یۆحەنا18

گرتنی عیسا

1دوای ئه‌وه‌ی عیسا له‌م ووتانه‌ی بووه‌وه‌، له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی كه‌وتنه‌ ڕێ‌و دۆڵی قه‌درونیان بڕی. له‌وێدا باخچه‌یه‌ك هه‌بوو خۆیو قوتابیه‌كانی چوون بۆ ئه‌وێ‌.2به‌ڵام ئه‌و یه‌هوزایه‌ی ناپاكی له‌گه‌ڵ كرد، ئه‌و شوێنه‌ی ده‌زانی، چونكه‌ عیسا زۆر جار له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی تیا‏دا كۆده‌بووه‌وه‌.3ئینجا یه‌هوزا به‌ره‌و ئه‌وێ‌ چوو، تیپێك سه‌رباز‏و پاسه‌وانانی په‌رستگای له‌گه‌ڵ خۆی برد، ئه‌وانه‌ی ‏سه‌رۆك كاهینه‌كان‏و فه‌ریسیه‌كان ناردبوویانن، چراو مه‌شخه‌ڵ‏و چه‌كیان هه‌ڵگرتبوو.4عیسا ده‌یزانی چی به‌سه‌ر دێ‌، به‌ره‌و ڕوویان چوو‏، ووتی: (كێتان ده‌وێ‌؟)5وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (عیسای ناسری). ئه‌ویش پێی ووتن: (من ئه‌وم). ئه‌و یه‌هوزایه‌ی كه‌ ناپاكی له‌گه‌ڵ كرد له‌گه‌ڵیان وه‌ستا بوو.6كاتێ‌ پێی ووتن: (من ئه‌وم) گه‌ڕانه‌وه‌ دواوه‌و كه‌وتن به‌ زه‌ویدا!7عیسا جارێكیكه‌ لێیپرسینه‌وه‌: (كێتان ده‌وێ‌؟) ئه‌وانیش له‌‏وه‌ڵامدا ووتیان: (عیسای ناسری.)8ئه‌ویش ووتی: (پێم ووتن: من ئه‌وم، گه‌ر ئێوه‌ به‌دوای مندا ده‌گه‌ڕێن، با ئه‌وانه‌یكه‌ بڕۆن.)9ئه‌مه‌ش بۆ هاتنه‌دی ئه‌و قسه‌یه‌ بوو كه‌ ووتی: (ئه‌وانه‌ی به‌منت‏دابوون كه‌سیان له‌ناونه‌چوو!)10شه‌معون په‌ترۆس شمشێرێكی پێ‌بوو ده‌ری هێنا‏و له‌‏كۆیله‌ی سه‌رۆك كاهینه‌كانی‏داو گوێچكه‌ی ڕاستی پێ‌بڕی. ئه‌و كۆیله‌یه‌ش ناوی مه‌لخه‌س بوو.11‏عیسا به‌ په‌ترۆسی ووت: (شمشێره‌كه‌ت بگه‌ڕێنه‌وه‌ كێلانه‌كه‌ی! ئایا ئه‌و جامه‌ی باوكم داویه‌تی پێم نه‌یخۆمه‌وه‌؟(

له‌به‌رده‌م سه‌رۆكی كاهینه‌كان

12ئیتر تیپه‌ سه‌ربازه‌كه‌و سه‌رتیپه‌كه‌یان‏و پاسه‌وانه‌كانی جووله‌كه‌ عیسایان گرت‏و به‌ستیانه‌وه‌.13یه‌كه‌مجار بردیان بۆ لای حـه‌نانی خـه‌زوری قه‌یافا كه‌ سه‌رۆك كاهین بوو لـه‌و ساڵه‌دا.14قه‌یافاش ئه‌و پیاوه‌ بوو كه‌ ڕاوێژی بۆ جووله‌كه‌كان كردبوو، باشتر وایه‌ پیاوێك بمرێ‌ له‌‏جیاتی هه‌موو گه‌ل.

