مەرقۆس8

تێربوونی چوار هه‌زار كه‌س

1له‌و ڕۆژانه‌دا خه‌ڵكێكی زۆر لای عیسا كۆبووبوونه‌وه‌، شتێكی واشیان نه‌بوو بیخۆن، عیسا قوتابیه‌كانی بانگ‎كردو پێی ‎ووتن:2(من به‌زه‌ییم به‌و خه‌ڵكه‌دا دێته‌وه‌، وا بۆ سێ‌ ڕۆژ ده‌چێ‌ له‌گه‌ڵمدان، شتێكی وایان نییه‌ بیخۆن.3ناشمه‌وێ‌ به‌برسێتی بیان‎نێرمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، نه‌وه‌ك له‌ڕێگا بڕ نه‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ندێكیان له‌شوێنی دووره‌وه‌ هاتوون.)
4ئینجا قوتابیه‌كانی پێیان ووت: (كێ‌ ده‌توانێ‌ له‌م چۆڵه‌وانیه‌ ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه‌ نان بدات؟)
5عیسا لێی‎پرسین: (چه‌ند نانتان لایه‌؟) وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (حه‌وت.)6ئه‌وسا فه‌رمانی‎دا به‌خه‌ڵكه‌كه‌ له‌سه‌ر زه‌وی دانیشن. حه‌وت نانه‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه‌ بۆ ئاسمان، سوپاسی خودای كرد، له‌تیكردن‏و دای به‌قوتابیه‌كان تا دابه‌شی‎ بكه‌ن به‌سه‌ر هه‌مووان، ئه‌وانیش دابه‌شیان كرد.7هه‌روه‌ها چه‌ند ماسییه‌كی بچكۆله‌شیان پێ‌بوو ئه‌ویشی پیرۆزكردو فه‌رمانی‎دا به‌قوتابیه‌كانی ئه‌وانه‌ش دابه‌ش‎ بكه‌ن به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌دا.8ئیتر هه‌موو نانیان خوارد، هه‌تا تێربوون. پاشان له‌و پارچه‌ نانانه‌ی له‌خه‌ڵكه‌كه‌ مابووه‌وه‌، حه‌وت سه‌به‌ته‌یان پڕكرد.9ژماره‌ی ئه‌وانه‌ی نانیان خوارد، نزیكه‌ی چوار هه‌زار كه‌س ده‌بوون.10دوای ئه‌وه‌ عیسا خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌ڕێ‎كردو ده‌ست‎به‌جێ‌ له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی سواری به‌له‌مێك بوو، بۆ ناوچه‌ی ده‌لمانووسه‌ چوو.

داواكردنی نیشانه‌ی ئاسمانی

11هه‌ندێ‌ له‌فه‌ریسیه‌كان هاتن بۆ لای عیسا بۆ ئه‌وه‌ی تاقی‎بكه‌نه‌وه‌، داوایان لێ‎كرد نیشانه‌یه‌كی ئاسمانیان نیشان بدات.12ئه‌ویش هه‌ناسه‌یه‌كی هه‌ڵكێشاو ووتی: (بۆچی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ داوای نیشانه‌ ده‌كه‌ن؟ ڕاستیتان پێ‎ده‌ڵێم: به‌م نه‌وه‌یه‌ نیشانه‌ نادرێ.)13ئینجا به‌جێی‎هێشتن. دووباره‌ سواری به‌له‌م بوو، په‌ڕییه‌وه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌.

فێركردنی فه‌ریسیه‌كان

14له‌وكاته‌دا قوتابیه‌كانی بیریان چووبوو له‌گه‌ڵ خۆیان نان بهێنن، ته‌نها یه‌ك نانیان پێ‌بوو.15عیسا ڕای سپاردن‎و پێی‎ووتن: (ئاگاتان له‌خۆتان بێ. ئاگاداری هه‌ویرترشی فه‌ریسیه‌كان‎و هیرۆدس بن.)16قوتابیه‌كان له‌دڵی خۆیان بیریان‏كرده‌وه‌و به‌یه‌كتریان ووت: (بۆیه‌ وا ده‌ڵێت چونكه‌ نانمان له‌گه‌ڵ خۆمان نه‌هێناوه‌.)17عیسا به‌مه‌ی زانی‎و پێی‎ووتن: (بۆ له‌دڵی خۆتان وا بیرده‌كه‌نه‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی نانتان پێ‎نییه‌؟ ئایا هێشتا فێرنه‌بوون، تێ‎نه‌گه‌یشتون؟ ئایا هێشتا دڵتان هه‌ر ڕه‌قه‌؟18خۆ چاوتان هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ نابینن؟ گوێتان هه‌یه‌، ئه‌مانه‌ نابیستن؟ هه‌روه‌ها بیریشتان نایه‌ته‌وه‌؟19كاتی پێنج نانه‌كه‌ی له‌تم‎كرد بۆ پێنج هه‌زار كه‌س، چه‌ند سه‌به‌ته‌ پارچه‌ نانی لێ‎مایه‌وه‌؟) ووتیان: (دوانزه‌ سه‌به‌ته‌.)20هه‌روه‌ها حه‌وت نانه‌كه‌ی له‌تم‎كرد بۆ چوار هه‌زار كه‌س، چه‌ند سه‌به‌ته‌ی پڕ پارچه‌ی لێ‎مایه‌وه‌؟) ووتیان: (حه‌وت.)21ئینجا پێی‎ووتن: (ئه‌ی چۆن تائێستا تێ‎ناگه‌ن؟)

