یۆحەنا1

ووشه‌ی خودا

1‏له‌سه‌ره‌تاوه‌ ووشه‌كه‌* بوو، ووشه‌كه‌ لای خودا بوو، ووشه‌كه‌ش خۆی خودا بوو.2ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ لای خودا بوو.3به‌و هه‌موو شتێ‌ دروست‎بووه‌، بێ‌‏ئه‌و هیچ شتێك دروست نه‌بووه‌ له‌مانه‌ی كه‌ دروست بوون.4ژیان له‌‏ئه‌وا بوو، ئه‌و ژیانه‌ش ڕووناكی مرۆڤ بوو‏،5ڕووناكیش تاریكی ڕووناك ده‌كاته‌وه‌و تاریكی ناتوانێ‌ ڕووناكی ببه‌زێنێ‌.
6مرۆڤێك هات كه‌ خودا ناردبووی، ناوی یه‌حیا بوو،7ئه‌و هات شایه‌تی بۆ ڕووناكی بدات، تاوه‌كو هه‌مووان به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ باوه‌ڕبهێنن.8یه‌حیا خۆی ڕووناكییه‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو شایه‌تی ڕووناكییه‌كه‌ بوو.9ئه‌و ڕووناكیه‌ ڕاسته‌ی هه‌موو خه‌ڵكی ڕووناك ده‌كاته‌وه‌ هاته‌ جیهان،10ئه‌و له‌جیهاندا بوو، به‌ویش جیهان‏ دروست بوو، كه‌چی جیهان نه‌یناسی.11ئه‌و بۆ لای گه‌له‌كه‌ی هات‏، كه‌چی ئه‌وان پێشوازیان لێ‌نه‌كرد.12به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشوازیان لێ‌كرد، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ناوی هێنا، ده‌سه‌ڵاتی پێدان ببن به‌ڕۆڵه‌ی خودا*،13ئه‌وانه‌ی نه‌به‌خوێن، نه‌به‌ویستی له‌ش، نه‌به‌ویستی پیاو، به‌ڵكو له‌خوداوه‌ بوون.
14ئینجا ووشه‌كه‌ بوو به‌‏له‌ش‏و له‌‏ناوماندا نیشته‌جێ‌بوو، ئێمه‌ شكۆی ئه‌ومان بینی، شكۆی تاقانه‌ی باوك، ئه‌وه‌ی پڕ‏بوو له‌‏به‌ره‌كه‌ت‏و ڕاستی.15یه‌حیا شایه‌تی بۆده‌داو هاواری ده‌كرد: (ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باسم كردو ووتم: ئه‌وه‌ی له‌دوای من دێت له‌‏پێش من بوونی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی من ببم.)16هه‌موومان له‌‏پڕی ئه‌و به‌ره‌كه‌ت* له‌دوای به‌ره‌كه‌تمان وه‌رگرت،17چونكه‌ شه‌ریعه‌ت به‌هۆی موساوه‌ درا، به‌ڵام به‌ره‌كه‌ت‏و ڕاستی به‌هۆی عیسای مه‌سیحه‌وه‌ هاتن.18هه‌رگیز كه‌س خودای نه‌بینیوه‌، به‌ڵام تاقانه‌ی خودا، ئه‌وه‌ی له‌باوه‌شی باوكدایه‌، ئه‌و خودای بۆ ئێمه‌ ده‌رخست.

