مەتا19

ژن هێنان‏و ته‌ڵاق دان

1دوای ئه‌وه‌ی عیسا ئه‌م ووته‌یه‌ی ته‌واوكرد، له‌ناوچه‌ی جه‌لیله‌وه‌ ڕۆیشت بۆ ناوچه‌ی یه‌هودیا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پشت ڕووباری ئوردونه‌وه‌.2خه‌ڵكێكی زۆر دوایكه‌وتن، له‌وێ‌ نه‌خۆشه‌كانیانی چاككرده‌وه‌.3هه‌ندێ‌ له‌فه‌ریسیه‌كان هاتنه‌ لای عیسا بۆ ئه‌وه‌ی تاقیبكه‌نه‌وه‌، لێیان پرسی: (دروسته‌ پیاو ژنه‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت ته‌ڵاق بدات؟)4عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌و ووتی: (ئه‌ی نه‌تان خوێندۆته‌وه‌، كه‌ {دروستكه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ مرۆڤی به‌نێرو مێ‌ دروستكردووه‌؟}5ئه‌وسا پێیووتن: {له‌به‌رئه‌وه‌ پیاو دایك‎و باوكی خۆی به‌جێ‌ ده‌هێڵیت، له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی جووت ده‌بێت‏و هه‌ردووكیان ده‌بنه‌ یه‌ك له‌ش.6ئیتر دوو نین به‌ڵكو یه‌ك له‌شن. ئه‌وه‌ی خودا به‌یه‌كی گه‌یاندووه‌، مرۆڤ جیای ناكاته‌وه‌})7دیسان لێیان پرسی: (ئه‌ی بۆچی موسا ڕایسپاردووه‌ كه‌ ته‌ڵاقنامه‌ به‌ژن بدرێت‎و ته‌ڵاقی بكه‌وێت؟)8له‌وه‌ڵامدا ووتی: (له‌به‌ر دڵڕه‌قیتان، موسا ڕێیدان ژنه‌كانتان ته‌ڵاق بده‌ن، ئه‌گینا له‌سه‌ره‌تاوه‌ وانه‌بوو.9به‌ڵام من پێتان ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی ژنه‌كه‌ی بێ‌هۆی داوێن پیسی ته‌ڵاق ده‌دات‎و یه‌كێكیدیكه‌ ده‌هێنێت، ئه‌وا داوێن پیسی ده‌كات.10ئینجا قوتابیه‌كانی پێیان ووت: (ئه‌گه‌ر حاڵی پیاو له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌ی وابێت، كه‌واته‌ ژن‎ نه‌هێنان باشتره‌!)11وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌م ووته‌یه‌ هه‌موو خه‌ڵكی پێی ڕازینین، ته‌نها ئه‌وانه‌ نه‌بێت كه‌پێیان دراوه‌.12جا به‌شێك خه‌ساو هه‌ن كه‌ به‌خه‌ساوێتی له‌دایك ده‌بن، به‌شێكی دیكه‌شیان خه‌ڵكی خه‌ساندوویانن، هه‌روه‌ها خه‌ساویش هه‌ن خۆیان خه‌ساندووه‌ له‌پێناوی پادشاهێتی ئاسمان. كێ‌ ده‌توانێت به‌مه‌ ڕازی بێت، باڕازی بێت.)

پادشاهێتی ئاسمان بۆ مناڵانه‌

13ئینجا هه‌ندێ‌ منداڵی بچووكیان هێنایه‌ پێشه‌وه‌ تاكو ده‌ست بخاته‌ سه‌ر سه‌ریان‎و نوێژیان بۆ بكات، قوتابیه‌كان لێیان گرژ بوون.14به‌ڵام عیسا ووتی: (واز له‌منداڵان بهێنن، هاتنه‌ لای منیان لـێ‌ قه‌ده‌غه‌ مه‌كه‌ن، چونكه‌ پادشاهێتی ئاسمان هی ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌یه‌.)15ئینجا ده‌ستی له‌سه‌ریان داناو له‌وێ‌ ڕۆیشت.

