لۆقا15

گه‌ڕان ‏به‌‏دوای ‏وون‏بووان

1هه‌موو باجگران‏و گوناهباران ده‌هاتن بۆ گوێ‌گرتن له‌‏ووته‌كانی عیسا.2فه‌ریسیه‌كان‏و مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت به‌مه‌ تووڕه‌ ده‌بوون‏و ده‌یان ووت: (ئه‌م كابرایه‌ پێشوازی له‌گوناهباران ده‌كات‏و له‌گه‌ڵیان نان ده‌خوات.)3عیسا‏ش نموونه‌یه‌كی بۆ هێنانه‌وه‌و ووتی: (4كێ‌ له‌ئێوه‌ گه‌ر سه‌د سه‌ر مه‌ڕی هه‌بێت‏و دانه‌یه‌كی لـێ‌ وون بێت، نه‌وه‌دو‏ نۆیه‌كه‌ی تر له‌‏ده‌شت به‌جێ‌ ناهێڵێت‏و ناگه‌ڕێ‌ به‌شوێن مه‌ڕه‌ وون بووه‌كه‌دا، تا ده‌یدۆزێته‌وه‌؟5ئینجا كه‌ دۆزیه‌وه‌، به‌خۆشیه‌وه‌ ده‌یخاته‌ سه‌ر‏شانی‏و6ده‌یهێنێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، هاوڕێكانیو دراوسێكانی بانگ ده‌كات‏و پێیان ده‌ڵێت: دڵشاد بن له‌گه‌ڵم چونكه‌ ئه‌و مه‌ڕه‌ی وون بوو‏بوو، دۆزیمه‌وه‌.7من پێتان ده‌ڵێم هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ش، له‌ئاسمان ده‌بێ‌ به‌‏شادی گه‌ر یه‌كێك له‌‏گوناهباران تۆبه‌ بكات، زیاتر له‌‏نه‌وه‌دو نۆ كه‌سی ڕاست‏ودروست كه‌ پێویستیان به‌ تۆبه‌كردن نییه‌.

كاتێ‌ پاره‌ت وون ده‌بێ‌

8(یان چ ئافره‌تێ‌ گه‌ر ده‌ په‌نجایی هه‌بێ‌، یه‌كێكیانی لـێ‌ بكه‌وێت، هه‌ڵناسێ‌، چرا هه‌ڵ‎بكاو ده‌ست بكات به‌‏گه‌سك دانی ماڵه‌كه‌ به‌ ووردی، تا ده‌یدۆزێته‌وه‌؟9كاتێ‌ كه‌ دۆزیه‌وه‌، بۆ هاوڕێ‌و دراوسێكانی ده‌گێڕێته‌وه‌و پێیان ده‌ڵێ‌: دڵشاد‏بن له‌گه‌ڵم چونكه‌ پاره‌ وون بووه‌كه‌م دۆزیه‌وه‌.10من پێتان ده‌ڵێم: هه‌ر به‌م شێوه‌یه‌، به‌‏تۆبه‌كردنی گوناهبارێك، ده‌بێته‌ شادی له‌‏نێوان فریشته‌كانی خودا.)

