ڕۆما1

مزگێنی خودا

1له‌پۆڵس به‌نده‌ی عیسای مه‌سیح، نێرراوی بانگكراو و ته‌رخان‏كراو بۆ ئاشكراكردنی مزگێنی خودا،2ئه‌و مزگێنییه‌ی ده‌مێكه‌ خودا به‌ڵێنی داوه‌ به‌هۆی پێغه‌مبه‌ره‌كانی له‌كتێبی پیرۆز،3ئه‌مه‌ش تایبه‌ته‌ به‌‏ڕۆڵه‌كه‌ی كه‌ له‌‏باره‌ی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ له‌‏نه‌وه‌ی داود په‌یدا‏بوو،4هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ ده‌ست‎نیشان‏كراوه‌ كه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ی خودایه‌ به‌هۆی هێزو توانای هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردووان، عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان،5ئه‌وه‌ی به‌هۆیه‌وه‌ به‌ره‌كه‌تمان وه‌رگرت تاكو ببین به‌نێرراو له‌پێناوی ناوی، تاهه‌موو گه‌لان بانگ بكه‌ین بۆ گوێڕایه‌ڵی باوه‌ڕ،6له‌ناو ئه‌وان ئێوه‌ش له‌لایه‌ن عیسای مه‌سیحه‌وه‌ بانگ‏كراون.
‏
7بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ڕۆمان، خۆشه‌ویستانی خوداو بانگكراو تا پاك‎وپیرۆز بن. ‏با به‌ره‌كه‌ت‏و ئاشتی خودای باوك‏و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندتان له‌گه‌ڵ بێت.

‏ئاره‌زووی ‏دیده‌نی ‏ڕۆما

8له‌پێش هه‌موو شتێك له‌پێناوی هه‌مووتان سوپاسی خودام ده‌كه‌م به‌هۆی عیسای مه‌سیح، چونكه‌ باوه‌ڕتان له‌‏هه‌موو جیهان بڵاوبووه‌ته‌وه‌.9ئه‌و خودایه‌ی به‌‏ڕۆحم خزمه‌تی ده‌كه‌م له‌‏مزگێنی ڕۆڵه‌كه‌ی‏، ئه‌و شایه‌تی منه‌ چۆن من هه‌موو كاتێ‌ له‌‏نوێژ باستان ده‌كه‌م.10له‌‏خودا ده‌پاڕێمه‌وه‌، ئێستا به‌خواستی خۆی ڕێكی بخا، بێم بۆ لاتان.11من تامه‌زرۆی بینینتانم تا به‌ره‌كه‌تی ڕۆحیتان پێ‌ ببه‌خشم بۆ جێگیربوونتان،12تا یه‌كتری هان‏بده‌ین‏و دڵنه‌وایی یه‌كتر بكه‌ین به‌و باوه‌ڕه‌ی هه‌مانه‌.
‏
13ئینجا ئه‌ی برایان، نامه‌وێ‌ لێتان شاراوه‌ بێ‌، زۆر جار هه‌وڵم داوه‌ بێم بۆ لاتان تا له‌نێوان ئێوه‌شدا به‌رووبوومم هه‌بێ‌ وه‌ك چۆن له‌نێوان میلله‌تانی دیكه‌دا هه‌مه‌، به‌ڵام تا ئێستا ڕێك نه‌كه‌وتووه‌.14من قه‌رزاری ئه‌وانه‌م كه‌ یۆنانی‏و به‌ربه‌رن، داناو گێلن.15جا له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ هه‌موو توانایه‌كم‏و به‌و په‌ڕی ئاره‌زووه‌وه‌ ده‌مه‌وێ‌ مزگێنی به‌‏ئێوه‌ش بده‌م، ئێوه‌ی دانیشتووی شاری ڕۆما.

مزگێنی توانای خودایه‌

16من شه‌رمم به‌مزگێنی نییه‌، چونكه‌ ئه‌و مزگێنییه‌ توانای خودایه‌ بۆ ڕزگاربوونی هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان هه‌یه‌‏، یه‌كه‌مجار بۆ جووله‌كه‌ ئینجا بۆ یۆنانی هاتووه‌.17چونكه‌ تیایدا دادپه‌روه‌ری خودا ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌مه‌ش له‌باوه‌ڕه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ‌و به‌ره‌و باوه‌ڕ ده‌چێ‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌: [[ئه‌وه‌ی به‌‏باوه‌ڕ بێ‌تاوان ده‌بێ‌، ده‌ژی.]]

