لۆقا1

چۆن ئه‌م مزگێنییه‌ نووسرا

1ئه‌ی پـایه‌به‌رز سـاوفیلۆس‏*، كاتـێ‌ زۆر كـه‌س هه‌سـتان به‌نووسـینی ئه‌و ڕووداوانـه‌ی لای ئـێـمه‌ ڕوویـدابـوو،2به‌پێی ئه‌وه‌ی به‌‏ده‌ستمان گه‌یشتبوو، له‌وانه‌ی له‌سـه‌ره‌تاوه‌ بـیـنـه‌ری ڕووداوه‌كـان‏و خـزمه‌تـكـاری ووشــه‌كـه‌ بـوون.3دوای ئـه‌وه‌ی هــه‌مـوو شـتێكم به‌ ووردی لـه‌سـه‌ره‌تای باسـه‌كـه‌وه‌ پشكنی، وام به‌‏باش زانی به‌ڕیـَك‏وپێكـی‏و یه‌ك لـه‌دوای یه‌ك بۆتی بنووسم،4تاكو ڕاسـتی ئه‌و شـتانه‌ بزانی كه‌ ڕاگه‌ێندراوه‌.

مزگێنی له‌‏دایك‏بوونی یه‌حیا

5له‌سه‌رده‌می هێرۆدسی پادشای ناوچه‌ی یه‌هودیا، كاهینێك* هه‌بوو ناوی زه‌كه‌ریا* بوو له‌كۆمه‌ڵه‌ی ئه‌بیا، ژنه‌كه‌شی ناوی ئه‌لیسابات بوو له‌‏نه‌وه‌ی هاڕون*،6هه‌ردووكیان مرۆڤی چاك بوون له‌به‌رچاوی خودا، په‌یڕه‌وی ڕاسپارده‌كان‏و فێركردنه‌كانی خوداوه‌ندیان ده‌كرد به‌بێ‌ كه‌م‏وكوڕی.7منداڵیان نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌لیسابات نه‌زۆك بوو، هه‌ردووكیشیان زۆر به‌ساڵدا چووبوون.
8له‌كاتێكدا زه‌كه‌ریا له‌‏نۆره‌ی كۆمه‌ڵه‌كه‌ی خۆیدا كاروباری كاهینایه‌تی جێ‌به‌جێ‌ ده‌كرد.9به‌پێی نه‌ریتی ئه‌وسای كاهینایه‌تی نۆره‌ی هات بچێته‌ ناو په‌رستگای خوداوه‌ند*و بخورد بسووتێنێ‌.10له‌كاتی سووتانی بخورده‌كه‌دا، خه‌ڵكی هه‌موو له‌‏ده‌ره‌وه‌ نوێژیان ده‌كرد.11له‌لای ڕاستی قوربانگه‌ی* بخورده‌كه‌وه‌ فریشته‌یه‌كی خوداوه‌ند ده‌ركه‌وت.12كاتێ‌ زه‌كه‌ریا ئه‌مه‌ی بینی، تێك ‎چوو، ترسی لـێ‌نیشت.13به‌ڵام فریشته‌كه‌ پێی ووت: (ئه‌ی زه‌كه‌ریا مه‌ترسه‌‏، چونكه‌ نوێژه‌كه‌ت بیسترا، هه‌روه‌ها ژنه‌كه‌ت ئه‌لیسابات له‌ تۆ كوڕێكی ده‌بێت‏و ناوی ده‌نێیت یه‌حیا.14پێی شادومان ده‌بیت‎و زۆر كه‌س به‌ له‌دایك بوونی دڵخۆش ده‌بن.15چونكه‌ لای خوداوه‌ند مه‌زن ده‌بێت. شه‌راب‏و مه‌ی ناخواته‌وه‌، هه‌ر له‌سكی دایكیه‌وه‌ پڕ ده‌بێت له‌ڕۆحی پیرۆز.16هه‌روه‌ها زۆر له‌‏ڕۆڵه‌كانی ئیسرائیل بۆ لای خوداوه‌ندی خۆیان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌.17به‌ڕۆح‏و توانای ئه‌لیاسه‌وه‌ پێش خوداوه‌ند ده‌كه‌وێت، تا باوكان له‌گه‌ڵ مناڵاندا ئاشت‎بكاته‌وه‌و یاخیبووان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دانایی ڕاست‏ودروستان، ئینجا گه‌ل بۆ خوداوه‌ند ئاماده‌بكات.)18زه‌كه‌ریاش به‌‏فریشته‌كه‌ی ووت: (به‌چی ئه‌مه‌ بزانم، چونكه‌ من پیاوێكی به‌ته‌مه‌نم‏و ژنه‌كه‌شم به‌ساڵدا چووه‌‏؟‏)19فریشته‌كه‌ وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (من ئه‌و جبرائیله‌م له‌‏باره‌گای خودا ڕاده‌وه‌ستم، نێرراوم بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵت بدوێم‏و ئه‌م مژده‌یه‌ت‏ بده‌مێ‌.20جا ئه‌وه‌تا تۆ لاڵ ده‌بیت‎و توانای قسه‌كردنت نامێنێ‌ تا ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌مه‌ی تیا ده‌بێت، چونكه‌ باوه‌ڕت به‌‏ووته‌كانم نه‌كرد، ئه‌وه‌ی له‌‏كاتی خۆی دێته‌دی.)21خه‌ڵكه‌كه‌ چاوه‌ڕوانی زه‌كه‌ریا یان ده‌كردو سه‌رسام بوو‏بوون له‌‏دواكه‌وتنی له‌ناو په‌رستگادا.22به‌ڵام كاتێ‌ هاته‌‏ده‌ره‌وه‌ نه‌یتوانی له‌گه‌ڵیان بدوێ‌، ئینجا زانییان كه‌ له‌په‌رستگادا بینینی خودایی دیوه‌. به‌‏ئیشاره‌ت له‌گه‌ڵیان ده‌دواو هه‌ر به‌لاڵی مایه‌وه‌.23كاتێ‌ ڕۆژانی خزمه‌ت‏كردنی له‌ناو په‌رستگادا ته‌واو‏بوو، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.
‏
24دوای ئه‌وه‌، ئه‌لیساباتی ژنی سكی پڕ‏بوو، ماوه‌ی پێنج مانگ ئه‌م شته‌ی شارده‌وه‌و ده‌یووت: (25خوداوه‌ند وای‏لـێ‌كردم، له‌م ڕۆژانه‌دا ئاوڕی لـێ‌دامه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شوره‌ییو سه‌ر شۆڕیم له‌ناو خه‌ڵكی له‌سه‌ر لابه‌رێ‌.)

