یۆحەنا19

فه‌رمانی كوشتنی عیسا

1ئیتر پیلاتۆس فه‌رمانیدا عیسا ببرێت و به‌‏قامچی لێیبدرێت.2سه‌ربازه‌كان تاجێكیان له‌‏دڕك چنیو خستیانه‌ سه‌ر سه‌ری، جلێكی ئه‌رخه‌وانییان له‌به‌ركرد.3لێی ده‌چوونه‌ پێشه‌وه‌‏و پێیان ده‌‏ووت: (سڵاو! ئه‌ی پادشای جووله‌كه‌!)، زلله‌یان لـێ‌ده‌دا.4جارێكیكه‌ پیلاتۆس هاته‌ده‌ره‌وه‌ بۆ لای خه‌ڵكه‌كه‌‏و پێی ووتن: (من ده‌ی هێنمه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆلاتان تا بزانن من هیچ گوناهێكی تیادا نابینم!)5عیسا به‌تاجی دڕكاوی‏و جلی ئه‌رخه‌وانییه‌وه‌ هاته‌ده‌ره‌وه‌‏، ئینجا پیلاتۆس به‌وانی ووت: (‏ئه‌وه‌تا پیاوه‌كه‌!)6كاتێ‌ سه‌رۆك كاهینه‌كان‏و پاسه‌وانه‌كان بینیان‏، هاواریان كرد: (له‌‏خاچی بده‌! له‌‏خاچی بده‌!) ئه‌وسا پیلاتۆس پێیووتن: (ئێوه‌ بیبه‌ن‏و له‌خاچی بده‌ن، من هیچ گوناهێكی تیادا نابینم!)7جووله‌كه‌كان وه‌ڵامیان‎دایه‌وه‌: (شه‌ریعه‌تمان هه‌یه‌. به‌پێی شه‌ریعه‌تی ئێمه‌ ده‌بێ‌ بمرێ‌، چونكه‌ خۆی كردووه‌ به‌ ڕۆڵه‌ی خودا.)
8كاتێ‌ پیلاتۆس گوێی له‌م قسه‌یه‌ بوو زیاتر ترسا،9چووه‌ ناو كۆشكه‌كه‌یو له‌عیسای پرسی: (تۆ خه‌ڵكی كوێی؟) به‌ڵام عیسا هیچ وه‌ڵامێكی نه‌دایه‌وه‌.10پیلاتۆس پێیووت: (بۆ قسه‌م له‌گه‌ڵ ناكه‌یت؟ ئایا نازانی من ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌م هه‌یه‌ ئازادت بكه‌م‎ یان له‌‏خاچت بده‌م؟)11عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (تۆ هیچ ده‌سـه‌ڵاتێكت به‌سه‌ر منه‌وه‌ نییه‌، گـه‌ر لـه‌ ســه‌ره‌وه‌ به‌تۆیان نه‌دابێ‌. جـا لـه‌به‌رئه‌وه‌، ئـه‌وه‌ی مـنی داوه‌ته‌ ده‌ست تۆ گـوناهێكـی گـه‌وره‌تری هه‌یه‌‏.)
12ئیتر له‌به‌رئه‌مه‌ پیلاتۆس هه‌وڵی ئازادكردنی عیسایدا، به‌ڵام جووله‌كه‌كان هاواریان‎كرد: (گه‌ر ئه‌مه‌ت ئازادكرد، ئیتر هاوڕێی قه‌یسه‌ر نیت. ‏هه‌ر كه‌سێك خۆی بكات به‌‏پادشا، دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ قه‌یسه‌ر ده‌كات.)13كاتێ‌ پیلاتۆس گوێی له‌م قسانه‌ بوو، ‏عیسای برده‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌وسا له‌سه‌ر كورسی فه‌رمانڕه‌وایی دانیشت، له‌‏شوێنێك پێیده‌ووترێ‌ به‌ردڕێژكراو به‌‏زمانی عیبریش گه‌باسا.14كاته‌كه‌ش نزیكه‌ی دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆ بوو‏، له‌و ڕۆژه‌دا [[[ڕۆژی هه‌ینی]]] خۆ ئاماده‌ده‌كرا بۆ جه‌ژنی تێپه‌ڕبوون. ئینجا پیلاتۆس به‌‏جووله‌كه‌كانی ووت: (ئا ئه‌وه‌تا پادشاكه‌تان!)15ئه‌وانیش هاواریان‎كرد: (بیبه‌! بیبه‌! له‌خاچی بده‌!) پیلاتۆس لێیپرسـین: (ئایا پادشاكـه‌تان له‌خاچ بده‌م؟) ئه‌وسا سه‌رۆك كاهینه‌كان وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (هیچ پادشایه‌كمان نییه‌ جگه‌ له‌ قه‌یسه‌ر.)16ئیتر پیلاتۆس دایه‌ ده‌ستیان تا له‌‏خاچ بدرێ‌. له‌ خاچدان
