ڕۆما7

ئازادبوون له‌‏شه‌ریعه‌ت

1ئه‌ی برایان، ئایا ئێوه‌ نازانن - چونكه‌ من بۆ ئه‌وانه‌ی له‌‏شه‌ریعه‌ت ده‌زانن ده‌دوێم -‏شه‌ریعه‌ت ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر مرۆڤ هه‌یه‌ تا زیندووه‌؟2ژنێك كه‌ شووی كردبێ‌ به‌هۆی شه‌ریعه‌ت ‏به‌مێرده‌كه‌یه‌وه‌ ده‌به‌سترێته‌وه‌ هه‌تا مێرده‌كه‌ی زیندووه‌، به‌ڵام كاتێ‌ مرد، ئه‌وسا ئازاد ده‌بێ‌ له‌شه‌ریعه‌تی شووكردن.3جا له‌به‌رئه‌مه‌ تا مێرد زیندووه‌ گه‌ر ژن پیاوێكی دیكه‌ی هه‌بێ‌، به‌داوێن‏پیس ناوده‌برێ‌، به‌ڵام گه‌ر مێرد بمرێ‌، ئه‌وسا ژن سه‌ربه‌ست ده‌بێ‌ له‌‏شه‌ریعه‌تی ژن‏و مێردایه‌تی، ته‌نانه‌ت گه‌ر ببێ‌ به‌هی پیاوێكی كه‌ش به‌داوێن‏پیس دانانرێ‌.4ئه‌ی برایان، ئاوا ئێوه‌ش به‌هۆی له‌شی مه‌سیح بوون به‌مردوو له‌لایه‌ن شه‌ریعه‌ته‌وه‌، تا ببن به‌هی یه‌كێكی كه‌، به‌هی مه‌سیح خۆی‏، ئه‌وه‌ی له‌ناو مردووان هه‌ستایه‌وه‌، تا به‌رووبوومتان هه‌بێ‌ بۆ خودا.5كاتێ‌ به‌پێی ‏له‌ش ده‌ژیاین، ئه‌وسا ئاره‌زووه‌ خراپه‌كانمان كه‌ شه‌ریعه‌ت ده‌ریخستووه‌ كاری له‌‏ئه‌ندامه‌كانی له‌شمان ده‌كرد، تا بۆ مردن به‌رووبووم بده‌ین.6به‌ڵام ئێستا ئازاد بوو‏ین له‌‏شه‌ریعه‌ت، به‌مردن سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ئێمه‌ی به‌ست‏بووه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێگای نوێی ڕۆح خزمه‌ت بكه‌ین، نه‌ك به‌ڕێگای كۆنی شه‌ریعه‌تی نووسراو.

شه‌ریعه‌ت پیرۆزه‌

7كه‌واته‌ چی بڵێین؟ ئایا شه‌ریعه‌ت گوناهه‌؟ نه‌خێر! من گوناهم نه‌ده‌زانی به‌هۆی شه‌ریعه‌ته‌وه‌ نه‌بێ‌. هه‌روه‌ها من ئاره‌زووی [خراپ]م نه‌ده‌زانی گه‌ر شه‌ریعه‌ت نه‌یووتایه‌: [[ئاره‌زوو مه‌كه‌!]]8به‌ڵام گوناه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌ی وه‌ك هه‌ل به‌كارهێنا ئیتر هه‌موو ئاره‌زوویه‌كی له‌مندا ووروژاند، چونكه‌ گوناه‌ به‌بێ‌ شه‌ریعه‌ت مردووه‌.9من له‌پێشا به‌بێ‌ شه‌ریعه‌ت ده‌ژیام، به‌ڵام كاتێ‌ ڕاسپارده‌ هات، گوناه‌ ژیاو منیش مردم.10ئه‌و ڕاسپارده‌یه‌ی مه‌به‌ست بوو لێی ژیان بهێنێ‌، هه‌رخۆی مردنی هێنا،11چونكه‌ گوناه‌ ڕاسپارده‌كه‌ی وه‌ك هه‌لێك به‌كارهێناو منی پێ‌خه‌ڵه‌تاندو كوشتمی.12كه‌واته‌ شه‌ریعه‌ت پیرۆزه‌*، هه‌روه‌ها ڕاسپارده‌ش پیرۆزو دادپه‌روه‌رو باشه‌.13ئایا ئه‌وه‌ی باشه‌، بۆته‌ هۆی مردنم؟ نه‌خێر! به‌ڵام گوناه‌، تا ده‌ركه‌وێ‌ گوناهه‌، له‌‏شتی باش مردنی بۆ هێنام، تا به‌هۆی ڕاسپارده‌وه‌ گوناه‌ ببێ‌ به‌‏هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌.

ئه‌ی منی مرۆڤی به‌دبه‌خت!

14ئێمه‌ ده‌زانین شه‌ریعه‌ت شتێكی ڕۆحییه‌، به‌ڵام من دونیاییم‏و وه‌ك كۆیله‌ فرۆشراوم به‌ گوناه‌.15ئه‌وه‌ی ده‌یكه‌م تێی ناگه‌م، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێ‌ نایكه‌م، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی ڕقم لێیه‌تی ئه‌وه‌ ده‌كه‌م.16جا ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌م كه‌ نامه‌وێ‌، ئه‌وسا دان‏ده‌نێم به‌باشی شه‌ریعه‌ت.17كه‌واته‌ ئێستا، ئیتر ئه‌وه‌ من نیم واده‌كه‌م، به‌ڵكو ئه‌و گوناهه‌ی له‌من نیشته‌جێیه‌.18چونكه‌ ده‌زانم له‌مندا، واته‌ له‌‏له‌شم چاكه‌ ناژی. من ده‌مه‌وێ‌ ئه‌و چاكه‌یه‌ بكه‌م، به‌ڵام ناتوانم بیكه‌م.19من ئه‌و چاكه‌ی ده‌مه‌وێ‌ نایكه‌م، به‌ڵام ئه‌و خراپه‌ی نامه‌وێ‌ ئه‌وه‌یه‌ ده‌یكه‌م.20گه‌ر هاتوو شتێكم كرد كه‌ نامه‌وێ‌، ئیتر ئه‌وه‌ من نیم ئه‌و شته‌ ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌و گوناهه‌یه‌ كه‌ له‌من نیشته‌جێیه‌.
21من وای ده‌بینم وه‌ك یاسای لێهاتووه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ من ده‌مه‌وێ‌ كاری چاكه‌ بكه‌م به‌ڵام خراپه‌ له‌‏توانامدایه‌.22چونكه‌ من به‌قووڵایی ناوه‌ڕۆكم دڵشادم به‌‏شه‌ریعه‌تی خودا،23به‌ڵام من هه‌ست به‌یاسایه‌كی تر ده‌كه‌م له‌ئه‌ندامانی له‌شم دایه‌ به‌ربه‌ره‌كانی ئه‌و یاسایه‌ ده‌كا كه‌ له‌مێشك دایه‌، وام لێ‌ده‌كات ببم به‌دیلی ئه‌و یاسایه‌ی گوناه‌ كه‌ له‌ ئه‌ندامانی له‌شم نیشته‌جێیه‌.24ئه‌ی منی مرۆڤی به‌دبه‌خت! كێ‌ له‌م له‌شه‌ی مردن ڕزگارم ده‌كات؟25سوپاس بۆ خودا به‌هۆی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان!
بۆیه‌ ئیتر من به‌خۆم به‌مێشك خزمه‌تی شه‌ریعه‌تی خودا ده‌كه‌م، به‌ڵام به‌له‌ش یاسای گوناه‌.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9