تووڕه‌یی خودا بۆ هه‌مووانه‌

18چونكه‌ تووڕه‌یی خودای له‌‏ئاسمانه‌وه‌ ده‌رخست به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌یكات له‌‏خودانه‌ناسی‏و گوناه‌، ئیتر به‌مه‌ ڕووی ڕاستی به‌گوناه‌ ده‌گرن،19چونكه‌ زانینی خودا تیایاندا دیاره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی خودا بۆی ده‌رخستوون.20به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌‏كاروباری خوداییدا نابینرێ‌، توانای هه‌میشه‌ییو خودایه‌تی، ئه‌مه‌ش له‌‏دروستكردنی جیهانه‌وه‌ به‌ڕوونی بینراوه‌، مێشك تێیده‌گات به‌هۆی ئه‌و شتانه‌ی دروست‏بوون، تا‏وای لێهات خه‌ڵك بێ‌بیانو مانه‌وه‌.
‏
21له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خودایان ناسی بوو، ستایشیان نه‌ده‌كرد وه‌ك خودا، هه‌روه‌ها سوپاسیان نه‌ده‌كرد، به‌ڵكو بێ‌مێشكانه‌ بیریان ده‌كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش دڵه‌ پووچه‌كانیانی پڕكردبوو له‌تاریكی.22خۆیان به‌دانا ده‌رده‌خست، بوون به‌‏گێل‏،23شكۆمه‌ندی خودای نه‌مریان گۆڕیه‌وه‌ به‌ په‌یكه‌ری وێنه‌ی مرۆڤی له‌ناوچوو و به‌باڵنده‌و چوارپێ‌و خشۆك.
24ئیتر له‌به‌رئه‌وه‌ خودا به‌هۆی هه‌وه‌سی دڵیان ئه‌وانی دایه‌ده‌ست گڵاوییه‌وه‌، تا سووكایه‌تی به‌له‌شی خۆیان بكه‌ن له‌نێوان خۆیان.25به‌وه‌ی ڕاستی خودایان به‌درۆ گۆڕیه‌وه‌و دروستكراویان په‌رست‎و خزمه‌تیان‏كرد له‌‏جیاتی دروستكه‌ر، ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ پیرۆزه‌. ئامین.
26له‌به‌رئه‌وه‌ خودا ئه‌وانی دایه‌ده‌ست هه‌وه‌سێكی سووك. تا ژنه‌كانیان وایان لێهات به‌كارهێنانی له‌شیان له‌‏شێوه‌ی سروشتی بۆ شێوه‌ی ناسروشتی گۆڕی،27هه‌روه‌ها پیاوه‌كان جووت‏بوونیان به‌ شێوه‌ی سروشتی له‌گه‌ڵ ژنه‌كانیان پشتگوێ‌خست، به‌مه‌ له‌زه‌ت‏و ئاره‌زووی یه‌كتریان خۆش ده‌كرد. پیاو له‌گه‌ڵ پیاو به‌دڕه‌وشتی ده‌كرد، ئه‌وسا ئه‌وان شایانی ئه‌وه‌ بوون سزایه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ وه‌رگرن به‌رامبه‌ر به‌گوناهیان.
‏
28له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ ناسینی خودا هیچ بایه‌خێكیان نه‌دا، ئیتر خودا ئه‌وانی دایه‌ ده‌ست مێشكێكی گه‌نده‌ڵ تاكو خراپه‌كاری بكه‌ن.29پڕبوون له‌‏هه‌موو گوناه‌و خراپه‌یه‌ك له‌‏داوێن‏پیسی‏و چاوچنۆكی، دڵیان چاوپیسیو كوشتن‏و دوژمنایه‌تی‏و فێڵبازی‏و خراپه‌ی لێده‌ڕژا.30ئه‌وانه‌ چه‌نه‌بازو قسه‌گێڕه‌وه‌ن، ڕقیان له‌خودا بوو، جنێوفرۆش‏و لووت‏به‌رز، شانازیكه‌رو داهێنه‌ری خراپه‌و گوێڕایه‌ڵ نه‌بوونی دایك‏و باوك بوون،31بێ‌مێشكن، بێ‌متمانه‌ن، بێ‌هه‌ست‏و سۆزو بێ‌به‌زه‌یی.32له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كه‌ ده‌زانن حوكمی دادپه‌روه‌رانه‌ی خودا مردنه‌ به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ ده‌كه‌ن، هێشتا خۆیان له‌كردنی ئه‌و كارانه‌ دوورناخه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو ڕازین به‌وانه‌ی ده‌یكه‌ن.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9