چاك‏بوونه‌وه‌ی كوێرێك

22عیسا له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كان بۆ شاری به‌یت‏سه‌یدا چوو، خه‌ڵكه‌كه‌ كابرایه‌كی كوێریان هێنایه‌ لای‎و لێی‎پاڕانه‌وه‌ ده‌ستی له‌سه‌ر دانێت.23ئه‌ویش ده‌ستی كوێره‌كه‌ی گرت‎و بردیه‌ ده‌ره‌وه‌ی دێیه‌كه‌ پاش ئه‌وه‌ی تفی له‌سه‌ر چاوی كابرادا، ده‌ستی له‌سه‌ر داناو لێی‎پرسی: (هیچ ده‌بینی؟)24كابرا سه‌یری كردو ووتی: (خه‌ڵك ده‌بینم، وه‌كو دره‌خت ده‌ڕۆن.)25عیسا جارێكی كه‌ش ده‌ستی خسته‌وه‌ سه‌ر چاوی، به‌مه‌ كابرا چاك‎بووه‌وه‌و هه‌موو شتێكی به‌باش‎و به‌ڕوونی ده‌بینی.26ئینجا عیسا كابرای به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ ڕه‌وانه‌كردو پێی ‎ووت: (جارێ‌ مه‌ڕۆ بۆ ناو دێ.)

دان‏پیانانی په‌ترۆس به‌مه‌سیح

27دوای ئه‌مه‌ عیساو قوتابیه‌كانی ڕوویان ‎كرده‌ دێیه‌كانی قه‌یسه‌ری فیلیپۆس، له‌ڕێگا له‌قوتابیه‌كانی پرسی: (خه‌ڵكی من به‌كێ‌ داده‌نێن؟)28وه‌ڵامیان‎ دایه‌وه‌: (به‌شێ‌ له‌خه‌ڵكی ده‌ڵێن، تۆ یه‌حیای خه‌ڵك له‌ئاوهه‌ڵكێشی، به‌شێكی‎كه‌ش ده‌ڵێن، تۆ ئه‌لیاسی، هه‌ندێكی‎كه‌ش ده‌ڵێن یه‌كێ‌ له‌پێغه‌مبه‌رانی.)29دیسان لێی‎پرسین: (ئه‌ی ئێوه‌، من به‌كێ‌ داده‌نێن؟) په‌ترۆس وه‌ڵامی‎دایه‌وه‌: (تۆ مه‌سیحی*.)30عیسا ئاگاداری كردنه‌وه‌ ئه‌مه‌ لای كه‌س باس نه‌كه‌ن.

یه‌كه‌م باسی مردنی عیسا

31ئینجا عیسا ده‌ستی‎كرد به‌فێركردنیان، كه‌ ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌بێت ئازار بچێژی‎و پیران‎و سه‌رۆَك كاهینه‌كان‎و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت ڕه‌تی‎بكه‌نه‌وه‌، هه‌روه‌ها بكوژرێ‎و دوای سێ ‎ڕۆژ زیندووبێته‌وه‌.32عیسا ئه‌م باسه‌ی زۆر به‌ئاشكرا بۆ باسكردن، په‌ترۆسیش بردیه‌ لاوه‌و سه‌رزه‌نشتی كرد.33ئینجا عیسا ئاوڕی‎ له‌قوتابیه‌كانی‎ دایه‌وه‌، سه‌یریكردن‎و سه‌رزه‌نشتی په‌ترۆسی كرد، ووتی: (لاچۆ له‌به‌رده‌مم ئه‌ی شه‌یتان، تۆ بیرت لای شتی خودایی نییه‌و بیر له‌شتی مرۆڤانه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌.)

خۆئاماده‌كردن بۆ مردن

34ئینجا عیسا قوتابیه‌كانی‎و خه‌ڵكه‌كه‌ی بانگ‎كردو پێی‎ووتن: (ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێ‌ به‌دوامه‌وه‌ بڕوات، با واز له‌خۆی بهێنێت‎و خاچی خۆی هه‌ڵگرێ‎و دوام‎كه‌وێت.35چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێ‌ ژیانی ڕزگاربكات، ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ژیانی خۆی ده‌دۆڕێنێت له‌پێناوی من‎و مزگێنی، ئه‌وه‌ ژیانی ڕزگار ده‌كات.36چونكه‌ چی به‌كه‌ڵكی مرۆڤ دێت، گه‌ر هه‌موو جیهان به‌رێته‌وه‌، به‌ڵام خۆی بدۆڕێنێت؟37یان مرۆڤ‎ چی ‎پێشكه‌ش بكات بۆ كڕینه‌وه‌ی خۆی؟38چونكه‌ ئه‌وه‌ی شه‌رمی به‌من‎و ووشه‌كانم بێ، لای ئه‌م نه‌وه‌ به‌دڕه‌وشت‏و گوناهباره‌. ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش، شه‌رمی پێوه‌ ده‌كات، كاتێ‌ له‌شكۆمه‌ندی باوكی له‌گه‌ڵ فریشته‌ پێرۆزه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.)

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9