ڕۆما3

سه‌رڕاستی خودا

1كه‌واته‌، چاكه‌ی جووله‌كه‌كان چییه‌؟ هه‌روه‌ها سوودی خه‌ته‌نه‌كردن چییه‌؟2زۆره‌ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌. یه‌كه‌میان ئه‌وه‌بوو خودا متمانه‌ی به‌‏جووله‌كه‌ هه‌بوو ووشه‌كانی خۆی خسته‌ به‌رده‌ستیان.3چی ڕووده‌دا گه‌ر هاتوو هه‌ندێكیان بێ‎باوه‌ڕ بوون؟ ئایا بێ‎باوه‌ڕییان ڕێگا له‌سه‌رڕاستی خودا ده‌گرێ‌؟4نه‌خێر! خودا هه‌میشه‌ ڕاستگۆیه‌و مرۆڤ هه‌مووی درۆزنه‌. هه‌روه‌ك چۆن له‌‏كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌: [[ئه‌ی خودا، ڕاستی ووشه‌كانت دیاره‌ كاتێ‌ ده‌دوێی، هه‌روه‌ها سه‌ركه‌وتووی كاتێ‌ حوكم‏ده‌ده‌ی.]]
5به‌ڵام گه‌ر هاتوو خراپه‌كانمان ڕاست‏ودروستی خودای ده‌رخست، ئه‌وسا چی ده‌ڵێین؟ ئایا خودا زۆرداره‌ گه‌ر تووڕه‌یی خۆی به‌سه‌رماندا بهێنێ‌؟ (لێره‌ وه‌ك ‏مرۆڤێك قــسه‌ ده‌كه‌م.)6نه‌خێر! ئه‌گینا چۆن خودا جیهان حوكم ده‌دات؟7له‌وانه‌یه‌ یه‌كێك بیه‌وێ‌ بڵێ‌: (گه‌ر بێتو به‌هۆی درۆی منه‌وه‌، ڕاستی خودا زیاتر ده‌ركه‌وێ‌، بۆ شكۆمــه‌ندی ئه‌و، ئیتر بۆچی خودا تاوانبارم بكات وه‌ك گوناهبارێك؟)8یان یه‌كێكی دیكه‌ ده‌ڵێ‌: (بۆچی خراپه‌ نه‌كه‌ین تاكو چاكه‌ی له‌دواوه‌ بێ‌؟) هه‌روه‌ك هه‌ندێ‌ كــه‌س ئه‌م بوختانه‌مان به‌ده‌مه‌وه‌ هه‌ڵده‌به‌ستن‏و ده‌ڵێن ئێمه‌ وامان ووتوه‌. ‏جا سزای ئه‌وانه‌ دادپه‌روه‌رانه‌یه‌.

هیچ مرۆڤێك بێ‌گوناه‌ نییه‌

9كه‌واته‌، ئیتر چی؟ ئایا ئێمه‌ی جووله‌كه‌ باشترین؟ نه‌خێر، چونكه‌ جووله‌كه‌و یۆنانی، وه‌ك له‌پێشا باسكراوه‌، هه‌موویان ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتی گوناهن،10وه‌ك له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌:
[[هیچ مرۆڤێك ڕاست‏ودروست نییه‌،
‏ته‌نانه‌ت یه‌كێكیش!
‏
11هه‌روه‌ها یه‌كێك نییه‌ تێبگات‏و
‏یه‌كێك نییه‌ به‌دوای خودا بگه‌ڕێ‌.
12هه‌موو خۆیان له‌خودا دوورخسته‌وه‌،
‏جا له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌موو بێ‌‏سوود بوون‏،
كه‌س كاری چاك ناكات،
‏نه‌خێر ته‌نانه‌ت یه‌كێكیش نا.]]
‏
13[[قوڕگیان گۆڕێكی كراوه‌یه‌،
‏له‌‏زمانیان فێڵ‏و ته‌ڵه‌كه‌بازی ده‌ڕژێ‌]]،
[[‏لێویان پڕه‌ له‌‏ژه‌هری ماری كوشنده‌]]،
‏
14[[ده‌میان پڕه‌ له‌‏نه‌فره‌ت‏و تاڵاو]]،
‏
15[[قاچیان خێرایه‌ بۆ خوێن ڕشتن،
‏
16ڕێبازیان هه‌موو خراپه‌و وێران‏كردنه‌،
‏
17هه‌روه‌ها ڕێگه‌ی ئاشتی نازانن]]،
18[[‏ترسی خودا‏یان له‌به‌ر چاو نییه‌.]]
19ئێستا ده‌زانین هه‌رچی شه‌ریعه‌ت ده‌یڵێ‌ به‌وانه‌ی ده‌ڵێ‌ كه‌ له‌ژێر سایه‌ی شه‌ریعه‌تدان، تا هه‌موو ده‌مێك دابخرێ‌و هه‌موو جیهان بكه‌وێته‌ ژێر لێپرسینه‌وه‌ی خودا.20بۆیه‌ كاركردن به‌شه‌ریعه‌ت هیچ كه‌سێك لای خودا بێ‌تاوان ناكات‏، به‌ڵكو به‌هۆی شه‌ریعه‌ت گوناه‌ ده‌ناسرێ‌.

