گەلاتیا5

ئازادی له‌ مه‌سیح‏

1چونكه‌ مه‌سیح ئازادیكردین تا به‌ ئازادی بژین. بۆیه‌ خۆتان ڕاگرن‏و جارێكی دیكه‌ ملكه‌چی نیری كۆیله‌یی مه‌بن.
2‏ئاگاداربن، من پۆڵسم پێتان ده‌ڵێم: به‌‏خه‌ته‌نه‌كردنتان مه‌سیح هیچ سوودێكی نابێ‌ بۆتان.3جارێكی كه‌ش ڕوونی ده‌كه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ی خه‌ته‌نه‌ ده‌كات، ده‌بێ‌ له‌سه‌ر هه‌موو خاڵه‌كانی شه‌ریعه‌ت بڕوات.4ئه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێ‌ به‌هۆی شه‌ریعه‌ت بێ‌تاوان بێت، تۆ له‌‏مه‌سیح جیابوویته‌وه‌‏و سه‌باره‌ت به‌ به‌ره‌كه‌تی خودا كه‌وتیت.5چونكه‌ به‌هۆی ڕۆح كه‌ له‌باوه‌ڕه‌وه‌یه‌ چاوه‌ڕوانی هیوای ڕاست‏ودروستیین،6چونكه‌ له‌عیسای مه‌سیح خه‌ته‌نه‌كراو و خه‌ته‌نه‌ نه‌كراو سوودیان نییه‌، ته‌نها باوه‌ڕ نه‌بێ‌ كه‌ به‌هۆی خۆشه‌ویستی كار ده‌كات.
‏
7ئێوه‌ له‌پێشا زۆر باش ڕاتان ده‌كرد، كێ‌ ڕێی پێ‌گرتن تا ملكه‌چی ڕاستی نه‌بن؟8ئه‌و هاندانه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ نییه‌ كه‌بانگی ئێوه‌ی كردووه‌.9سه‌یركه‌ن هه‌ویرترشێكی بچووكه‌، هه‌موو هه‌ویره‌كه‌ هه‌ڵ‎ده‌هێنێ‌.10به‌ڵام باوه‌ڕم هه‌یه‌ له‌خوداوه‌ند، كه‌وا ئێوه‌ بیروڕایه‌كی تر وه‌رناگرن. جا ئه‌وه‌ی بیه‌وێ‌ له‌ناوتان ببێته‌ كۆسپ، هه‌ر كه‌سێك بێ‌ سزای خۆی وه‌رده‌گرێ‌.11به‌ڵام ئه‌ی برایان، گه‌ر من خه‌ته‌نه‌كردن ڕاده‌گه‌ێنم، ئیتر بۆچی جووله‌كه‌كان تا ئێستا ده‌مچه‌وسێننه‌وه‌؟ كه‌واته‌ كۆسپی خاچ لادراوه‌.12ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕێگای باوه‌ڕتان لـێ‌تێك ده‌ده‌ن، با ببڕێنه‌وه‌.
13برایان‏، ئێوه‌ بانگ كران بۆ ئازادی، به‌ڵام ئازادی مه‌كه‌ن به‌ هه‌ل بۆ ڕازی‏كردنی له‌ش، له‌‏جیاتی ئه‌وه‌ به‌ خۆشه‌ویستی خزمه‌تی یه‌كتری بكه‌ن.14چونكه‌ شه‌ریعه‌ت هه‌مووی له‌یه‌ك ڕاسپارده‌دا ته‌واو ده‌بێ‌: [[ئه‌وه‌ی لێت نزیكه‌ وه‌ك خۆت خۆشت بوێ‌‏]]15ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌‏ڕابوردوو په‌لاماری یه‌كترتان ده‌داو ڕاوی یه‌كترتان ده‌كرد، ئێستا ئاگاداربن یه‌كتری له‌‏ناونه‌به‌ن.

ژیان له‌ڕۆحی پیرۆز

16‏مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ پێتان بڵێم: با ژیانتان به‌ڕۆحی پیرۆز به‌ڕیۆه‌ بچێ‌‏، هه‌روه‌ها ئاره‌زووه‌كانی له‌ش تێر مه‌كه‌ن.17چونكه‌ خواستی له‌ش دژی ڕۆحه‌، هه‌ر‏وه‌ها خواستی ڕۆح دژی له‌شه‌. هه‌ریه‌كه‌یان به‌ربه‌ره‌كانی ئه‌ویتر ده‌كات‏، تا ئه‌وه‌ نه‌كه‌ن كه‌ ده‌تانه‌وێ‌.18به‌ڵام گه‌ر ئێوه‌ ڕۆح به‌ڕێوه‌تان ببات، ئه‌وا‏ له‌ژێر سایه‌ی شه‌ریعه‌ت نین.
19كرداره‌كانی له‌ش دیارن: داوێن‎پیسی، گڵاوی، به‌دڕه‌وشتی،20بت‎په‌رستی، جادوگه‌ری، دوژمنایه‌تی، شه‌ڕنانه‌وه‌، دڵگه‌رمی بۆ خراپه‌، تووڕه‌بوون، خۆپه‌رستی، دووبه‌ره‌كی، ناكۆكی،21چاوپیسی، سه‌رخۆشی، ڕابواردن، هتد‏... ئێستا ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌، هه‌روه‌ك چۆن له‌پێشا ئاگادارم كردوون، ئه‌وانه‌ی ئه‌و كارانه‌ ده‌كه‌ن میراتگری پادشاهێتی خودا نین.22به‌ڵام به‌رووبوومی ڕۆح بریتییه‌ له‌: خۆشه‌ویستیو خۆشی‏و ئاشتی، ئارام‏گرتن، ڕۆح سووكیو چاكه‌، باوه‌ڕ،23نیانی‏و خۆڕاگرتن. هیچ شه‌ریعه‌تێكیش نییه‌ دژی ئه‌م شتانه‌ بێ‌.24‏ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ عیسای مه‌سیحن، خواست‏و ئاره‌زووه‌كانی له‌شیان له‌خاچداوه‌.25گه‌ر ئێمه‌ به‌پێی ڕۆحی پیرۆز بژین، له‌سه‌رمانه‌ به‌ڕێگای ڕۆحی پیرۆز بڕۆین.26با له‌خۆبایی نه‌بین، ڕق‏وكینه‌مان نه‌بێ‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتری، چاوپیس نه‌بین له‌گه‌ڵ یه‌كتری.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9