مزگێنی له‌‏دایك‏بوونی عیسا

26كاتێ‌ ئه‌لیسابات سكی شه‌ش مانگ‏بوو، جبرائیلی فریشته‌ له‌‏لایه‌ن خوداوه‌ نێررا بۆ شارێك له‌ناوچه‌ی جه‌لیل ناوی ناسیره‌ بوو،27بۆ لای كچێكی نیشان‏كراو له‌پیاوێك ناوی یوسف بوو، له‌‏بنه‌ماڵه‌ی داود، ناوی ئه‌م كچه‌ش مریه‌م بوو.28فریشته‌كه‌ هاته‌ لایو پێی ووت: (ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ره‌كه‌تی خودات به‌سه‌ردا ڕژاوه‌، سڵاوت لـێ‌‏بێ‌، خوداوه‌ندت ‏له‌گه‌ڵه‌.)29مریه‌م به‌ووته‌ی فریشته‌كه‌ شێواو بیری كرده‌وه‌ ده‌بێ‌ ئه‌م جۆره‌ سڵاوكردنه‌ چی‏بێت.30فریشته‌كه‌ پێی ووت: (مه‌ترسه‌ ئه‌ی مریه‌م، خودا به‌ره‌كه‌تی پێت داوه‌،31ئا ئه‌وه‌تا سكت پڕ ده‌بێ‌و كوڕێكت ده‌بێ‌ ناوی ده‌نێیت عیسا.32ئه‌و مه‌زن ده‌بێت، به‌ڕۆڵه‌ی خودا ناوده‌برێت، خوداوه‌ند خوداش ته‌ختی داودی باوكی پێ‌ده‌به‌خشێ‌.33هــه‌روه‌هــا تـاهه‌تایه‌ به‌سه‌ر ماڵی یاقوبدا فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ‏ده‌كات، پادشاهێتیه‌كه‌شی كۆتایی بۆ نییه‌.)34مریه‌م به‌‏فریشته‌كه‌ی ووت: (چۆن شتیوا ڕوو ده‌دا كه‌ من شووم نه‌كردبێ‌؟)35فریشته‌كه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌: ( ڕۆحی پیرۆز دێ‌ به‌سه‌رتاو هێزی خودا سایه‌ی سه‌رت ده‌بێت. چونكه‌ ئه‌و پیرۆزه‌ی لێت ده‌بێت به‌‏ڕۆڵه‌ی خودا ناوده‌برێت.36‏ئه‌وه‌تا ئه‌لیساباتی خزمیشت به‌و ته‌مه‌نه‌ به‌ساڵدا چووه‌وه‌ سكی پڕه‌ به‌ كوڕێك. ئا ئه‌وه‌ی پێیان ده‌ووت نه‌زۆك سكی شه‌ش مانگه‌.37چونكه‌ هیچ شتێك نییه‌ لای خودا نه‌بێت.)38مریه‌م ووتی: (من خزمه‌تكاری خوداوه‌ندم. ئه‌وه‌ی ده‌یڵێیت ڕازیم به‌بوونی.) جا فریشته‌كه‌ به‌جێیهێشت.