شایه‌تیدانی حه‌زره‌تی یه‌حیا‏

19ئه‌مه‌ش شایه‌تییه‌كه‌ی یه‌حیایه‌، كاتێ‌ جووله‌كه‌كانی قودس هه‌ندێ‌ كاهین‏و لاوییان نارد پرسیاری لـێ‌بكه‌ن: (تۆ كێیت؟‏)20ئه‌و به‌ بێ‌ دوودڵی دانی پیاناو ووتی: (من مه‌سیح نیم.)21ئینجا لێیان پرسی: (ئه‌ی تۆ كێیت؟ ئه‌لیاسی؟) ووتی: (نه‌خێر! ئه‌و نیم.) ووتیان: (ئایا پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی ؟) ووتی: (نه‌خێر.)22له‌كۆتاییدا ووتیان: (باشه‌ تۆ كێیت، تا وه‌ڵامه‌كه‌ بده‌ینه‌وه‌ به‌و كه‌سانه‌ی ئێمه‌یان ناردووه‌؟ چی ده‌ڵێیت ده‌رباره‌ی خۆت؟)23ئه‌ویش ووتی: )من [[‏ده‌نگێكم له‌‏ده‌شت‏و‏ده‌ر هاوار ده‌كه‌م: ڕێگای خوداوه‌ند ڕێك‏و ئاماده‌كه‌ن]]، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌شعیای پێغه‌مبه‌ر ووتویه‌تی.(24ئه‌وانه‌ی له‌‏لایه‌ن فه‌ریسیه‌كانه‌وه‌ نێررابوون،25دیسان پرسییان: (باشه‌ گه‌ر تۆ مه‌سیح نیت‏و ئه‌لیاس نیت‏و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ نیت‏، ئیتر بۆچی خه‌ڵكی له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشیت؟)26وه‌ڵامی دایه‌وه‌: (من خه‌ڵكی له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشم‏، به‌ڵام له‌‏نێوانتاندا یه‌كێك هه‌یه‌ كه‌ نایناسن،27ئه‌و دوای من دێت، من شایانی ئه‌وه‌ نیم قه‌یتانی پێڵاوه‌كانی بۆ بكه‌مه‌وه‌.)
28ئه‌مه‌ش ‏له‌‏دێی به‌یت‏عه‌نیا ڕوویدا، له‌وبه‌ری ڕووباری ئوردونه‌وه‌، له‌و شوێنه‌ی یه‌حیا خه‌ڵكی له‌ئاوهه‌ڵده‌كێشا.

به‌رخی قوربانی خودا

29ڕۆژێ‌ دوای ئه‌وه‌ یه‌حیا عیسای بینی وا به‌ره‌و ڕووی دێت، ووتی: (ئا ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا[]، ئه‌و قوربانییه‌ی گوناهی جیهان هه‌ڵ‎ده‌گرێت.30ئه‌مه‌ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ ده‌رباره‌ی ووتم، ئه‌وه‌ی له‌دوای من دێت له‌‏پێش من بوونی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و هه‌بووه‌ پێش بوونی من.31‏منیش نه‌م‎ده‌ناسی، به‌ڵام هاتووم بۆ له‌ئاوهه‌ڵكێشان تا ئه‌و بۆ ئیسرائیل ده‌ركه‌وێ‌.)32ئینجا یه‌حیا شایه‌تیداو ووتی: (‏ڕۆحی پیرۆزم* له‌شێوه‌ی كۆترێك بینی له‌‏ئاسمانه‌وه‌ هاته‌خواره‌وه‌و له‌سه‌ر عیسا نیشته‌وه‌.33من نه‌م‎ده‌ناسی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی منی ناردووه‌ خه‌ڵك له‌ئاوهه‌ڵكێشم، ئه‌و پێیووتم: ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت ڕۆح دێته‌خواره‌وه‌و له‌سه‌ری جێگیر ده‌بێ‌، ئه‌و خه‌ڵكی به‌ڕۆحی پیرۆز هه‌ڵده‌كێشێ‌.34له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مه‌م دیووه‌، شایه‌تی ده‌ده‌م ئه‌و ڕۆڵه‌ی خودایه‌.(