نموونه‌ی ‏كوڕی وون‏بوو

11ئینجا ووتی: (كابرایه‌ك دوو كوڕی هه‌بوو.12بچووكه‌كه‌یان به‌ باوكی ووت باوكه‌ چیم به‌رده‌كه‌وێ‌ له‌به‌شی خۆم بمده‌رێ‌، كابراش چی سامانی هه‌بوو كردی به‌دوو به‌شه‌وه‌و به‌شێكی دانا بۆ كوڕه‌ بچووكه‌كه‌ی.13دوای چه‌ند ڕۆژێك، كوڕی بچووك چی هه‌بوو هه‌مووی كۆكرده‌وه‌، ئینجا كه‌وته‌ ڕێ‌ بۆ ووڵاتێكی دوور، له‌وێ‌ چی هه‌بوو هه‌مووی له‌‏ڕابواردن خه‌رج‏كرد.14كاتێ‌ كوڕه‌ هیچی به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌ما، گرانی كه‌وته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌، ئینجا هه‌ستی به‌وه‌‏كرد كه‌ پێویستی به‌‏شتێك هه‌یه‌ پێی بژی.15دوای ئه‌وه‌ی چووه‌ لای كابرایه‌ك لـه‌‏دانیشـتوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌، كابرا ناردی بۆ كێڵگه‌كه‌ی تاكو به‌رازه‌كانی بۆ بله‌وه‌ڕێنێ‌.16برسێتی وای له‌‏كوڕه‌كرد حه‌زبكات له‌خڕنووكی به‌رازه‌كان بخوات، به‌ڵام ئه‌وه‌شی به‌ته‌واوی ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت.17ئینجا بیری‏كرده‌وه‌و ووتی: ئاخۆ چه‌ند نان بمێنێته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی لای باوكم ئیش ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌تا منیش لێره‌دا خه‌ریكه‌ ده‌مرم له‌‏برسا.18با بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ لای باوكم، پێی ده‌ڵێم: بابه‌ من به‌رامبه‌ر به‌ئاسمان‏و به‌رامبه‌ر به‌‏تۆ هه‌ڵه‌م كرد.19ئیتر شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌‏كوڕی تۆ بانگ بكرێم، بمكه‌ به‌‏یه‌كێك له‌ئیشكه‌ره‌كانت.20ئه‌وسا كوڕه‌ هه‌ڵساو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ لای باوكی كاتێ‌ باوكی له‌‏دووره‌وه‌ بینی، دڵی پێ‌‏سووتا، ڕایكرد بۆ لایو ده‌ستیكرده‌ ملی، به‌‏گه‌رمیه‌وه‌ ماچی‏كرد.21ئینجا كوڕه‌ پێی ووت: بابه‌ من به‌رامبه‌ر به‌‏ئاسمان‏و به‌رامبه‌ر به‌‏تۆ هه‌ڵه‌م‏كرد، ئیتر من شایانی ئه‌وه‌ نیم به‌‏كوڕی تۆ بانگ بكرێم‏.22به‌ڵام باوكه‌كه‌، بانگی ئیشكه‌ره‌كانی‏كردو ووتی: بڕۆن خێرا باشترین جل‏و به‌رگ بهێنن‏و له‌به‌ریكه‌ن، ئه‌نگوستیله‌ی بكه‌نه‌ په‌نجه‌و پیڵاو بكه‌نه‌ پێی.23ئینجا بڕۆن گوێره‌كه‌ دابه‌سته‌كه‌ش سه‌ربڕن، تا بیخۆین‏و دڵخۆش بین.24ئه‌م كوڕه‌م مرد‏بوو، زیندووبووه‌ته‌وه‌، وون بوو‏بوو، دۆزراوه‌ته‌وه‌، بادڵخۆش بین. ‏25كوڕی گه‌وره‌ی كابرا، دوای ئـه‌وه‌ی لـه‌‏كێڵگه‌ گه‌ڕایه‌وه‌و نزیك ماڵ بووه‌وه‌، گوێی له‌ ده‌نگی مۆسیقاو هه‌ڵپه‌ركێ‌ بوو.26یه‌كێك له‌‏ئیشكه‌ره‌كانی بانگ‏كرد‏و لێیپرسی، ئه‌وه‌ چیه‌، چی ڕوویداوه‌؟27ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌و ووتی: براكه‌ت گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، باوكیشت گوێره‌كه‌ دابه‌ستووه‌كه‌ی سه‌ربڕیوه‌ بۆی، چونكه‌ به‌‏زیندوویه‌تی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.28برای گه‌وره‌ تووڕه‌‏بوو، نه‌یویست بچێته‌ ژووره‌وه‌. باوكی هاته‌ ده‌ره‌وه‌و لێی پاڕایه‌وه‌.29به‌ڵام ئه‌و وه‌ڵامی باوكی دایه‌وه‌و ووتی: ئه‌وه‌تا من ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ ئیشت بۆ ده‌كه‌م، به‌رهه‌ڵستی هیچ فه‌رمانێكم نه‌كردوویت، ته‌نانه‌ت بزنێكیشت نه‌دامێ‌ تاكو له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم دڵم پێی خۆش بێت.30به‌ڵام بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ت، ئه‌وه‌ی به‌ ڕابواردن له‌گه‌ڵ داوێن‏پیسان گوزه‌رانی تۆی خوارد، گوێره‌كه‌ی دابه‌ستراوی بۆ سه‌رده‌بڕی.31ئینجا باوكه‌كه‌ پێی ووت: كوڕم، تۆ گشت كات له‌گه‌ڵم دای، ئه‌وه‌ی هه‌مه‌ هی تۆیه‌،32به‌ڵام پێویسته‌ دڵشاد بین‏و كه‌یف‏خۆش بین، چونكه‌ براكه‌ت مرد‏بوو زیندووبووه‌وه‌، وون‏بوو بوو دۆزراوه‌ته‌وه‌.)

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9