فیلیپی1

1له‌پۆڵس‏و تیمۆساوسی كۆیله‌كانی عیسای مه‌سیح، بۆ هه‌موو خوشك‏و برایانی پیرۆز له‌‏عیسای مه‌سیح له‌شاری فیلیپی، هه‌روه‌ها بۆ چاودێران‏و خزمه‌تكارانیش‏.2با به‌ره‌كه‌ت‏و ئاشتی ‏خودای باوكمان‏و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندتان له‌گه‌ڵ بێ‌.

سوپاسی خوداو پاڕانه‌وه‌

3سوپاسی خودا ده‌كه‌م هه‌ركاتێك یادتان بكه‌م،4هه‌موو كاتێك به‌خۆشیه‌وه‌ بۆ هه‌مووتان ده‌پارێمه‌وه‌ لای خودا،5چونكه‌ ئێوه‌ له‌‏یه‌كه‌م ڕۆژه‌وه‌ تا ئێستا به‌شداریتان كردووه‌ له‌‏مزگێنی.6هه‌روه‌ها دڵنیام ئه‌و ئیشه‌ چاكه‌ی خودا له‌ئێوه‌ ده‌ستی پێ‌كردووه‌، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ته‌واو‏كردنی هه‌تا ڕۆژی عیسای مه‌سیح.
7ئه‌وه‌ش مافی خۆمه‌ گه‌ر واهه‌ست بكه‌م سه‌باره‌ت به‌ هه‌مووتان، چونكه‌ ئێوه‌م له‌دڵی خۆم پاراستووه‌، هه‌مووتان له‌‏گه‌‏ڵم به‌شداری ده‌كه‌ن له‌به‌ره‌كه‌ت، گه‌ر ئێستا بێت به‌م كۆت‏و زنجیره‌ له‌به‌ندیخانه‌دا، یاخود كاتێك به‌رگری له‌‏مزگێنی ده‌كه‌م‏و ده‌یچه‌سپێنم.8خودا ده‌زانێت تا چ ڕاده‌یه‌ك دڵم ئاره‌زووی هه‌مووتان ده‌كات به‌هه‌ست‏و سۆزی عیسای مه‌سیح.
9له‌خودا ده‌پاڕێمه‌وه‌ خۆشه‌ویستیتان زیاترو زیاتر بكات بۆ زانین‏و تێگه‌یشتنی ته‌واو،10تا ئه‌وه‌ی باشه‌ هه‌ڵیبژێرن، هه‌روه‌ها پاك‏و بێ‌ كه‌م‏وكووڕی بن بۆ ڕۆژی مه‌سیح.11ژیانتان پڕبێت له‌‏به‌رووبوومی ڕاست‎ودروستی، ئه‌وه‌ی عیسای مه‌سیح ده‌یهێنێته‌ به‌رهه‌م، بۆ شكۆو ستایشی خودا.

