فیلیپی3

بێ‌تاوان بوون به‌هۆی باوه‌ڕ

1له‌ كۆتاییدا، ئه‌ی برایان، دڵشادبن به‌‏خوداوه‌ند، لای من نووسینه‌وه‌ی ئه‌م شتانه‌ كارێكی گران نییه‌ چونكه‌ دڵنیایی ئیۆه‌ی تیایه‌.
‏
2چاوببڕنه‌ سه‌گه‌كان، چاوببڕنه‌ به‌دكاران، چاوببڕنه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ش ده‌بڕنه‌وه‌.3ئێمه‌ین خه‌ته‌نه‌كراوی ڕاسته‌قینه‌، چونكه‌ خودا به‌ڕۆح ده‌په‌رستین‏و شكۆمه‌ندیمان له‌‏عیسای مه‌سیحه‌وه‌یه‌، پشت به‌له‌ش ‎نابه‌ستین،4هه‌رچه‌نده‌ من هۆم هه‌یه‌ تا پشت به‌ له‌ش ببه‌ستم.
گه‌ر یه‌كێك له‌و باوه‌ڕه‌ بێت هۆی هه‌یه‌ پشت به‌ له‌ش ‎ببه‌ستێ‌، یه‌كه‌مجار مافـی منه‌ ئه‌وه‌ بكه‌م:
5‏كاتێك ته‌مه‌نم هه‌شت ڕۆژ بووه‌ خه‌ته‌نه‌كراوم، به‌ نه‌وه‌ ئیسرائیلی بووم، له‌‏تیره‌ی بینیامین، عیبرانی‏* كوڕی عیبرانی. هه‌روه‌ها به‌پێی شه‌ریعه‌ت فه‌ریسی بووم،6‏له‌باره‌ی دڵگه‌رمی چه‌وسێنه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕداران بووم، له‌ڕاست‏ودروستی به‌پێی شه‌ریعه‌ت بێ‌‏كه‌م‏و‏كوڕی بووم.
7به‌ڵام ئه‌م شتانه‌ی من به‌ قازانجم داده‌نا، ئێستا له‌لای من زیانه‌ له‌پێناوی مه‌سیح.8به‌ڵكو له‌مه‌ش زیاتر، ئه‌و شتانه‌ هه‌مووی زیانه‌ لای من گه‌ر به‌راورد بكرێت له‌گه‌ڵ مه‌زنی بێ‌سنووری ناسینی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندم، ئه‌وه‌ی له‌پێناویدا هه‌موو شتێكم له‌‏كیس‎چوو، جا ‏ئه‌م شتانه‌ هه‌مووی به‌ زبڵ داده‌نێم، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سیح به‌ده‌ست بهێنم‏و9خۆم له‌مه‌سیح بدۆزمه‌وه‌و ڕاست‏ودروست بم، نه‌ك به‌شه‌ریعه‌ت، به‌ڵكو به‌هۆی باوه‌ڕ به‌عیسای مه‌سیح، چونكه‌ بێ‌تاوان بوون لای خودا پشت به‌باوه‌ڕ ده‌به‌ستێت.10ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی منه‌ ناسینی مه‌سیح‏و هێزی هه‌ستانه‌وه‌یه‌تی، هه‌روه‌ها به‌شداری بكه‌م له‌ئازاری، وه‌ك ئه‌و بم له‌‏مردنی،11تاكو گه‌ر ببێ‌ بگه‌م به‌ئاستی هه‌ستانه‌وه‌ی له‌نێو مردووان.

كۆشش‏كردن به‌دوای ئامانج

12من ناڵێم ئه‌م شتانه‌م هه‌موو به‌ده‌ست‎هێناوه‌ یاخود گه‌یشتوومه‌ ته‌واوی، به‌ڵكو هه‌ر چییه‌كم له‌توانا هه‌یه‌ ده‌یكه‌م تا بیكه‌م به‌هی خۆم، ئه‌وه‌ی مه‌سیح له‌پێناویدا منی كردووه‌ به‌هی خۆی.13ئه‌ی برایان، جارێ‌ وایدانانێم گه‌یشتوومه‌ ئامانج، به‌ڵام ته‌نها یه‌ك شت ده‌كه‌م، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌ی به‌سه‌رچووه‌ له‌یادی ده‌كه‌م، ده‌ڕۆم به‌ره‌و ئه‌وه‌ی له‌پێشمه‌.14من به‌ره‌و ئامانج هه‌وڵ ده‌ده‌م، به‌ره‌و پاداشتی بانگه‌وازی به‌رزی خودا كه‌ له‌عیسای مه‌سیحه‌.
‏
15با وا بیربكه‌ینه‌وه‌ ئێمه‌ پێگه‌یشتووین، گه‌ر ئێوه‌ش له‌‏خاڵێك یان له‌‏بیرورایه‌ك هه‌مان بیرورای منتان نه‌بوو، ئه‌وا خودا بۆتان ئاشكرا ده‌كات.16جا ئه‌وه‌ی پێیگه‌یشتووین با به‌دڵسۆزی ده‌ستی پێوه‌ بگرین.
17ئه‌ی برایان به‌یه‌كه‌وه‌ لاسایی من بكه‌نه‌وه‌و ته‌ماشای ئه‌وانه‌ بكه‌ن كه‌ وه‌ك نموونه‌ی من ده‌ژین.18زۆر پێم‎ووتون، ئێستاش به‌گریانه‌وه‌ پێتان ده‌ڵێم، زۆر كه‌س هه‌ن ژیانیان به‌‏شێوه‌یه‌كه‌ وه‌ك دوژمن وایه‌ بۆ خاچی مه‌سیح.19ئه‌وانه‌ پاشه‌ڕۆژیان له‌ناوچوونه‌، چونكه‌ سكیان ده‌په‌رستن‏و شكۆمه‌ندیان جێی شه‌رمه‌زارییه‌، هه‌موو بیرو هۆشیان له‌سه‌ر شتی جیهانیه‌.20به‌ڵام ئێمه‌ ووڵاتمان له‌ئاسمانه‌، ‏له‌وێ‌ به‌ئاره‌زووه‌وه‌ چاوه‌ڕێی هاتنه‌وه‌ی ڕزگاركه‌ر، عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندی تیادا ده‌كه‌ین،21ئینجا ئه‌و له‌شی بێ‌نرخمان ده‌گۆڕێت بۆ شێوه‌ی له‌شی شكۆداری خۆی، به‌هێزی خۆی كه‌ توانای هه‌یه‌ زاڵ‏بێت به‌سه‌ر هه‌موو شتێك.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9