دیده‌نی مریه‌م‏و‏ ‏ئه‌لیسابات‏

39هه‌ر له‌و ڕۆژانه‌دا، مریه‌م به‌‏خێرایی به‌ره‌و شاخ ڕۆیشت، به‌‏مه‌به‌ستی شارێك له‌ شاره‌كانی ناوچه‌ی یه‌هوزا.40چووه‌ ماڵی زه‌كه‌ریاو سڵاوی له‌‏ئه‌لیسابات كرد.41كاتێ‌ ئه‌لیسابات گوێی له‌‏سڵاوی مریه‌م بوو، منداڵه‌كه‌ له‌سكیدا جوڵا، ئینجا ئه‌لیسابات پڕبوو له‌ڕۆحی پیرۆز.
‏
42به‌‏ده‌نگێكی به‌رز هاواری‏كردو ووتی: (تۆ له‌ناو ژناندا پیرۆزیت، پیرۆزه‌ ئه‌وه‌ی له‌‏سكتدایه‌.43من‏كێم هه‌تا دایكی گه‌وره‌كه‌م بێت بۆ لام؟44‏كه‌ سڵاوی تۆ گه‌یشته‌ گوێم، له‌‏خۆشیدا منداڵه‌كه‌ له‌‏سكمدا جوڵایه‌وه‌.45خۆزگه‌ ده‌خوازرێ‌ به‌وه‌ی باوه‌ڕی هێناوه‌ به‌وه‌ی چی له‌‏خوداوه‌نده‌وه‌ پێی ووتراوه‌ د‏ێته‌دی.)

ستایشی مریه‌م

46مریه‌م ووتی: (گیانم ستایشی خوداوه‌ند ده‌كات،47ڕۆحم دڵشاده‌ به‌خودای ڕزگاركه‌رم.48چونكه‌ سه‌یری ساكاری كاره‌كه‌ره‌كه‌یكرد، ئه‌وه‌تا له‌ئێستا به‌دواوه‌ هه‌موو نه‌وه‌كان خۆزگه‌م پێ‏ده‌خوازن.49چونكه‌ توانادار كاری مه‌زنی به‌‏من ئه‌نجام‎دا، پاك‎و‏پیرۆزه‌ ناوی ئه‌و،50به‌زه‌یی بۆ ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌ لیێ‌ده‌ترسن.51هێزی ده‌ستی ده‌رخست، خواستی لووت به‌رزه‌كانی ته‌فروتونا كرد له‌بۆچوونه‌كانی دڵیان،52تواناداره‌كانی له‌‏ته‌خته‌كانیان هێنایه‌ خواره‌وه‌و ساكاره‌كانی بڵند كرده‌وه‌.53برسییه‌كانی له‌خێرو به‌ره‌كه‌تی خۆی تێركرد، ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی به‌‏ده‌ستی به‌تاڵ ڕه‌وانه‌كرد.54یارمه‌تی ئیسرائیلی خزمه‌تكاری خۆی داو به‌زه‌یی خۆی یادكه‌وته‌وه‌،55هه‌ر وه‌كو چۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ باپیرانمان كردبوو، له‌گه‌ڵ ئیبراهیم‏و نه‌وه‌كانی بۆ هه‌تاهه‌تایه‌.)56دوای ئه‌وه‌ی مریه‌م لای ئه‌لیسابات نزیكه‌ی سێ‌ مانگ مایه‌وه‌، گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی.

