مەتا20

نموونه‌ی كرێكارانی ناو ڕه‌ز

1(پادشاهێتی ئاسمان له‌گه‌وره‌ی ماڵێك ده‌كات، به‌یانی زوو ده‌ڕواته‌ ده‌ره‌وه‌ تاكرێكار بۆ ڕه‌زه‌كه‌ی بگرێت.2ڕۆژی به‌دینارێك له‌گه‌ڵ كرێكاره‌كان ڕێكه‌وت، ئینجا ناردنی بۆ ڕه‌زه‌كه‌ی.3دوای ئه‌وه‌ نزیكی كاتژمێری نۆ چووه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌مه‌یدانی شار كرێكاری بێ‌ ئیشی دیكه‌ی دی،4پێی ووتن: بڕۆن ئێوه‌ش له‌ڕه‌زه‌كه‌مدا كار بكه‌ن، كرێتان چه‌نده‌ ده‌تان ده‌مێ. ئه‌وانیش ڕۆیشتن.5ئینجا كاتژمێری دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆ ڕۆیشته‌وه‌ بۆ مه‌یدان، دوای ئه‌وه‌ كاتژمێری سێی پاش نیوه‌ڕۆ هه‌مان كاریكرده‌وه‌.6دیسان نزیكی كاتژمێری پێنجی ئێواره‌ چـووه‌ ده‌ره‌وه‌، كـرێكاری دیكه‌ی بێ‌ ئیشی بینی، پرسی: بۆچی به‌درێژایی ڕۆژ بێ‌ئیش وه‌ستاون؟7وه‌ڵامـیان دایه‌وه‌: چونكه‌ كـه‌س به‌كـرێی نه‌گـرتووین. ئه‌ویـش ووتی: ئێوه‌ش بڕۆن بۆ ڕه‌زه‌كه‌م!8كاتێ‌ ئێواره‌ داهات خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌ به‌سه‌ركاره‌كه‌ی ووت: كرێكاره‌كان بانگ‎ بكه‌و كرێكه‌یان بده‌رێ، ده‌ست پێ‌بكه‌ به‌وانه‌ی كه‌ دواجار هاتوون‎و كۆتایی پێ‌ بهێنه‌ به‌وانه‌ی یه‌كه‌مجار هاتن.9جا ئه‌وانه‌ی كه‌ كاتژمێر پێنج هاتبوون هاتنه‌ پێشه‌وه‌، هه‌ر یه‌كی دینارێكیان وه‌رگرت.10كاتێ‌ نۆره‌ی ئه‌وانه‌ی یه‌كه‌مجار هات وایانزانی زیاتر وه‌رده‌گرن، به‌ڵام هه‌ر یه‌ك له‌وانیش دینارێكیان وه‌رگرت.11له‌وكاته‌دا ده‌ستیان‎كرد به‌ بۆڵه‌بۆڵ‏كردن به‌سه‌ر خاوه‌ن ڕه‌زه‌كه‌داو12ووتیان: ئه‌وانه‌ی دواجار هاتن ته‌نها كاژێرێك ئیشیان كردووه‌. كه‌چی تۆ ئه‌وانت وه‌ك ئێمه‌ دانا كه‌ به‌درێژایی ڕۆژه‌كه‌ له‌ژێر تیشكی ڕۆژ ئیشمان كردووه‌.13وه‌ڵامی یه‌كێكیانی دایه‌وه‌و ووتی: هاوڕێم، من غه‌درم لـێ‌ نه‌كردویت، ئایا له‌گه‌ڵ من به‌یه‌ك دینار ڕێك نه‌كه‌وتوویت؟14به‌شی خۆت وه‌رگره‌و به‌ڕێگه‌ی خۆتدا بڕۆ. من ده‌مه‌وێ‌ به‌وه‌ی دواجاریش هات وه‌ك تۆی بده‌مێ.15ئایا سه‌ربه‌ستی ئه‌وه‌م نییه‌ هه‌ڵسوكه‌وت به‌ماڵی خۆمه‌وه‌ بكه‌م به‌و شێوه‌یه‌ی خۆم ده‌مه‌وێت؟ یان چاوت پیسه‌ چونكه‌ من چاوتێرم؟16به‌م شێوه‌یه‌ دواهه‌مین ده‌بنه‌ یه‌كه‌مین‏و یه‌كه‌مینیش ده‌بنه‌ دواهه‌مین. چونكه‌ زۆرن ئه‌وانه‌ی بانگ ده‌كرێن‎و كه‌من ئه‌وانه‌ی هه‌ڵده‌بژێرێن.)