په‌ترۆس نكۆڵی له‌عیسا ده‌كات

15شه‌معون په‌ترۆس له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كه‌ی تر كه‌ سه‌رۆكی كاهینه‌كان ده‌یناسی شوێنی عیسا كه‌وت. ئه‌و قوتابیه‌ له‌گه‌ڵ عیسا چووه‌ كۆشكی سه‌رۆك كاهین.16به‌ڵام په‌ترۆس له‌‏ده‌ره‌وه‌ له‌لای ده‌رگاكه‌ ڕاوه‌ستا. ئینجا قوتابیه‌كه‌ی تر كه‌ سه‌رۆك كاهینه‌كان ده‌یناسی هاته‌ده‌ره‌وه‌و قسه‌ی له‌گه‌ڵ كچه‌ ده‌رگاوانه‌كه‌دا كردو په‌ترۆسی هێنایه‌ ژووره‌وه‌.17كچه‌ ده‌رگاوانه‌كه‌ له‌ په‌ترۆسی پرسی: (ئایا تۆ یه‌كێك له‌‏قوتابیه‌كانی ئه‌م كابرایه‌ نیت؟) ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (نه‌خێر، له‌وان نیم.)18ئاووهه‌وا سارد بوو، خزمه‌تكاران‏و پاسه‌وانان ئاگریان كردبووه‌وه‌و له‌‏ده‌وری وه‌ستابوون خۆیان گه‌رم ده‌كرده‌وه‌، په‌ترۆسیش له‌گه‌ڵیان وه‌ستابوو خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌.
19سه‌رۆكی كاهینه‌كان پرسیاری له‌‏عیسا كرد ده‌رباره‌ی قوتابیه‌كانی‏و فێركردنه‌كه‌ی.20عیساش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (به‌ ئاشكرا قسه‌م بۆ جیهان كرد، له‌كه‌نیشت‏و په‌رستگادا له‌و شوێنه‌ی هه‌موو جووله‌كه‌كان لێی‏كۆده‌بوونه‌وه‌، هه‌موو كاتێ‌ خه‌ڵكم فێرده‌كرد، هیچ شتێكم به‌‏نهێنی نه‌وتووه‌.21بۆچی پرسیار له‌ من ده‌كه‌یت؟ پرسیار له‌وانه‌ بكه‌ كه‌ گوێیان له‌‏قسه‌كانم بووه‌، ئه‌وان ده‌زانن چیم ووتوه‌!)22كاتێ‌ عیسا ئه‌مه‌ی ووت یه‌كێك له‌‏خزمه‌تكاره‌كان زلله‌یه‌كی لـێ‌داو پیێ‌ووت: (ئاوها وه‌ڵامی سه‌رۆكی كاهینان ده‌ده‌یته‌وه‌؟)23عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (گه‌ر قسه‌ی خراپم كردووه‌ بڵێ‌ چیم ووتووه‌، گه‌ر ڕاستیشم ووتووه‌، ئیتر بۆچی لێم ده‌ده‌یت؟)24ئه‌وسا حه‌نان به‌ده‌ستی به‌ستراوه‌وه‌ ناردی بۆ لای قه‌یافای سه‌رۆك كاهین.25هێشتا شه‌معون په‌ترۆس له‌وێ‌ ڕاوه‌ستابوو خۆی گه‌رم ده‌كرده‌وه‌، لێیان پرسی: (ئایا تۆش له‌ قوتابیه‌كانی ئه‌و نیت؟) ئه‌ویش نكۆڵی لێ‌كردو ووتی: (نه‌خێر، له‌وان نیم.)26یه‌كێك له‌‏خزمه‌تكارانی سه‌رۆكی كاهینان زاوای ئه‌و خزمه‌تكاره‌ بوو كه‌ په‌ترۆس گوێی لـێ‌كرده‌وه‌، ووتی: (ئه‌ی له‌باغچه‌كه‌دا تۆم له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌بینی؟)27دیسان په‌ترۆس نكۆڵی لێ‌كرد، ئینجا یه‌كسه‌ر كه‌ڵه‌شێر خوێندی!

