کردار21

پێشبینیه‌كان ده‌رباره‌ی ئازاری پۆڵس

1كاتێ‌ كه‌ له‌‏یه‌كتری جیابووینه‌وه‌، به‌ڕێكی به‌ڕێگای ده‌ریادا به‌ره‌و كوس ڕۆیشتین. بۆ ڕۆژی داهاتوو گه‌یشتینه‌ دورگه‌ی ڕودس له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و دورگه‌ی پاترا ڕۆیشتین،2له‌وێ‌ كه‌شتیه‌كمان بینی بۆ فنیقیه‌ ده‌چوو، سواری بووین‏و ڕۆیشتین.3كاتێ‌ دورگه‌ی قوبروسمان بینی به‌ ده‌سته‌ چه‌پ به‌جێمان هێشت، جا به‌رده‌وام بووین له‌گه‌شته‌كه‌مان به‌ره‌و سوریا، ئه‌وسا گه‌یشتینه‌ مینای سورو لێی دابه‌زین، چونكه‌ كه‌شتیه‌كه‌ له‌وێ‌ باره‌كه‌ی به‌تاڵ ده‌كرد.4كاتێ‌ له‌وێ‌ قوتابیه‌كانمان دۆزیه‌وه‌، حه‌وت ڕۆژ لایان ماینه‌وه‌، ئه‌وانیش به‌هۆی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ ئامۆژگاری پۆڵسیان‏كرد نه‌ڕوات بۆ قودس.5كاتێ‌ ماوه‌ی مانه‌وه‌مان لایان ته‌واو بوو ڕۆیشتین تا گه‌شته‌كه‌مان ته‌واو بكه‌ین، تا‏ده‌ره‌وه‌ی شار خۆیان‏و ژن‏و منداڵیان له‌گه‌ڵمان هاتن. له‌سه‌ر قه‌راغی ده‌ریا چۆكمانداداو نوێژمان كرد،6جا یه‌كترمان به‌‏خودا سپارد، سواری كه‌شتیه‌كه‌ بووین، ئه‌وانیش گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانیان.
7ئه‌وسا له‌ڕێگای ده‌ریاوه‌ به‌رده‌وام بووین له‌ گه‌شته‌كه‌مان، له‌‏شاری سوره‌وه‌ ڕۆیشتین بۆ شاری پتولمایس، له‌وێ‌ هه‌واڵی برایانمان پرسیو سڵاومان لێ‏كردن‏و ڕۆژێك له‌گه‌ڵیان ماینه‌وه‌.8بۆ ڕۆژی داهاتوو چووین بۆ شاری قه‌یسه‌ریه‌ به‌‏میوانی له‌ماڵی فیلپۆسی مزگێنی‏ده‌ر ماینه‌وه‌، كه‌ یه‌كێك بوو له‌و حه‌وت پیاوه‌ی خزمه‌تیان ده‌كرد له‌ كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران،9ئه‌ویش چوار كچی هه‌بوو به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوان.10‏كاتێ‌ ئێمه‌ له‌وێ‌ بووین له‌ناوچه‌ی یه‌هودیه‌ یه‌كێك هه‌بوو ناوی ئاغابوس بوو به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوا، هات بۆ لامان.11پشتێنه‌كه‌ی پۆڵسی هه‌ڵگرت، ده‌ست‏و قاچی پێ‌به‌سته‌وه‌و ووتی: (ڕۆحی پیرۆز ده‌ڵێ‌ خاوه‌نی ئه‌م پشتێنه‌، جووله‌كه‌كان ‏به‌م شێوه‌یه‌ له‌قودس ده‌یبه‌ستنه‌وه‌، ده‌یده‌نه‌ ده‌ستی بێگانه‌كان.)12كاتێ‌ ئه‌مه‌مان بیست، ئێمه‌و ئه‌وانه‌ی دانیشتووی ئه‌وێ‌ بوون، داوامان له‌‏پۆڵس كرد نه‌چێ‌ بۆ قودس،13به‌ڵام ئه‌و پێیووتین: (ئه‌وه‌ چیتانه‌ ده‌گرین‏و دڵم ده‌شكێنن؟ من ئاماده‌م نه‌ك ته‌نها له‌ قودس به‌ند بكرێم، به‌ڵكو له‌‏به‌ر ناوی عیسای خوداوه‌ند بشمرم.)14ئیتر نه‌مانتوانی ڕازی بكه‌ین، بێ‌ده‌نگ بووین‏و ووتمان: (با به‌‏خواستی خوداوه‌ند بێ‌.)15دوای ماوه‌یه‌ك خۆمان ئاماده‌كرد بۆ گه‌شت، به‌ره‌و قودس ڕۆیشتین،16له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ له‌‏قوتابیانی شاری قه‌یسه‌ریه‌، ئێمه‌یان برده‌ ماڵی مه‌ناسونی قوبروسی كه‌ قوتابیه‌كی كۆن بوو، تا له‌وێ‌ بمێنینه‌وه‌.

