ئاشکراکردن19

هه‌لیلویا! حوكمڕانی بۆ خوداوه‌ند

1پاش ئه‌مه‌ ده‌نگێكی به‌رز له‌كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌ئاسمانه‌وه‌ هاته‌ به‌رگوێم ده‌یووت: (هه‌لیلویا*! ڕزگاری‎و شكۆمه‌ندیو هێز بۆ خودامانه‌،2چونكه‌ حوكمه‌كانی ڕاست‎و دادپه‌روه‌رن، ئه‌وه‌تا ژنه‌ داوێن‏پیسه‌ گه‌وره‌كه‌ی تاوانباركرد كه‌ هه‌موو زه‌وی به‌داوێن‏پیسیه‌كه‌ی پیس‎كرد بوو، تۆڵه‌ی خوێنی خزمه‌تكارانی خۆی لێ‏كرده‌وه‌ كه‌ به‌ده‌ستی ئه‌و خوێنیان ڕژابوو.)3كۆمه‌ڵه‌ زۆره‌كه‌ی ئاسمان دووباره‌ ووتیان: (هه‌لیلویا! دووكه‌ڵه‌كه‌ی بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ بۆ ئاسمان به‌رزده‌بێته‌وه‌.)4بیست‎و چوار پیره‌كه‌و چوار زینده‌وه‌ره‌كه‌ كه‌وتنه‌ سه‌ر چۆك‎و كڕنۆشیان بۆ خودای خاوه‌ن ته‌خت بردو ووتیان. (ئامین. هه‌لیلویا!)5له‌ته‌خته‌كه‌وه‌ ده‌نگێك هاته‌ده‌ره‌وه‌ ووتی: (ستایشی خودامان بكه‌ن ئه‌ی هه‌موو خزمه‌تكارانی كه‌ ترسی ئه‌وتان له‌دڵدایه‌ به‌گه‌وره‌و بچووكه‌وه‌.)6پاشان ده‌نگێك وه‌ك ده‌نگی كۆمه‌ڵێكی زۆرو خوڕه‌ی ئاوێكی زۆرو ده‌نگی هه‌وره‌ تریشقه‌ی به‌هێز هاته‌ به‌رگوێم ده‌یانووت: (هه‌لیلویا! حوكمڕانی بۆ خوداوه‌ند خودامان، توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێكدا.7بادڵخۆش‏و شادومان بین، شكۆداری بكه‌ین، چونكه‌ كاتی زه‌ماوه‌ندی به‌رخه‌كه‌ هاتووه‌و بووكه‌كه‌شی خۆی ئاماده‌كردووه‌،8كراسێكی كه‌تانی پاك‎و پرشنگداری پێدرابوو تا له‌به‌ری بكات، ئه‌م كه‌تانه‌ش هێمای كرده‌وه‌ ڕاست‏ودروسته‌كانی خوشك‎وبرا پیرۆزه‌كانه‌.)
9فریشته‌كه‌ پێی ووتم: (ئه‌مه‌ بنووسه‌، خۆزگه‌ده‌خوازرێ‌ به‌وانه‌ی بۆ زه‌ماوه‌ندی بووك گواستنه‌وه‌ی به‌رخه‌كه‌ بانگكراون.) هه‌روه‌ها پێی ووتم: (ئه‌مه‌ ووشه‌ ڕاسته‌كانی خودان.)10ئینجا له‌به‌رده‌م پێی فریشته‌كه‌دا كه‌وتمه‌ سه‌ر چۆك تا كڕنۆشی بۆ ببه‌م، به‌ڵام فریشته‌كه‌ پێی ووتم: (وامه‌كه‌! منیش وه‌كو تۆ و براكانت خزمه‌تكارم، ئه‌وانه‌ی شایه‌تی عیسایان هه‌یه‌. كڕنۆش بۆ خودا ببه‌. چونكه‌ شایه‌تی عیسا ڕۆحی پێغه‌مبه‌رایه‌تییه‌.)