له‌لای من، ژیان مه‌سیحه‌

12ئه‌ی برایان، ئێستا ده‌مه‌وێ‌ بزانن ئه‌وه‌ی به‌سه‌رم هات به‌ڕاستی مزگێنی به‌ره‌و پێش برد،13ته‌نانه‌ت هه‌موو پاسه‌وانانی ئیمپراتۆرو هه‌موو خه‌ڵكی ئێره‌، ده‌زانن من له‌پێناوی مه‌سیحدا به‌ندكراوم،14هه‌روه‌ها به‌ندكردن‏و كۆت‏و زنجیری من وایكرد زۆربه‌ی خوشك‏و برایان پشت به‌خوداوه‌ند ببه‌ستن‏و زۆر زیاتر به‌ چاونه‌ترسی سه‌باره‌ت به‌ووشه‌ی خودا بدوێن.
15بێ‌گومان هه‌ندێكیان مزگێنی مه‌سیح ده‌ده‌ن ته‌نها له‌به‌ر ناحه‌زیو ڕقه‌به‌رایه‌تی، به‌ڵام هه‌ندێكیتریان به‌خواستێكی باش مزگێنی ده‌ده‌ن.16هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی خۆشه‌ویستی پاڵیان پێوه‌ ده‌نێت مه‌سیح ڕابگه‌ێنن، ده‌زانن من خراومه‌ته‌ به‌ندیخانه‌وه‌ به‌هۆی به‌رگریم له‌مزگێنی.17ئه‌وانه‌ی ناحه‌زی پاڵیان پێوه‌ ده‌نێت باسی عیسا بكه‌ن، به‌بێ‌ دڵسۆزی ده‌یكه‌ن، چونكه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دان به‌مه‌ ناخۆشییه‌كی تر ده‌خه‌نه‌ پاڵ ئه‌م كۆت‏و زنجیره‌.18ئیتر چی؟ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ باسی مزگێنی مه‌سیح ده‌كرێ‌ ئیتر به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بۆ خۆ‏ده‌رخستن بێت یاخود به‌ دڵسۆزی بێت، به‌مه‌ش من دڵشادم. به‌ڵێ‌ پێویسته‌ من دڵشاد بم،19چونكه‌ من ده‌زانم به‌هۆی نوێژه‌كانتان‏و به‌‏یارمه‌تی ڕۆحی عیسای مه‌سیح ئه‌وه‌ی به‌سه‌رم هات ده‌بێته‌ هۆی ڕزگار بوونم.20په‌رۆشی چاوه‌ڕوانم‏و ئومێدم ئه‌وه‌یه‌، شه‌رمه‌زار نه‌بم، به‌ڵكو به‌ووره‌یه‌كی به‌رزه‌وه‌ ئێستا وه‌ك هه‌موو كاتێك مه‌سیح له‌له‌شمدا ڕێزداربێ‌، گه‌ر ئه‌مه‌ به‌ مردوویی بێت یاخود زیندوویی.21چونكه‌ له‌لای من، ژیان مه‌سیحه‌، ‏مردنیش قازانجه‌.22به‌ڵام گه‌ر ژیان له‌له‌ش بێ‌، مانای ئه‌وه‌یه‌ به‌رووبوومی كرداره‌كانه‌ بۆ من، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نازانم كامیان هه‌ڵبژێرم!23چونكه‌ سه‌رسام ماوم له‌ نێوان ئه‌م دوو بڕیاره‌دا، حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌م ژیانه‌ به‌جێ‌ بهێڵم تا بچمه‌ لای مه‌سیح، ئه‌مه‌ش باشتره‌،24به‌ڵام‏ مانه‌وه‌م له‌ له‌ش پێویستتره‌ بۆتان،25دڵنیام له‌مه‌ بۆیه‌ ده‌زانم ده‌بێ‌ له‌‏ناوتان بمێنمه‌وه‌و له‌گه‌ڵ هه‌مووتان به‌رده‌وام بم، له‌‏پێناوی دڵخۆشی‏و پێشكه‌وتنتان له‌‏باوه‌ڕ،26تا جارێكی تر هاتم بۆ لاتان، به‌هۆی من شانازیتان زیاد بكات به‌عیسای مه‌سیح.27ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئێوه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك بژین شایسته‌ی مزگێنی مه‌سیح بێ‌، تا كاتێ‌ هاتم‏و ئێوه‌م بینی یاخود له‌ناوتان نه‌بووم، هه‌واڵتان ببیستم‏و بزانم ئێوه‌ له‌یه‌ك ڕۆح چه‌سپاون‏و به‌یه‌ك مێشك تێ‌ده‌كۆشن له‌پێناوی باوه‌ڕی مزگێنی،28بێ‌ ئه‌وه‌ی بترسن له‌وانه‌ی به‌ربه‌ره‌كانیتان ده‌كه‌ن. چونكه‌ ئه‌وه‌ نیشانه‌ی له‌‏ناوچوونه‌ بۆیان‏و ڕزگاریه‌ بۆ ئیۆه‌، ئه‌مه‌ش له‌‏خوداوه‌یه‌.29خودا له‌به‌ر مه‌سیح ته‌نها باوه‌ڕهێنان به‌ ئه‌وی پێ‌نه‌به‌خشیون، به‌ڵكو چه‌شتنی ئازاریش له‌پێناوی ئه‌و.30جا كۆشش بكه‌ن بۆ هه‌مان ململانێ‌ كه‌ له‌پێشا بینیووتانه‌، ئه‌وه‌ی ئێستاش ده‌یبیستن له‌من.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9