سێهه‌م باسی مردنی عیسا

17كاتێ‌ عیسا به‌ره‌و قودس ده‌ڕۆیی، هه‌ر دوانزه‌ قوتابیه‌كه‌ی له‌ڕێگا جیاكرده‌وه‌، پێی ووتن:18(ئه‌وا ئێمه‌ ده‌ڕۆین بۆ قودس، له‌وێ‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌درێته‌ ده‌ست سه‌رۆك كاهینه‌كان‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت، بڕیاری مردن به‌سه‌ریدا ده‌ده‌ن.19ده‌یده‌نه‌ ده‌ست ناجووله‌كه‌كان، گاڵته‌ی پێ‌ده‌كه‌ن‎و به‌ قامچی لێی ده‌ده‌ن‎و له‌ خاچی ده‌ده‌ن. به‌ڵام له‌ڕۆژی سێهه‌مدا زیندووده‌بێته‌وه‌.)

خزمه‌تكار مه‌زنترینه‌

20ئینجا دایكی دوو كوڕه‌كه‌ی زه‌بدی لێی هاته‌ پێشه‌وه‌و هه‌ردوو كوڕه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ بوو، كڕنووشی بۆ بردو داوایه‌كی لـێ‌كرد.21ئه‌ویش به‌ژنه‌كه‌ی ووت: (چیت ده‌وێ؟) وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (بڵێ‌ باهه‌ردوو كوڕه‌كه‌م له‌پادشاهیه‌كه‌تدا دابنیشن، یه‌كێكیان لای ڕاستته‌وه‌، ئه‌وی دیكه‌یان لای چه‌پته‌وه‌.)22عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌، به‌یاقوب‎و یۆحه‌ننای ووت: (ئێوه‌ نازانن داوای چی ده‌كه‌ن. ئایا ده‌توانن ئه‌و جامه‌ بخۆنه‌وه‌ كه‌ من ده‌یخۆمه‌وه‌؟ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (به‌ڵێ، ده‌توانین.)23ئه‌ویش ووتی: (جامی من ده‌توانن بخۆنه‌وه‌، به‌ڵام دانیشتن له‌لای ڕاست‏و چه‌پمه‌وه‌، ناتوانم بیده‌م ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌ نه‌بێت كه‌ باوكم بۆی ئاماده‌كردوون.)24كاتێ‌ ده‌ قوتابیه‌كه‌ی ترگوێیان له‌و دوو برایه‌ بوو، لێیان دڵگران بوون.25عیسا هه‌موویانی بانگ‎كردو ووتی: (ئێوه‌ ده‌زانن سه‌رۆك نه‌ته‌وه‌كان فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كه‌ن، گه‌وره‌كانیان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ریاندا هه‌یه‌.26به‌ڵام ئێوه‌ با ئه‌وه‌ له‌نێوانتاندا نه‌بێت، ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ‌ له‌ناوتاندا مه‌زن بێت، با وه‌ك خزمه‌تكار بێت بۆتان.27ئه‌وه‌ش كه‌ده‌یه‌وێ‌ له‌ناوتاندا یه‌كه‌م بێت، با وه‌ك كۆیله‌تان بێت.28هه‌ر وه‌ك چۆن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ نه‌هاتووه‌ تا خزمه‌ت بكرێ، به‌ڵكو هاتووه‌ تا خزمه‌ت بكات‏و خۆی به‌خت‎بكات بۆ كڕینه‌وه‌ی زۆر كه‌س.)

چا‏كردنه‌وه‌ی دوو كوێر

29له‌وكاته‌دا عیساو قوتابیه‌كانی ئه‌ریحایان به‌جێ‌ده‌هێشت. خه‌ڵكێكی زۆر دوایان كه‌وتن.30دوو كوێر له‌ته‌نیشتی ڕێگاكه‌دا دانیشتبوون، كاتێ‌ گوێیان لێ‏بوو عیسا به‌وێدا ده‌ڕوا، هاواریان‏كرد: (به‌زه‌ییت پیـامـاندا بێته‌وه‌ گه‌وره‌م، ئه‌ی ڕۆڵه‌ی داود.)31جا خه‌ڵكه‌كه‌ سه‌رزه‌نشتیان‏كردن تاوه‌كو بێ‌ده‌نگ بن، به‌ڵام ئه‌وان زیاتر هاواریان‎كرد: (ئه‌ی گه‌وره‌، به‌زه‌ییت پیاماندابێته‌وه‌، ڕۆڵه‌ی داود!)32عیسا ڕاوه‌ستا، بانگیكردن‎و لێی پرسین: (چیتان ده‌وێ‌ بۆتانی بكه‌م؟)33وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (چاومان چاك‎بكه‌یته‌وه‌، گه‌وره‌م.)34ئیتر به‌زه‌یی پێیانداهاته‌وه‌، ده‌ستی هێنا به‌چاوی هه‌ردووكیان، ده‌ستبه‌جێ‌ چاویان ڕۆشنایی تێ‌كه‌وت، جا ئه‌وانیش دوای‏كه‌وتن.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9