سواری ئه‌سپێكی سپی

11پاشان ئاسمانم به‌كراوه‌یی بینی، ئه‌سپێكی سپیم بینیو سواره‌كه‌ی به‌دڵسۆزو ڕاستگۆ ناوده‌برا‎، به‌دادپه‌روه‌ری حوكم ده‌دات‎و ده‌جه‌نگێت.12چاوه‌كانی وه‌ك گڕی ئاگر وابوون‎و ژماره‌یه‌كی زۆر تاجی به‌سه‌ره‌وه‌بوو، ناوێكی نووسراوی هه‌یه‌، خۆی نه‌بێت كه‌س نایزانێت.13سواره‌كه‌ جلێكی سه‌رتاپا له‌خوێن هه‌ڵكێشراوی له‌به‌ربوو، ئه‌و ناوه‌ش كه‌ پێی بانگ‎ده‌كرا (ووشه‌ی خودا) بوو.14ئه‌و سه‌ربازانه‌ی له‌ئاسماندان به‌سواری ئه‌سپی سپی شوێنی ده‌كه‌وتن‎و جلێكی كه‌تانی سپی پاكیان له‌به‌ردا بوو.15له‌ده‌می سواره‌كه‌وه‌ شمشێرێكی تیژ ده‌هاته‌ده‌ره‌وه‌، تا بۆ لێدانی نه‌ته‌وه‌كان به‌كاری بهێنێ‌، ئه‌و به‌گۆپاڵێكی ئاسنین سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات‎و پێشی ده‌نێت به‌گوشه‌ری شه‌رابی توڕه‌یی خودای توانادار به‌سه‌ر هه‌موو شتێك.16له‌سه‌ر جل‎و ڕانی سواره‌كه‌ ئه‌م ناوه‌ نووسراوه‌: پاشای پاشایان‎و گه‌وره‌ی گه‌وره‌یان.
17دوایی فریشته‌یه‌كی ترم بینی له‌به‌ر خۆردا وه‌ستابوو. فریشته‌كه‌ به‌ده‌نگێكی به‌رز هاواری له‌هه‌موو باڵنده‌ هه‌ڵفڕیوه‌كانی ناوه‌ڕاستی ئاسمان كردو ووتی: (وه‌رن بۆ نان خواردنی ئێواره‌ی خودای مه‌زن كۆببنه‌وه‌،18بۆ ئه‌وه‌ی گۆشتی پادشاكان‎و سه‌رۆكه‌كان‎و به‌هێزه‌كان‎، گۆشتی ئه‌سپه‌كان‎و سواره‌كانیان‎، گۆشتی هه‌موو ئازادێك‎و كۆیله‌یه‌ك‏و گه‌وره‌و بچوكێك بخۆن.)
19هه‌روه‌ها دڕنده‌كه‌و پادشاكانی زه‌ویو سه‌ربازه‌كانیانم بینی كۆبووبوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جه‌نگێك دژی سواره‌كه‌و سه‌ربازه‌كانی به‌رپابكه‌ن.20دڕنده‌كه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ درۆزنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵی دابوو ده‌ستگیر كران. ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی به‌ووته‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی گومڕا كردبوو كه‌ به‌نیشانه‌ی دڕنده‌كه‌ ڕازی بووبوون، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی كڕنۆشیان بۆ وێنه‌كه‌ی برد بوو. هه‌ردووكیان به‌زیندوویی فڕێدرانه‌ ده‌ریاچه‌ی ئاگره‌وه‌ كه‌ به‌گۆگرد داگیرساوه‌.21پاشماوه‌كه‌ی تر به‌و شمشێره‌ی سواره‌كه‌ كوژران كه‌ له‌ده‌میه‌وه‌ ده‌هاته‌ ده‌ره‌وه‌و هه‌موو باڵنده‌كان له‌گۆشته‌كانیان تێربوون.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9