ڕۆما12

‏قوربانیه‌كی زیندوو

1بۆیه‌ ئه‌ی برایان، له‌به‌ر به‌زه‌یی خودا، داواتان لێ‌ده‌كه‌م له‌شتان پێشكه‌ش بكه‌ن وه‌ك قوربانیه‌كی زیندوو، پاك‎وپیرۆز، په‌سه‌ندكراو له‌لایه‌ن خوداوه‌، ئه‌مه‌ش په‌رستنی ڕاست‏و ڕۆحی ئێوه‌یه‌.2خۆتان له‌گه‌ڵ جیهان ڕامه‌هێنن، به‌ڵكو بگۆڕێن به‌‏تازه‌كردنه‌وه‌ی بیرتان، تا بتوانن خواستی خودا تێبگه‌ن، كه‌ باش‏و په‌سه‌ندكراو و ته‌واوه‌.
3به‌و به‌ره‌كه‌ته‌ی خودا داویه‌تی به‌من به‌هه‌ر یه‌كێكتان ده‌ڵێم: كه‌ستان زیاتر نرخ بۆ خۆی دانه‌نێ‌ له‌وه‌ی بۆی دانراوه‌، به‌ڵكو ووریا بن، به‌گوێره‌ی ئه‌و به‌شه‌ باوه‌ڕه‌ی خودا بۆ هه‌ر یه‌كێكتانی داناوه‌ نرخ بۆ خۆتان دابنێن.4هه‌روه‌ك‏ له‌ له‌شمان چه‌ند ئه‌ندامێك هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌موو ئه‌م ئه‌ندامانه‌ یه‌ك كاریان نییه‌،5به‌هه‌مان شێوه‌ ئێمه‌ هه‌موومان یه‌ك له‌شین له‌‏مه‌سیح، ئیتر هه‌موومان ئه‌ندامی یه‌كترین.6به‌ڵام به‌هره‌ی جیاوازمان هه‌یه‌ به‌پێی ئه‌و به‌ره‌كه‌ته‌ی پێمان دراوه‌، ئه‌گه‌ر قسه‌كردنه‌ به‌ووشه‌ی خودا، با به‌گوێره‌ی ڕێژه‌ی باوه‌ڕ بێ‌،7هه‌روه‌ها كێ‌ خزمه‌تكردنی هه‌یه‌ با خزمه‌ت بكات، یا كێ‌ فێركردنی هه‌یه‌، با فێر بكات،8یان كێ‌ هاندانی هه‌یه‌، با هانبدات، یان به‌خشینی هه‌یه‌، با به‌‏دڵفراوانی ببه‌خشێ‌‏، یا‏ن ڕابه‌رایه‌تیكردنی هه‌یه‌ با به‌دڵگه‌رمی بێ، یا به‌زه‌یی هه‌یه‌ با‏به‌دڵخۆشی بیكات.9با خۆشه‌ویستیتان ‏به‌ دووڕوویی نه‌بێ. ڕقتان له‌‏خراپه‌ بێ‌و لایه‌نی چاكه‌ بگرن.10یه‌كتریتان خۆشبوێ‌ به‌‏خۆشه‌ویستیه‌كی خوشك‏و برایانه‌، به‌په‌رۆش‏بن بۆ ڕێزگرتن له‌یه‌كتری.11سست مه‌بن له‌چالاكی، دڵگه‌رم بن له‌ڕۆح، خزمه‌تی خوداوه‌ند بكه‌ن.12دڵشادبن له‌هیوا، دانبگرن به‌‏خۆتان له‌‏ته‌نگانه‌، به‌رده‌وام بن له‌‏نوێژ‏كردن،13به‌شداری بكه‌ن له‌‏پێویستی برا پیرۆزه‌كان، میوانداری خوشك‏و برا نامۆكان بكه‌ن.
‏
14داوای پیرۆزی بكه‌ن بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌تانچه‌وسێننه‌وه‌. داوای پیرۆزی بكه‌ن‎و نه‌فره‌ت مه‌كه‌ن.15دڵشادبن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی دڵیان خۆشه‌، بگرین له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌گرین.16له‌گه‌ڵ یه‌كتری ڕێك بكه‌ون، شانازی مه‌كه‌ن، به‌ڵكو تێكه‌ڵاوی پایه‌نزمه‌كان بن. لووت‏به‌رز مه‌بن.17پاداشتی خراپه‌ی یه‌كێك مه‌ده‌نه‌وه‌ به‌‏خراپه‌، هه‌وڵ‏بده‌ن چی چاكه‌ ئه‌وه‌ بكه‌ن له‌به‌رده‌می هه‌موو خه‌ڵك.18گه‌ر ببێ‌ به‌پێی تواناتان له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵك به‌ ئاشتی بژین.19خۆتان تۆڵه‌مه‌ستێنن ئه‌ی خۆشه‌ویستان، به‌ڵكو ڕێ‌بده‌ن به‌تووڕه‌یی خودا، چونكه‌ نووسراوه‌: [[خوداوه‌ند ده‌ڵێ‌، تۆڵه‌سه‌ندن هی منه‌، منم پاداشت ده‌ده‌مه‌وه‌.]]20به‌ڵام: [[گه‌ر دوژمنه‌كه‌ت برسی‏بوو نانی بده‌رێ‌، گه‌ر تینووی بوو ئاوی بده‌رێ‌. جا تۆ به‌م كاره‌ پشكۆی داگیرساو له‌سه‌ری كۆده‌كه‌یته‌وه‌.]]21ئیتر مه‌هێڵه‌ خراپه‌ به‌سه‌رتدا زاڵبێت، به‌ڵكو به‌چاكه‌ سه‌ركه‌وه‌ به‌سه‌ر خراپه‌.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9