ئه‌وانیش عیسایان بردو ڕۆیشتن.
17عیساش هاته‌ده‌ره‌وه‌و خاچه‌كه‌ی هه‌ڵگرت به‌ره‌و ئه‌و شوێنه‌ ڕۆیشت كه‌ ناسرا‏بوو به‌‏شوێنی كاسه‌ی سه‌ر به‌زمانی عیبری پێیده‌وترێ‌ (گولگۆسه‌)،18له‌وێ‌ له‌گه‌ڵ دوو پیاو له‌خاچیاندا، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ لایه‌كیه‌وه‌، عیساش له‌ ناوه‌ڕاست.19پیلاتۆس له‌سه‌ر خاچه‌كه‌ دروشمێكی هه‌ڵواسی بوو له‌سه‌ری نووسرا بوو: (عیسای ناسیری پادشای جووله‌كه‌.)20جووله‌كه‌یه‌كی زۆر دروشمه‌كه‌یان خوێنده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی عیسای تیا‏دا له‌‏خاچدرابوو له‌‏شار نزیك بوو‏. دروشمه‌كه‌ش به‌زمانی عیبریو لاتینیو یۆنانی نووسرا بوو.21سه‌رۆك كاهینه‌كانی جووله‌كه‌ به‌‏پیلاتۆسیان ووت: (مه‌نووسه‌: (پادشای جووله‌كه‌)، به‌ڵكو بنووسه‌‏: (ئه‌م پیاوه‌ خۆی ده‌یووت: من پادشای جووله‌كه‌م.))
‏
22پیلاتۆس وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (ئه‌وه‌ی نووسیومه‌، نووسیومه‌!)
23كاتێ‌ سه‌ربازه‌كان عیسایان له‌‏خاچدا، جله‌كانیان بردو كردیان به‌چوار به‌شه‌وه‌، هه‌ر سه‌ربازو به‌شێكی برد. هه‌روه‌ها كراسه‌كه‌شیان برد، كه‌ سه‌رتاپا به‌بێ‌ دروون له‌یه‌ك پارچه‌ چنرابوو.24‏ئینجا سه‌ربازه‌كان به‌یه‌كتریان ووت: (پێویست ناكات بیدڕێنین، به‌ڵكو شێروخه‌تی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین بزانین به‌ركێ‌ ده‌كه‌وێ‌.)
ئه‌مه‌ش ڕوویدا تا ئه‌وه‌ی له‌‏كتێبی پیرۆزدا نووسراوه‌ بێته‌دی: [[جله‌كانمیان له‌‏نێوان خۆیان به‌ش‎كرد‏و شێروخه‌تیان له‌سه‌ر كراسه‌كه‌م كرد.]] ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌ سه‌ربازه‌كان كردیان.
25له‌وێ‌ له‌لای خاچه‌كه‌ی عیسا، دایكی له‌گه‌ڵ مریه‌می ژنی كلۆپا كه‌ پووری بوو، هه‌روه‌ها مریه‌می مه‌جده‌لی وه‌ستابوون.26كاتێ‌ عیسا دایكی بینی، به‌ ته‌نیشت ئه‌و قوتابیه‌وه‌ وه‌ستاوه‌ كه‌ خۆشیده‌ویست، به‌دایكیووت: (ئه‌ی ئافره‌ت، ئه‌مه‌ كوڕته‌!)27ئینجا به‌‏قوتابیه‌كه‌ی ووت: (ئه‌مه‌ دایكته‌.) له‌و‏كاته‌وه‌ قوتابیه‌كه‌ بردیه‌ ماڵی خۆی.