گه‌نجه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌

16كوڕێكی گه‌نج هاته‌ لایو پرسی: (ئه‌ی مامۆستا چ چاكه‌یه‌ك بكه‌م تاكو ژیانی هه‌تاهه‌تایی به‌ده‌ست بهێنم؟)17وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (بۆچی له‌باره‌ی چاكه‌وه‌ پرسیارم لـێ‌ده‌كه‌یت؟ ته‌نها یه‌كێك هه‌یه‌ چاكه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ژیان به‌ده‌ست بهێنی، كار به‌ڕاسپارده‌كانی شه‌ریعه‌ت بكه‌.)18ئه‌ویش لێی پرسی: (چ ڕاسپارده‌یه‌ك؟) عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (مه‌كوژه‌، داوێن پیسی مه‌كه‌، مه‌دزه‌، شایه‌تی درۆ مه‌ده‌،19ڕێزی دایك‎و باوكت بگره‌، ئه‌وه‌ی لێت نزیكه‌ وه‌ك خۆت خۆشت بوێت.)20ئینجا كوڕه‌ گه‌نجه‌كه‌ پێی ووت: (ئه‌مانه‌م هه‌موو له‌منداڵییه‌وه‌ كردووه‌، ئیتر كه‌م وكوڕیم چیه‌؟)21عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ته‌واوبیت، بڕۆ چیت هه‌یه‌ بیفرۆشه‌و به‌سه‌ر هه‌ژاران دابه‌شیكه‌، به‌م شێوه‌یه‌ گه‌نجینه‌یه‌كت له‌ئاسماندا ده‌بێت، ئینجا وه‌ره‌ دوام‎كه‌وه‌.)22كاتێ‌ كوڕه‌ گه‌نجه‌كه‌ ئه‌مه‌ی بیست، به‌ دڵته‌نگیه‌وه‌ ڕۆیشت، چونكه‌ سامانێكی زۆری هه‌بوو.23ئینجا عیسا به‌قوتابیه‌كانی ووت: (ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم: شتێكی گرانه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند بچێته‌ پادشاهێتی ئاسمانه‌وه‌.24دیسان ده‌ڵێم: چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ووشترێك له‌كونی ده‌رزیه‌وه‌ ئاسانتره‌ له‌چوونه‌ ژووره‌وه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندێك بۆ ناو پادشاهێتی ئاسمان.)25كاتێ‌ قوتابیه‌كانی گوێیان له‌مه‌بوو زۆر سه‌رسام بوون، پرسییان: (كه‌واته‌ كێ‌ ده‌توانێ‌ ڕزگاری بێت؟)26به‌ڵام عیسا سه‌یریكردن‎و پێی ووتن: (ئه‌مه‌ لای مرۆڤ مه‌حاڵه‌و نابێت، به‌ڵام لای خودا، هه‌موو شتێك ده‌بێت.)27ئینجا په‌ترۆس ووتی: (ئه‌وه‌تا ئێمه‌ وازمان له‌هه‌موو شتێك هێناوه‌و دوات كه‌وتووین، به‌شمان چی ده‌بێت؟)28عیسا وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم، كاتێ‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر ته‌ختی شكۆمه‌ندی خۆی داده‌نیشێت‏و ئێوه‌ كه‌دوام كه‌وتوون له‌كاتی نوێ‌بوونه‌وه‌دا له‌سه‌ر دوانزه‌ ته‌خت داده‌نیشن، تاكو دوانزه‌ هۆزه‌كه‌ی ئیسرائیل تاوانبار بكه‌ن.29هه‌ر كه‌سێكیش ماڵ، برا، خوشك، باوك، دایك، منداڵ‏و زه‌وی له‌به‌ر ناوی من به‌جێیهێشتووه‌، سه‌د ئه‌وه‌نده‌ وه‌رده‌گرێته‌وه‌و ژیانی هه‌تاهه‌تاییش به‌میرات بۆی ده‌مێنێته‌وه‌.30به‌ڵام زۆر له‌یه‌كه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ دواهه‌مین، زۆر له‌دواهه‌مینه‌كان ده‌بنه‌ یه‌كه‌مین.)

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9