کردار3

چاك‏بوونه‌وه‌ی ئیفلیجێك

1ڕۆژێكیان كاژێری سێی پاش نیوه‌ڕۆ په‌ترۆس‏و یۆحه‌ننا له‌كاتی نوێژكردن چوونه‌ په‌رستگا.2له‌به‌رده‌م ده‌رگای په‌رستگادا كه‌ پێیده‌وترا ده‌رگای جوان، پیاوێكی به‌زگماك ئیفلیج دانیشتبوو، هه‌موو ڕۆژێك هه‌ڵیانده‌گرت‏و له‌وێ‌ دایان‏ده‌نا تا سواڵ بكات له‌وانه‌ی ده‌هاتنه‌ په‌رستگاكه‌وه‌.3كاتێ‌ كابرا په‌ترۆس‏و یۆحه‌ننای بینی هاتنه‌ ناو په‌رستگا، داوای خێری لـێ‌كردن،4ئه‌وانیش به‌ ووردی تێیان‎ڕوانی، ئینجا په‌ترۆس پێیووت: (سه‌یرمان بكه‌!)5ئه‌ویش چاوی تێ‌بڕین‏و چاوه‌ڕێی ده‌كرد شتێكی بده‌نێ‌.6په‌ترۆس ووتی: (نه‌ زێڕم پێیه‌و نه‌ زیو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌مه‌ ده‌تده‌مێ‌، به‌ناوی عیسای مه‌سیحی ناسیری هه‌سته‌و بڕۆ!)7په‌ترۆس ده‌ستی ڕاستی گرت‏و هه‌ڵیساند، یه‌كسه‌ر هێز كه‌وته‌ قاچ‏و ئێسقانه‌كانی.8ئیتر كابرا هه‌ڵبه‌زییه‌وه‌و ده‌ستیكرد به‌ ڕۆیشتن، له‌گه‌ڵ په‌ترۆس‏و یۆحه‌ننا چووه‌ په‌رستگا، له‌خۆشیان به‌ ڕۆیشتنه‌وه‌ قه‌ڵه‌مبازی ده‌داو ستایشی خودای ده‌كرد.9هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌وێ‌‏بوون بینییان كابرا به‌پێی خۆی ده‌ڕواو ستایشی خودا ده‌كات.10ئیتر خه‌ڵكه‌كه‌ زانییان كابرا ئه‌و سواڵكه‌ره‌ ئیفلیجه‌یه‌ كه‌وا كردبووی به‌ خوو له‌به‌رده‌م ده‌رگای په‌رستگا داده‌نیشت ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترا جوان، جاهه‌موو سه‌ریان سوڕما له‌وه‌ی به‌سه‌ر كابرا هاتووه‌.