مردنی عیسا

28دوای ئه‌وه‌ی عیسا بینی هه‌موو شتێ‌ ته‌واو بوو، ووتی: (‏تینوومه‌.) تا ئه‌وه‌ی له‌‏كتێبی پیرۆز باس‎كراوه‌ بێته‌دی.29له‌وێ‌ قاپێكی پڕ له‌سركه‌ هه‌بوو، ئیسفه‌نجێكیان كرد به‌‏سركه‌كه‌و به‌‏قامیشێك به‌رزیان‏كرده‌وه‌ بۆ ده‌می.30كاتێ‌ عیسا ده‌می له‌سركه‌كه‌دا، ووتی: (ته‌واو‏بوو!) ئینجا سه‌ری دانه‌واندو گیانی سپارد.
31جا چونكه‌ ئه‌و ڕۆژه‌ ڕۆژی خۆئاماده‌كردن بوو بۆ جه‌ژنی تێپه‌ڕبوون، ڕۆژی پاشتریش شه‌ممه‌یه‌كی مه‌زن بوو، هه‌روه‌ها تا لاشه‌كان به‌ هه‌ڵواسراوه‌یی له‌سه‌ر خاچه‌كان نه‌مێننه‌وه‌، جووله‌كه‌كان داوایان له‌‏پیلاتۆس كرد قاچی له‌‏خاچدراوه‌كان بشكێنرێ‌و لاشه‌كانیان هه‌ڵگیرێ‌.32ئینجا سه‌ربازه‌كان هاتن‏و هه‌ردوو قاچی ئه‌و دوو پیاوه‌یان شكاند كه‌ له‌گه‌ڵ عیسا له‌‏خاچدرابوون‏.33به‌ڵام كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ سه‌ر عیسا‏، سه‌یریان‎كرد مردووه‌، ئیتر قاچیان نه‌شكاند.34ئینجا یه‌كێك له‌‏سه‌ربازه‌كان ڕمێكی كرد به‌لاته‌نیشتی، یه‌كسه‌ر خوێن‏و ئاوی لـێ‌ هاته‌ده‌ره‌وه‌.35جا ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی بینی خۆی شایه‌تی ده‌دا، شایه‌تیه‌كه‌شی ڕاسته‌، خۆی به‌‏ته‌واوی ده‌زانێ‌ كه‌ ڕاستی ده‌ڵێ‌، هه‌تا ئێوه‌ش باوه‌ڕبهێنن.36ئه‌مه‌ش ڕوویدا تا ئه‌وه‌ی له‌‏كتێب باسكراوه‌ بێته‌دی: [[ئێسقانێكی لـێ‌ناشكێ‌!]]37هه‌روه‌ها له‌‏شوێنێكیتر له‌كتێب باسكراوه‌: [[سه‌یری ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ڕمیان لـێ‌داوه‌.]]

ناشتنی عیسا

38پاش ئه‌وه‌ یوسف ناوێك كه‌ خه‌ڵكی ڕامه‌ بوو داوای له‌پیلاتۆس كرد تا ڕێیبدات لاشه‌كه‌ی عیسا به‌رێ‌، ئه‌م یوسفه‌ش قوتابی عیسا بوو‏، به‌ڵام به‌ نهێنی چونكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی جووله‌كه‌ ده‌ترسا، ئیتر پیلاتۆس ڕێیدا. ئینجا یوسف هات‏و لاشه‌كه‌ی عیسای هه‌ڵگرت.39هه‌روه‌ها نیقۆدیمۆسیش هات ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ پێشا به‌شه‌و هاتبوو بۆ لای عیسا‏. له‌گه‌ڵ خۆی نزیكه‌ی سی لیتر بۆنی مۆڕی تێكه‌ڵاو به‌ عودی هێنا.40لاشه‌كه‌ی عیسایان هێناو له‌گه‌ڵ بۆن به‌‏كفن پێچایانه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ی نه‌ریتی جووله‌كه‌ بوو له‌ ناشتن.41له‌و شوێنه‌ی عیسای تیا‏دا له‌ خاچدرا باخچه‌یه‌كی لـێ‌بوو، له‌ باخچه‌كه‌شدا گۆڕێكی تازه‌ی لـێ‌بوو، له‌وه‌و پێش كه‌سی تیادا نه‌نێژرا بوو.42هه‌ردووكیان عیسایان له‌و گۆڕه‌دا ناشت چونكه‌ نزیك بوو، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ ڕۆژی خۆئاماده‌كردن بوو له‌لای جووله‌كه‌كان.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9