عیسا ده‌درێته‌ ده‌ست پیلاتۆس

28ئیتر به‌یانی زوو عیسایان له‌‏ماڵی قه‌یافاوه‌ برد بۆ كۆشكی فه‌رمانڕه‌وایی ڕۆمه‌كان‏و ئه‌وان نه‌چوونه‌ ئه‌و كوشكه‌ نه‌وه‌ك پیس ببن‏و به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ نه‌توانن به‌شداری بكه‌ن له‌‏خواردنی جه‌ژنی تێپه‌ڕبوون.29ئه‌وسا پیلاتۆس هاته‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ لایان‎و لێیپرسین: (به‌چی ئه‌م پیاوه‌ تاوانبار ده‌كه‌ن؟)30وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (گه‌ر تاوانبار نه‌بووایه‌، نه‌مان‎ده‌دا به‌ده‌سته‌وه‌.)31پیلاتۆس ووتی: (ئێوه‌ بیبه‌ن، به‌پێی شه‌ریعه‌تی خۆتان حوكمی به‌سه‌ردا بده‌ن.) ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (مافی ئه‌وه‌مان نییه‌ كه‌س بكوژین.)32ئه‌مه‌ش ڕوویدا تاكو ئه‌وه‌ی عیسا ووتبووی له‌باره‌ی شێوه‌ی مردنه‌كه‌ی بێته‌دی‏.33ئینجا پیلاتۆس چووه‌ ناو كۆشكه‌كه‌ی‏و بانگی عیسا‏ی كردو لێیپرسی: (تۆ پادشای جووله‌كه‌ی؟)34عیسا له‌ وه‌ڵامدا ووتی: (ئایا تۆ له‌‏خۆته‌وه‌ ئه‌مه‌م پێ‌ده‌ڵێی، یاخود خه‌ڵكیكه‌ ده‌رباره‌ی من ئه‌مه‌یان پێ‌ ووتوی؟)35ئه‌وسا پیلاتۆس لێیپرسی: (ئایا من جووله‌كه‌م؟ گه‌له‌كه‌ت‏و سه‌رۆك كاهینه‌كان تۆیان داوه‌ته‌ ده‌ستی من. چیت كردووه‌؟)36عیساش له‌وه‌ڵامدا ووتی: (پادشاهێتی من سه‌ر به‌م جیهانه‌ نییه‌. گه‌ر پادشاهێتی من سه‌ر به‌م جیهانه‌ بووایه‌، ئه‌وسا خزمه‌تكاره‌كانم ده‌جه‌نگان تا نه‌درێمه‌ ده‌ست ده‌سه‌ڵاتدارانی جووله‌كه‌‏. به‌ڵام پادشاهێتی من هی ئێره‌ نییه‌.)37جا پیلاتۆس لێیپرسی: (كه‌واته‌ تۆ پادشای؟) ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (خۆت ووتت من پادشام. له‌به‌ر ئه‌مه‌ش له‌دایك بووم‎و هاتووم بۆ جیهان، تا‏شایه‌تی ‏بۆ ڕاستی بده‌م، هه‌ر كه‌سێ‌ له‌ڕاستی بێ‌ گوێ‌ له‌ ده‌نگم ده‌گرێ‌.)38پیلاتۆس پێی ووت: (ڕاستی چییه‌؟) دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ی ووت دیسان چووه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ لای جووله‌كه‌كان‏و ووتی: (من هیچ خراپه‌یه‌كی تیادا نادۆزمه‌وه‌!39ئێوه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕاهاتوون له‌‏جه‌ژنی تێپه‌ڕبووندا گیراوێكتان بۆ ئازاد بكه‌م. ئایا ده‌تانه‌وێ‌ پادشای جووله‌كه‌تان بۆ ئازاد بكه‌م؟)40هه‌موو هاواریان كردو ووتیان: (ئه‌مه‌ ئازاد مه‌كه‌! به‌ڵكو باراباس!) هه‌رچه‌نده‌ باراباس دزیش بوو.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9