ووتاری په‌ترۆس له‌په‌رستگا

11له‌هۆڵی په‌رستگـا كه‌ به‌ هۆڵی سلێمان ناسرا بوو كابرای ئیفلیج ده‌ستیگرتبوو به‌ په‌ترۆس‏و یۆحه‌نناوه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌خه‌ڵكه‌كه‌ به‌سه‌رسامیه‌وه‌ لێیان كۆبوونه‌وه‌‏،12كاتێ‌ په‌ترۆس ئه‌مه‌ی بینی پێیووتن: (ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل، بۆچی سه‌رتان سوڕماوه‌ له‌وه‌ی ڕوویداوه‌؟ بۆچی چاوتان تێ‌بڕیوین واده‌زانن ئێمه‌ به‌توانای خۆمان یاخود به‌له‌خواترسیمان وامان له‌و پیاوه‌ كردووه‌ بڕوا؟13خودای ئیبراهیم‏و ئیسحاق‏و یاقوب، خودای باوباپیرانمان، عیسای ڕۆڵه‌ی خۆی شكۆداركرد، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ داتان به‌ده‌سته‌وه‌ بۆ مردن‏و ڕه‌تتان‏كرده‌وه‌ له‌به‌رده‌م پیلاتۆس، له‌كاتێكدا بڕیاری دابوو ئازادی بكات.14ئێوه‌ ئه‌و پاك‎وپیرۆزه‌ بێ‌تاوانه‌تان ڕه‌تكرده‌وه‌و داوای لێبووردنتان بۆ بكوژێك كرد،15جا ئێوه‌ سه‌رۆكی ژیانتان كوشت‎. به‌ڵام خودا له‌‏نێو مردووان زیندوویكرده‌وه‌، ئێمه‌ش شایه‌تین بۆ ئه‌مه‌.16ئه‌م كابرایه‌ی ئێوه‌ ده‌یبینن‏و ده‌یناسن،‏ باوه‌ڕی به‌ناوی ئه‌و هه‌بوو، بۆیه‌ هێزو توانای بۆ گه‌ڕایه‌وه‌. به‌ ناوی عیساو ئه‌و باوه‌ڕه‌ی به‌هۆیه‌وه‌ دێت، ئه‌م ته‌ندروستیه‌ ته‌واوه‌ی به‌‏كابرا به‌خشی له‌‏به‌رچاوی هه‌مووتان.17(من ده‌زانم ئه‌ی برایان ئێوه‌و سه‌رۆكه‌كانتان به‌نه‌شاره‌زایی هه‌ڵسوكه‌وتتان‏كرد،18به‌ڵام خودا به‌مه‌ هێنایه‌دی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر زمانی هه‌موو پێغه‌مبه‌ران ووتبووی كه‌وا مه‌سیحه‌كه‌ی ده‌بێ‌ ئازار بچێژێ‌.19كه‌واته‌ تۆبه‌ بكه‌ن‏و بگه‌ڕێنه‌وه‌ تا‏گوناهه‌كانتان بسڕێته‌وه‌، ئینجا خوداوه‌ند ده‌رگای خۆشیتان لـێ‌بكاته‌وه‌،20‏ئه‌ویش به‌وه‌ی جارێكی تر عیسای مه‌سیحتان بۆ بنێرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌‏پێشا بۆی دیاریكردوون.21جا ده‌بێ‌ مه‌سیح له‌‏ئاسمان بمێنێته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی هه‌موو شتێك چاك ده‌بێته‌وه‌ هه‌روه‌ك چۆن خودا له‌‏كۆنه‌وه‌ له‌سه‌ر زاری پێغه‌مبه‌ره‌ پیرۆزه‌كانی دواوه‌.22موسا به‌‏باپیرانی ووتوه‌: [[خوداوه‌ند، خودا له‌‏نێو براكانتان پێغه‌مبه‌رێكتان بۆ ده‌نێرێ‌ وه‌ك من، هه‌رچیه‌كتان پێ‌ده‌ڵێ‌ گوێیلـێ‌بگرن.23به‌ڵام ئه‌وه‌ی گوێی لـێ‌ناگرێ‌ له‌ناو گه‌ل ڕیشه‌كێش ده‌كرێ‌.]]24ئه‌و كات‏و سه‌رده‌مه‌ هه‌موو پێغه‌مبه‌ران باسیان كردووه‌، له‌سامۆئیله‌وه‌ تا ئه‌وانه‌ی دوای ئه‌و هاتوون.25ئێوه‌ن ڕۆڵه‌ی پێغه‌مبه‌ران‏و ئه‌و په‌یمانه‌ی خودا له‌گه‌ڵ باوباپیرانمان به‌ستی، كاتێ‌ به‌ ئیبراهیمی ووت: [[به‌ نه‌وه‌ی تۆ هه‌موو گه‌لانی سه‌ر زه‌وی پیرۆز ده‌بن.]]26‏له‌پێناوی ئێوه‌ خودا ڕۆڵه‌ی خۆی هه‌ستانده‌وه‌و یه‌كه‌مجار بۆ ئێوه‌ی نارد، تا پیرۆزتان بكات به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كێكتان له‌‏خراپه‌.)

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9