گەلاتیا2

ڕازی‏بوون به‌ خزمه‌تی پۆڵس

1دوای چوارده‌ ساڵ جارێكی دیكه‌ له‌گه‌ڵ به‌رنابا ڕۆیشتم بۆ قودس، تیتۆسیشم له‌گه‌ڵ خۆم برد.2چوونم بۆ ئه‌وێ‌ به‌ڕاگه‌یاندن بوو، ئه‌و مزگێنییه‌ی ده‌یده‌م به‌میلله‌تان له‌پێشا ته‌نها خستمه‌ به‌رده‌م گه‌وره‌ پیاوان له‌وێ‌، تا هه‌وڵدانی ڕابوردوو و ئێستام به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات.3به‌ڵام ته‌نانه‌ت تیتۆسی هاورێی گه‌شتیشم كه‌ یۆنانی بوو، ناچارنه‌كرا خۆی خه‌ته‌نه‌ بكات.4جا ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ته‌شه‌نه‌ی كرد، به‌هۆی هه‌ندێ‌ برایانی درۆزن كه‌ به‌نهێنی هاتبوونه‌ ناومان، ‏تاكو سه‌ربه‌ستی عیسای مه‌سیحمان لـێ‌‏بسێننه‌وه‌و بمان‎گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ كۆیلایه‌تی.5به‌ڵام‏ ته‌نانه‌ت بۆ چاوتروكانێك ملكه‌چیان نه‌بووین‏و خۆمان نه‌دا به‌ده‌ستیان، هه‌تا پارێزگاری ڕاستی مزگێنیتان بۆ بكه‌ین‏.
6ئه‌وانه‌ی به‌گه‌وره‌ پیاوان داده‌نران [لـێپرسراوان]، به‌لای من هیچ گرنگ نه‌بوون، چونكه‌ خودا ته‌ماشای ڕوواڵه‌تی مرۆڤ ناكات. من ده‌ڵێم، ئه‌وانه‌ هیچ شتێكی تازه‌یان نه‌بوو بۆ من.7به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌، بۆیان ئاشكرا بوو، خودا كاری بڵاوكردنه‌وه‌ی مزگێنی به‌ من داوه‌ له‌نێوان ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین، هه‌روه‌ك چۆن هه‌مان كاری به‌‏په‌ترۆس داوه‌ له‌نێوان ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ن.8چونكه‌ ئه‌وه‌ی كاری كردووه‌ له‌خزمه‌تی په‌ترۆس بۆ جووله‌كه‌كان، كاری له‌خزمه‌تی منیش كردووه‌ بۆ ناجووله‌كه‌كان.9دوای ئه‌وه‌ی یاقوب‏و په‌ترۆس‏و یۆحه‌ننا كه‌ به‌ كۆڵه‌كه‌ دانرا‏بوون زانییان خودا ئه‌م به‌ره‌كه‌ته‌ی به‌ من داوه‌. ئه‌وسا ئه‌وان ده‌ستی برایانه‌یان خسته‌ ناو ده‌ستی من‏و به‌رنابا، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێككه‌وتین ئه‌وان بۆ لای جووله‌كه‌كان بچن، ئێمه‌ش بۆ لای ناجووله‌كه‌كان.10ته‌نها ‏داوای ئه‌وه‌یان لـێ‌كردین، هه‌ژاران له‌یاد نه‌كه‌ین، ئه‌مه‌ش شتێكه‌ هه‌میشه‌ بایه‌خم پێداوه‌.

سه‌رزه‌نشت‏كردنی په‌ترۆس‏

11كاتێ‌ په‌ترۆس بۆ شاری ئه‌نتاكیا هات، ڕوو به‌ڕوو به‌ربه‌ره‌كانیم كرد، چونكه‌ شایانی گله‌یی لـێ‌كردن بوو.12پێش ئه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ كه‌س له‌لای یاقوبه‌وه‌ بێن، په‌ترۆس به‌بێ‌‎ترس نانی ده‌خوارد له‌گه‌ڵ ناجووله‌كه‌‏كان، به‌ڵام كاتێ‌ ئه‌وان هاتن، خۆی كێشایه‌ دواوه‌ له‌ترسی خه‌ته‌نه‌كراوان.13له‌وێدا باوه‌ڕداره‌ جووله‌كه‌كانی دیكه‌ش له‌گه‌ڵ په‌ترۆس ده‌ستیان كرد به‌ دووڕوویی، ته‌نانه‌ت به‌رناباشیان والـێ‌كرد بچێته‌ ڕیزیان به‌هۆی دووڕووییان.
‏
14كاتێ‌ ئه‌مانه‌م بینی له‌‏ڕێگای ڕاستی مزگێنی ناڕۆن، له‌به‌ر چاوی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌وێدا بوون به‌ په‌ترۆسم ووت: (گه‌ر تۆ كه‌ جووله‌كه‌ی، وه‌ك ناجووله‌كه‌ ده‌ژی نه‌ك وه‌ك جووله‌كه‌. ئیتر چۆن ئه‌و ناجووله‌كانه‌ ناچار ده‌كه‌یت وه‌ك جووله‌كه‌ بژین؟)
15هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ به‌ جووله‌كه‌یی له‌دایك بووین‏و له‌میلله‌تانی گوناهبار نین،16له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه‌ ده‌زانین مرۆڤ بێتاوان نابێ‌ به‌كاركردن به‌شه‌ریعه‌ت، به‌ڵكو به‌باوه‌ڕ به‌عیسای مه‌سیح، جا ئێمه‌ش باوه‌ڕمان هێنا به‌عیسای مه‌سیح تاكو بێتاوان بین به‌ باوه‌ڕمان به‌ مه‌سیح، ئه‌مه‌ش نه‌ك به‌كاركردن به‌شه‌ریعه‌ت، چونكه‌ كاركردن به‌شه‌ریعه‌ت هیچ كه‌سێ‌ بێتاوان ناكات.
17به‌ڵام گه‌ر ئێمه‌ له‌هه‌وڵدانمان بۆ بێتاوان بوون له‌مه‌سیح، خۆمان دۆزیه‌وه‌ گوناهبارین، ئیتر ئایا مه‌سیح خزمه‌تكاری گوناهه‌؟ بێ‌گومان نه‌خێر!18به‌ڵام گه‌ر شتێك بنیادبنێمه‌وه‌ كه‌ له‌پێشا تێكمدابێ‌، ئه‌وا ده‌یسه‌لمێنم سه‌رپێچی شه‌ریعه‌تم كردووه‌.19چونكه‌ به‌هۆی شه‌ریعه‌ت مردم بۆ شه‌ریعه‌ت، هه‌تا بۆ خودا بژیم.20من له‌گه‌ڵ مه‌سیح له‌خاچدراوم، ئیتر من نیم ئه‌وه‌ی ده‌ژی، به‌ڵكو مه‌سیحه‌ له‌من ده‌ژی، هه‌روه‌ها ئه‌و ژیانه‌ی ئێستا به‌له‌ش ده‌ژیم ئه‌وه‌ به‌باوه‌ڕه‌ به‌ڕۆڵه‌ی خودا، ئه‌وه‌ی منی خۆشویست‏و خۆی كرد به‌‏قوربانی بۆ من.21من به‌ره‌كه‌تی خودا پووچ ناكه‌مه‌وه‌، چونكه‌ گه‌ر بێتاوانی به‌ شه‌ریعه‌ت بووایه‌، ئیتر مردنی مه‌سیح بێ‌سوود ده‌بوو.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9