قوتابیه‌ یه‌كه‌مینه‌كان

35بۆ به‌یانی یه‌حیا له‌گه‌ڵ دوو قوتابی خۆی دیسان هه‌ر له‌وێ‌ ڕاوه‌ستا بوو،36كه‌ عیسا به‌وێدا ڕۆیشت سه‌یریكردو ووتی: (ئا ئه‌وه‌تا به‌رخی خودا .)37‏كاتێ‌ دوو قوتابیه‌كه‌ گوێیان له‌مه‌ بوو، دوای عیسا كه‌وتن.38عیسا ئاوڕیدایه‌وه‌و سه‌یریكرد ئه‌وان به‌‏دوایه‌وه‌ن، لێیپرسین: (چیتان ده‌وێت؟) ووتیان: (ڕابی، (واته‌ مامۆستا) له‌كوێ‌ ده‌ژیت؟)39وه‌ڵامی دانه‌وه‌و ووتی: (وه‌رن، ببینن.) ئینجا له‌گه‌ڵی ڕۆیشتن‏و ئه‌و شوێنه‌یان بینی كه‌ تیایدا ده‌ژیا‏، كات نزیكه‌ی چواری پاش نیوه‌ڕۆ بوو، ئه‌و ڕۆژه‌ له‌گه‌ڵی مانه‌وه‌.40ئه‌نده‌راوس كه‌ برای شه‌معون په‌ترۆس بوو، یه‌كێ‌ بوو له‌و دووانه‌ی دوای عیسا كه‌وتن، دوای ئه‌وه‌ی گوێیان له‌قسه‌ی یه‌حیا بوو.41هه‌ر كه‌ ئه‌نده‌راوس شه‌معونی برای دۆزییه‌وه‌، پێی ووت: (مه‌سیحمان دۆزیه‌وه‌) واته‌ ده‌ست‏نیشانكراو.42ئینجا بردی بۆ لای عیسا، عیسا به‌‏ووردی تێیڕوانی و ووتی: (تۆ شه‌معونی كوڕی یۆنای، به‌ڵام من بانگت ده‌كه‌م كێفا ، واته‌ په‌ترۆس.)
43بۆ به‌یانی عیسا بڕیاریدا بڕوات بۆ ناوچه‌ی جه‌لیل، كاتێ‌ فیلیپۆسی دۆزیه‌وه‌، پێی ووت: (دوام كه‌وه‌!)44فیلیپۆس وه‌ك ئه‌نده‌راوس‏و په‌ترۆس خه‌ڵكی شاری به‌یت سه‌یدا بوو.45ئینجا فیلیپۆس نه‌سه‌نائیلی دۆزیه‌وه‌ پێی ووت: (‏ئه‌وه‌ی موسا له‌‏ته‌وراتدا له‌سه‌ری نووسیوه‌و پێغه‌مبه‌رانیش له‌په‌رتووكه‌كانیان، دۆزیمانه‌وه‌. ئه‌و كه‌سه‌ عیسای كوڕی یوسفی خه‌ڵكی ناسیره‌یه‌.)46نه‌سه‌نائیل ووتی: (ئایا له‌‏شاری ناسیره‌ شتی چاك هه‌ڵ‎ده‌كه‌وێ‌؟) فیلیپۆس پێی ووت: (وه‌ره‌ سه‌یركه‌!)
47كه‌ عیسا نه‌سه‌نائیلی بینی وا به‌ره‌و ڕووی دێت، ووتی: (بێ‌گومان ئه‌مه‌ ئیسرائیلییه‌كی بێ‌غه‌لوغه‌شه‌!)48نه‌سه‌نائیل له‌عیسای پرسی: (له‌‏كوێ‌ ده‌م‎ناسیت؟) عیسا له‌‏وه‌ڵامدا ووتی: (‏كاتێ‌ له‌ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ بوویت تۆم بینی، پێش‎ ئه‌وه‌ی فیلیپۆس بانگت‎بكات.)49ئینجا نه‌سه‌نائیل هاواری كردو ووتی: (ئه‌ی مامۆستا، تۆ ڕۆڵه‌ی خودایت! تۆ پادشای ئیسرائیلیت!)50عیسا پێی ووت: (ئایا باوه‌ڕت هێنا چونكه‌ پێم ووتیت تۆم له‌ژێر دارهه‌نجیره‌كه‌ بینی؟ بزانه‌ كاری له‌مه‌ش مه‌زنتر ده‌بینیت!)51دیسان ووتی: (ڕاستی ڕاستیتان پێ‌ده‌ڵێم، ئێوه‌ ئاسمان به‌كراوه‌یی ده‌بینن‏و فریشته‌ی خودا ده‌بینن له‌به‌رزبوونه‌وه‌و هاتنه‌خواره‌وه‌یان له‌سه‌ر ڕۆڵه‌ی مرۆڤ.)

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9