له‌ دایك‏بوونی حه‌زره‌تی یه‌حیا

57ئه‌لیسابات كاتی منداڵ بوونی هات‏و كوڕێكی بوو.58دراوسێكانیو خزمانی بیستیان كه‌ خوداوه‌ند به‌زه‌یی مه‌زنی خۆی به‌سه‌ردا ڕژاندووه‌، له‌گه‌ڵی شادومان بوون.59له‌ڕۆژی هه‌شته‌مدا ئاماده‌‏بوون، بۆ ئه‌وه‌ی كوڕه‌كه‌ خه‌ته‌نه‌ بكه‌ن، خه‌ریك بوو ناوی بنێن زه‌كه‌ریا، له‌سه‌ر ناوی باوكی.60به‌ڵام دایكی ووتی: (نه‌خێر، به‌ڵكو ناوی ده‌نرێ‌ یه‌حیا.)61پێیان ووت: (كه‌س نییه‌ له‌خێڵه‌كه‌تدا به‌م ناوه‌ ناونرابێت.)62به‌ئیشاره‌ت به‌باوكیان ووت: (چ ناوێكی ئه‌وێ‌ ناوبنرێ‌؟)63ته‌خته‌یه‌كی داوا‏كردو له‌سه‌ری نووسی: (ناوی یه‌حیایه‌.) هه‌موویان له‌مه‌ سه‌رسام بوون.64ده‌ست‏به‌جێ‌ زه‌كه‌ریا زمانی كرایه‌وه‌‏و ده‌ستی كرد به‌ستایش كردنی خودا.65هه‌موو دراوسێكانی ترسیان لـێ‌نیشت، ئه‌م كارانه‌ش له‌ناوچه‌ی چیای یه‌هودیا‏، بوو به‌قسه‌و باسی ناو خه‌ڵكی.66هه‌موو ئه‌وانه‌ی ‏ئه‌مه‌یان بیست، ئه‌م باسه‌یان خسته‌ دڵیانه‌وه‌، ووتیان: (ئایا ئه‌م منداڵه‌ ده‌بێ‌ به‌‏چی؟) چونكه‌ ده‌ستی خوداوه‌ندی له‌گه‌ڵ بوو.

ستایشی زه‌كه‌ریا

67زه‌كه‌ریای باوكی پڕ‏بوو له‌ڕۆحی پیرۆز، به‌ووشه‌ی خودا دواو ووتی: (68ستایش بۆ خوداوه‌ند خودای ئیسرائیل، چونكه‌ گه‌له‌كه‌ی به‌سه‌ركرده‌وه‌و به‌خوێن كڕییه‌وه‌.69هێزیكی بۆ ڕزگاریمان هه‌ڵسانده‌وه‌ له‌‏ماڵی داودی به‌نده‌ی خۆی.70هه‌روه‌ك له‌كۆنه‌وه‌ دواوه‌ به‌زمانی پێغه‌مبه‌ره‌ پیرۆزه‌كانیه‌وه‌.71بۆ ڕزگاریمان له‌دوژمنان‏و له‌ده‌ستی ناحه‌زانمان.72بۆ ده‌رخستنی به‌زه‌یی خۆی به‌رامبه‌ر باپیرانمان. بۆ یادكردنه‌وه‌ی په‌یمانی پیرۆزی.73ئه‌و سوێنده‌ی بۆ ئیبراهیمی باوكمانی خوارد.74بۆ فریاكه‌وتنمان له‌ده‌ستی دوژمنان، تا بێ‌‏ترس بیپه‌رستین،75به‌‏پیرۆزیو ڕاست‏ودروستی به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو ڕۆژانی ژیانمان.76تۆش ئه‌ی منداڵ، پێغه‌مبه‌ری خودات پێ‌ده‌ووترێ‌، چونكه‌ پێش خوداوه‌ند ده‌كه‌وی تا ڕێگای بۆ ئاماده‌ بكه‌یت.77تاكو گه‌له‌كه‌ی فێر بكه‌یت كه‌وا ڕزگاری به‌لێخۆش‎بوونی گوناهیان ده‌بێت.78چونكه‌ به‌هۆی به‌زه‌ییو میهره‌بانی خودامان، خۆری به‌ره‌به‌یان له‌ئاسمانه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ‌.79تا ڕووناكی بدات به‌وانه‌ی له‌ناو تاریكیو له‌سێبه‌ری مه‌رگدا دانیشتوون، تا قاچه‌كانمان به‌ره‌و ڕێگای ئاشتی ببات.)80منداڵه‌كه‌ گه‌شه‌ی ده‌كردو له‌‏ڕۆح به‌هێز ده‌بوو، له‌‏ده‌شت‏و‏ده‌ر مایه‌وه‌ تا ئه‌و ڕۆژه‌ی خۆی بۆ ئیسرائیل ده‌رخست‏.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9