ئاشکراکردن4

بینینی ته‌ختی پادشایانه‌ی خودا

1پاشان ته‌ماشام كرد ده‌رگایه‌كی كراوه‌م بینی له‌ئاسماندا، ئه‌و ده‌نگه‌ش كه‌ یه‌كه‌مجار وه‌ك كه‌ڕه‌نا هاته‌ به‌رگوێم، پێی ووتم: (سه‌ركه‌وه‌ بۆ ئێره‌ تا ئه‌وه‌ت پیشانبده‌م كه‌ دوای ئه‌مه‌ ڕوو ده‌دات.)2یه‌كسه‌ر كه‌وتمه‌ ڕۆحه‌وه‌و ته‌ختێكم بینی له‌ئاسمان دانرابوو، له‌سه‌ر ته‌خته‌كه‌ یه‌كێك دانیشتبوو.3دانیشتووه‌كه‌ له‌ڕوخساردا له‌به‌ردی یه‌شب‏و یاقوت ده‌چوو، په‌لكه‌ زێڕینه‌یه‌كیش له‌شێوه‌ی زمرود به‌ده‌وری ته‌خته‌كه‌دا بوو.4له‌ده‌وری ته‌خته‌كه‌ش بیست‎و چوار ته‌ختی لێ‏بوو. بیست‎و چوار پیریش كه‌ تا هه‌ردوو پییان جلی سپییان له‌به‌ردابوو له‌سه‌ر ته‌خته‌كان دانیشتبوون‎و تاجی زێڕینیان له‌سه‌ر نابوو.5له‌ته‌خته‌كه‌وه‌ بروسك‏و هه‌وره‌ تریشقه‌و ده‌نگه‌ده‌نگ ده‌هاتن، له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ش حه‌وت چرای ئاگرینی به‌تین دانرابوو، كه‌ حه‌وت ڕۆحه‌كه‌ی خودان.6هه‌روه‌ها له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ ده‌ریایه‌كی شووشه‌یی هه‌بوو، وه‌ك كریستال بوو. له‌ده‌وروبه‌ری ته‌خته‌كه‌ش چوار زینده‌وه‌ر هه‌بوو، له‌پێش‏و له‌پاش به‌چاو داپۆشرابوون.7زینده‌وه‌ری یه‌كه‌م وه‌كو شێر وابوو، دووه‌م وه‌كو گا، سێیه‌م ده‌موچاوێكی وه‌ك مرۆڤی هه‌بوو، چواره‌م وه‌ك داڵێكی فڕیو وابوو.8چوار زینده‌وه‌ره‌كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان شه‌ش باڵی هه‌بوو ده‌وروبه‌رو ناوه‌وه‌یان داپۆشرابوو به‌چاو، شه‌و و ڕۆژ بێ‌وه‌ستان ده‌ڵێن: (پیرۆزه‌، پیرۆزه‌، پاك‏وپیرۆزه‌ خوداوه‌ند خودای توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێك، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌و هه‌بووه‌و دێت!)9له‌كاتێكدا زینده‌وه‌ره‌كان سوپاسی دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ ده‌كه‌ن‎و شكۆمه‌ندیو ڕێزی بۆ ڕاده‌گه‌ێنن، ئه‌وه‌ی تاهه‌تایه‌ زیندووه‌،10ئینجا ئه‌و بیست‎و چوار پیره‌ی له‌به‌رده‌م دانیشتووی سه‌ر ته‌خته‌كه‌ دان ده‌كه‌ونه‌ سه‌رچۆك‎و كڕنۆش بۆ زیندووی هه‌تاهه‌تایی ده‌به‌ن‏و تـاجـه‌كـانیــان له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌ فڕێ‌ ده‌ده‌ن‏و ده‌ڵێن:11(ئه‌ی خوداوه‌ندمان‏و خودامان، تۆ شایانی ئه‌وه‌ی شكۆمه‌ندیو ڕێزو توانا وه‌رگری، چونكه‌ تۆ دروستكه‌ری هه‌موو شتێكیت‏، ئه‌و شتانه‌ش به‌خواستی تۆ بوونی هه‌یه‌و دروست بووه‌.)

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9