك‎گره‌كان دانیشت له‌به‌رده‌م ئاگر خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌.55سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و هه‌موو ئه‌نجومه‌ن ده‌ستیان‎كرد به‌گه‌ڕان به‌دوای شایه‌تییه‌ك تا سزای كوشتن بـه‌سه‌ر عیسادا بده‌ن، به‌ڵام هیچی وایان نه‌دۆزیه‌وه‌.56كه‌سانێكی زۆر به‌درۆ شایه‌تییان دژی ئه‌ودا، به‌ڵام قسه‌كانیان به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌كتره‌وه‌ بوو.57ئینجا هه‌ندێكیان به‌درۆ شایه‌تییان له‌سه‌رداو ووتیان:58(گوێمان لێ‎بوو ده‌ی‎ووت: ئه‌م په‌رستگایه‌ی ده‌ست دروستی‎كردووه‌ من ده‌یڕوخێنم، دوایی له‌ماوه‌ی سێ‌ ڕۆژدا په‌رستگایه‌ك دروست‎ده‌كه‌م كه‌ به‌ده‌ست دروست نه‌كرابێت.)59به‌ڵام له‌مه‌ش دیسان قسه‌كانیان به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌كتره‌وه‌ بوو.60ئینجا سه‌رۆك كاهین له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌دا ڕاوه‌ستاو له‌عیسای پرسی: (هیچ ناڵێیت ده‌رباره‌ی ئه‌و شایه‌تییانه‌ی دژت ده‌درێ‌؟)61به‌ڵام عیسا به‌بێ‎ده‌نگی مایه‌وه‌و هیچ وه‌ڵامی‎ نه‌دایه‌وه‌. دیسانه‌وه‌ سه‌رۆك كاهین لێی‎پرسی، ووتی: (ئایا تۆ مه‌سیحی، ڕۆڵه‌ی خودای پیرۆز؟)62عیسا ووتی: (من ئه‌وم. له‌دواییشدا ده‌بینن چۆن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ داده‌نیشێت له‌لای ڕاستی خودای به‌ تواناوه‌، ئینجا له‌سه‌ر هه‌وره‌كانی ئاسمان دێته‌وه‌.)63سه‌رۆك كاهین جله‌كانی خۆی دادڕی‎و ووتی: (ئیتر پێویستمان به‌شایه‌تی نییه‌.64خۆ گوێتان له‌كفره‌كه‌ی بوو، بڕیاری ئێوه‌ چییه‌؟) هه‌موو بڕیاریاندا كه‌ عیسا شایانی كوشتنه‌.65هه‌ندێكیان ده‌ستیان‏كرد به‌تف‎ لێ‎كردنی‎و هه‌ندێكی‎كه‌شیان ده‌م‎و چاویان داپۆشی‎و پیایان ده‌كێشاو پێیان ده‌ووت: (هه‌ڵی‎بهێنه‌ كێیه‌؟) دوای ئه‌مه‌ پاسه‌وانه‌كانیش به‌ زلله‌ پێیان‏كێشا.

نكۆڵی په‌ترۆس له‌ عیسا

66له‌كاتێكدا په‌ترۆس له‌خواره‌وه‌ له‌حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌ دانیشتبوو، یه‌كێ‌ له‌و ئافره‌تانه‌ی له‌لای سه‌رۆك كاهین كاری ده‌كرد هاته‌ ئه‌وێ.67كاتێ‌ په‌ترۆسی بینی خۆی گه‌رم‎ ده‌كاته‌وه‌، سه‌یری كردو پێی‎ووت: (تۆش له‌گه‌ڵ عیسای ناسیری بوویت.)68به‌ڵام په‌ترۆس نكۆڵی لێ‌كردو ووتی: (نازانم، تێ‎ناگه‌م ده‌ڵێی چی.) ئینجا چووه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ لای ده‌رگاكه‌. [له‌وكاته‌دا كه‌ڵه‌شێری به‌یانی خوێندی.]69لێره‌ ئافره‌تێكیكه‌ له‌وانه‌ی له‌وێ‌ كاریان ده‌كرد بینی، ووتی به‌وانه‌ی له‌وێدا ڕاوه‌ستابوون (ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌وان.)70په‌ترۆس دیسان نكۆڵی لێ‌كرد. پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌وانه‌ی له‌وێدا ڕاوه‌ستابوون، دیسانه‌وه‌ پێیان ووت: (ڕاسته‌ تۆ یه‌كێكی له‌وان، چونكه‌ تۆش جه‌لیلیت.)71به‌ڵام په‌ترۆس ده‌ستی‎كرد به‌قسه‌ به‌خۆ ووتن‎و سوێند خواردن‎و ووتی: (ئه‌م كابرایه‌ی باسی‎ده‌كه‌ن، من نایناسم.)72له‌وكاته‌دا كه‌ڵه‌شێری به‌یانی جارێكی‎كه‌ش خوێندی، ئه‌وسا په‌ترۆس بیری‎كه‌وته‌وه‌ ئه‌وه‌ی عیسا پێی‎ووت: (پێش ئه‌وه‌ی كه‌ڵه‌شێری به‌یانی دوو جار بخوێنێ، سێ‎جار نكۆڵیم لێ‌ده‌كه‌ی.) ئینجا خۆی پێنه‌گیراو ده‌ستی‎كرد به‌گریان.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9