بێ‌تاوان‏بوون به‌باوه‌ڕ

21به‌ڵام ئێستا دادپه‌روه‌ری خودا به‌جیا له‌شه‌ریعه‌ت ده‌ركه‌وت، شه‌ریعه‌ت‏و پێغه‌مبه‌رانیش شایه‌تی بۆ ده‌ده‌ن.22ئه‌و هه‌موو كه‌سێك بێ‌تاوان ده‌كات له‌سه‌ر بناغه‌ی باوه‌ڕهێنان به‌‏عیسای مه‌سیح به‌بێ‌جیاوازی،23چونكه‌ هه‌موویان گوناهیان كردو له‌شكۆمه‌ندی خودا كه‌وتن.24به‌ڵام خودا به‌خۆڕایی بێ‌تاوانیكردن* به‌ به‌ره‌كه‌تی خۆی به‌هۆی كڕینه‌وه‌یان به‌خوێنی عیسای مه‌سیح،25ئه‌وه‌ی خودا كردی به‌كه‌فاره‌ت* له‌جیاتی گوناهه‌كانیان به‌ باوه‌ڕهێنان به‌خوێنی ئه‌و. ئه‌مه‌ی كرد تا دادپه‌روه‌ری خۆی ده‌ربخات، چونكه‌ خودا دانی‏گرت به‌خۆیو چاوی پۆشی له‌گوناهه‌كانی ڕابوردوویان،26بۆ ده‌رخستنی دادپه‌روه‌ریه‌كه‌ی له‌كاتی ئێستا‏، تا ڕاست‏ودروست بێ‌و ئه‌وانه‌ بێ‌تاوان بكات كه‌ باوه‌ڕیان به‌‏عیسا هه‌یه‌.
27كه‌واته‌ كوانێ‌ شانازی؟ نه‌ماوه‌. به‌چ شه‌ریعه‌تێك‏؟ ئایا به‌شه‌ریعه‌تی كردار؟ نه‌خێر، به‌ڵكو به‌شه‌ریعه‌تی باوه‌ڕ.28چونكه‌ ئێمه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت مرۆڤ به‌ باوه‌ڕ بێ‌تاوان ده‌بێ‌، نه‌ك كاركردن ‏به‌شه‌ریعه‌ت.29ئایا خودا ته‌نها خودای جووله‌كه‌یه‌؟ ئایا خودای هه‌موو میلله‌تان نییه‌؟ به‌ڵێ‌، خودای هه‌موو میلله‌تانه‌.30جا چونكه‌ خودا یه‌كه‌، ئه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌كراوان له‌سه‌ر بنچینه‌ی باوه‌ڕ بێ‌تاوان ده‌كات، خه‌ته‌نه‌نه‌كراوانیش به‌هه‌مان باوه‌ڕ بێ‌تاوان ده‌كات.31جا ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێ‌ ئێمه‌ به‌هۆی باوه‌ڕه‌وه‌ شه‌ریعه‌ت پووچه‌ڵ ده‌كه‌ینه‌وه‌؟ نه‌خێر، به‌ڵكو ئێمه‌ به‌‏باوه‌ڕ شه‌ریعه‌ت جێگیر ده‌كه‌ین.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9