ڕۆما5

ڕزگاربوون له‌تووڕه‌یی خودا

1كه‌واته‌ خودا له‌سه‌ر بناغه‌ی باوه‌ڕ بێ‌تاوانی كردین، به‌هۆی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند له‌گه‌ڵ خودا ئاشتبووینه‌وه‌.2جا به‌هۆی عیساوه‌ بوو ده‌رگای باوه‌ڕمان بۆ كرایه‌وه‌و به‌ر ئه‌و به‌ره‌كه‌ته‌ كه‌وتین كه‌ ئێستا تیایداین، ئێمه‌ شانازی ده‌كه‌ین به‌و هیوایه‌ی هه‌مانه‌ له‌شكۆمه‌ندی خودا.3به‌ته‌نها ئه‌مه‌ نا، به‌ڵكو له‌كاتی ته‌نگانه‌شدا شانازی ده‌كه‌ین، چونكه‌ ئێمه‌ ده‌زانین ته‌نگانه‌ دان به‌خۆگرتنمان تیا دروست ده‌كات،4دان به‌خۆگرتنیش ئه‌زمون، ئه‌زمونیش هیوامان تیا دروست ده‌كات،5هیواش نابێته‌ هۆی شه‌رمه‌زاری، چونكه‌ خودا دڵمانی پڕكردووه‌ له‌خۆشه‌ویستی خۆی به‌و ڕۆحه‌ پیرۆزه‌ی به‌‏ئێمه‌ی به‌خشیوه‌.
‏
6‏كاتێ‌ هێشتا لاواز بووین، له‌كاتی پێویست، مه‌سیح له‌پێناوی خوانه‌ناسان مرد.7به‌ده‌گمه‌ن یه‌كێك له‌پێناوی مرۆڤێكی ڕاست‏ودروست ده‌مرێ‌، له‌وانه‌یه‌ له‌پێناوی مرۆڤێكی باش یه‌كێك بوێرێ‌ بمرێ‌.8به‌ڵام خودا خۆشه‌ویستی خۆی بۆ ده‌رخستین، به‌وه‌ی مه‌سیح له‌پێناوی ئێمه‌دا مرد، كاتێ‌ هێشتا گوناهبار بووین.
‏
9جا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێستا به‌خوێنی ئه‌و بێ‌تاوان بووین، له‌وه‌ش زیاتر به‌هۆی ئه‌و ڕزگار ده‌بین له‌تووڕه‌یی خودا!10ئه‌گه‌ر خودا ئاشتی‏كردینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆی به‌‏مردنی ڕۆڵه‌كه‌ی كاتێ‌ ئێمه‌ دوژمنی بووین، چه‌ند زیاتر ئێمه‌ كه‌ ئاشت‏بووینه‌وه‌ ڕزگارمان ده‌بێ‌ به‌ژیانی ئه‌و‏!11نه‌ك ته‌نها به‌م شێوه‌یه‌ به‌ڵكو شادومانین به‌خودا، چونكه‌ ئێستا به‌هۆی خوداوه‌ندمان عیسای مه‌سیح له‌گه‌ڵ خودا ئاشتبووینه‌وه‌.

ئاده‌م‏و مه‌سیح

12له‌به‌رئه‌مه‌، چۆن به‌هۆی یه‌كێك گوناه‌ هاته‌ جیهان، به‌هۆی گوناهیش مــردن‏، به‌هـه‌مان شێوه‌یه‌ مردنیش بۆ هه‌مــوو مــرۆڤێك هـات، چونكه‌ هه‌موویان گوناهیان كرد.13چــونكه‌ گوناه‌ له‌‏جیهان بڵاوببۆوه‌ پێش هاتنی شه‌ریعه‌ت، به‌ڵام حساب بۆ گوناه‌ نه‌ده‌كرا، چونكه‌ شه‌ریعه‌ت نه‌بوو.14به‌ڵام مردن له‌‏ئاده‌مه‌وه‌ تا موسا حوكمڕانی ده‌كرد، ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌‏شێوه‌ی ئاده‌م گوناهیان نه‌كردبوو، ئه‌و ئاده‌مه‌ی نموونه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ بوو كه‌ دوای دێت.15به‌ڵام دیاری خودا وه‌ك گوناهی ئاده‌م نییه‌، چونكه‌ مردن زۆر مرۆڤی گرته‌وه‌ به‌هۆی گوناهی یه‌كێك، ‏جا چه‌ند زیاتر به‌هۆی مرۆڤێك كه‌ عیسای مه‌سیحه‌ زۆر له‌‏خه‌ڵكی به‌ره‌كه‌تی خوداو دیاری به‌ره‌كه‌ت به‌ده‌ست‏ده‌هێنن.16لێره‌ جیاوازی هه‌یه‌ له‌‏نێوان ئه‌نجامی دیاری خوداو گوناهی مرۆڤێك! چونكه‌ گوناهی یه‌كێك مرۆڤی به‌ره‌و له‌ناوبردن برد، به‌ڵام دیاری خودا پاش چه‌نده‌ها گوناه‌ مرۆڤی به‌ره‌و بێ‌تاوانی برد.17گه‌ر مردن به‌هۆی گوناهی یه‌كێك حوكمڕانی ده‌كرد، ئیتر چه‌ند زیاتر ئه‌وانه‌ی پڕی به‌ره‌كه‌ت‏و دیاری ڕاست‏ودروستیان وه‌رگرتووه‌و حوكمڕانی ده‌كه‌ن له‌م ژیانه‌ به‌هۆی یه‌كێك كـه‌ عیسای مه‌سیحه‌.
18كه‌واته‌، چۆن یه‌ك گوناه‌ هه‌موو مرۆڤێكی تاوانباركرد، به‌هه‌مان شێوه‌ یه‌ك كاری ڕاست‏ودروست هه‌موو كه‌سێكی بێ‌تاوان‏كرد بۆ ژیان.19چونكه‌ چۆن به‌ یاخی‏بوونی یه‌كێك زۆر كه‌س گوناهبار بوو، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌گوێڕایه‌ڵی یه‌كێك زۆر كه‌س بێ‌تاوان ده‌بێ‌.
20ئیتر شه‌ریعه‌ت هاته‌كایه‌وه‌ تا زۆری گوناه‌ ده‌ربخات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زۆربوونی گوناه‌ به‌ره‌كه‌ت زۆر زیاتر‏بوو.21جا چۆن گوناه‌ به‌هۆی مردن حوكمڕانی كرد، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌هۆی بێ‌تاوان‏بوون به‌ره‌كه‌ت حوكمڕانی ده‌كات بۆ ژیانی هه‌تاهه‌تایی به‌هۆی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9