له‌‏قودس

17كاتێ‌ گه‌یشتینه‌ قودس، برایان به‌ خۆشیه‌وه‌ پێشوازیان لێ‌كردین.18ڕۆژێ‌ دوای گه‌یشتنمان پۆڵس له‌گه‌ڵمان هات بۆ لای یاقوب هه‌موو پیرانیش له‌وێ‌ بوون.19پۆڵس سڵاوی لێ‌كردن، ئه‌وسا یه‌ك له‌دوای یه‌ك هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی دانێ‌ كه‌ خودا كردوویه‌تی له‌نێوان ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین به‌هۆی كاری ئه‌و.20كاتێ‌ ئه‌م هه‌واڵانه‌یان بیست، ستایشی خودایان كردو پێیان‏ووت: (ئه‌ی برا ده‌بینی چۆن هه‌زاران جووله‌كه‌ باوه‌ڕیان هێنا، هه‌موویان دڵگه‌رمن بۆ شه‌ریعه‌تی موسا.21وایان بیستووه‌ كه‌ تۆ ئه‌و جووله‌كانه‌ی له‌نێوان بێگانه‌دا ده‌ژین بانگیان ده‌كه‌یت بۆ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ شه‌ریعه‌تی موسا، هه‌روه‌ها ڕایان‏ده‌سپێری منداڵه‌‏كانیان خه‌ته‌نه‌ نه‌كه‌ن‏و په‌یڕه‌وی خووڕه‌وشتی باوباپیریان نه‌كه‌ن،22كه‌واته‌ ده‌بێ‌ چی بكرێ‌، چونكه‌ بێ‌گومان هه‌واڵی هاتنت ده‌بیستن؟23جا ئه‌وه‌ بكه‌ كه‌ پێت ده‌ڵێین: چوار پیاومان لایه‌ نه‌زریان له‌سه‌ره‌،24بیانبه‌ بۆ په‌رستگاو خۆت پاك بكه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان، نرخی سه‌رتاشینه‌كه‌یان بۆ بده‌، ئه‌وسا هه‌موو ده‌زانن ئه‌وه‌ی ده‌رباره‌ی تۆ بیستوویانه‌ ڕاست نییه‌، تۆش وه‌ك ئه‌وان له‌سه‌ر شه‌ریعه‌ت ده‌ڕۆیت.25به‌ڵام بۆ ئه‌و ‎باوه‌ڕدارانه‌ی ناجووله‌كه‌ن، نامه‌یه‌كمان ناردووه‌ تیایدا ڕامانسپاردون ئه‌و قوربانیانه‌ی بۆ بته‌كان ده‌كرێ‌ نه‌یخۆن، هه‌روه‌ها خوێن نه‌خۆنه‌وه‌و گۆشتی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی خنكێنراون نه‌ی‎خۆن‎و داوێن پیسی نه‌كه‌ن.(
26ئیتر به‌م شێوه‌یه‌ ڕۆژێ‌ دوای ئه‌وه‌ پۆڵس چوار پیاوه‌كه‌ی برد، پاش ئه‌وه‌ی خۆی پاك‎كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵیان، چوو بۆ په‌رستگا هه‌تا ئه‌و به‌رواره‌ تۆمار بكات كه‌ هه‌فته‌ی پاكبوونه‌وه‌ كۆتایی پێ‌ دێت، هه‌روه‌ها له‌جیاتی هه‌ر یه‌كێكیان ئه‌و قوربانیه‌ی پێویسته‌ پێشكه‌شی بكات.

گرتنی پۆڵس

27كاتێ‌ خه‌ریك بوو حه‌وت ڕۆژی پاك‎بوونه‌وه‌ ته‌واوبێ‌، هه‌ندێ‌ جووله‌كه‌ی ناوچه‌ی ئاسیا پۆڵسیان بینی له‌په‌رستگا، خه‌ڵكه‌كه‌یان هانداو گرتیان،28ئینجا هاواریان‎كرد: (فریاكه‌ون ئه‌ی پیاوانی ئیسرائیل! ئه‌مه‌ ئه‌و پیاوه‌یه‌ له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ خه‌ڵك فێری شتێك ده‌كات دژی گه‌ل‎و شه‌ریعه‌ته‌كه‌مان‏و ئه‌م شوێنه‌ش، ته‌نانه‌ت یۆنانی هێناوه‌ بۆ په‌رستگاو ئه‌م شوێنه‌ پیرۆزه‌ی گڵاو كردووه‌!)29ئه‌مه‌یان ووت چونكه‌ تۆرۆفیموسی خه‌ڵكی شاری ئه‌فه‌سۆسیان له‌گه‌ڵ پۆڵس بینی بوو، جا وایانزانی له‌گه‌ڵ خۆی بردوویه‌تی بۆ په‌رستگا.
30ئه‌وسا هه‌موو خه‌ڵكی شار ووروژان، خه‌ڵكه‌كه‌ په‌لاماری پۆڵسیانداو ڕایانكێشایه‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رستگا، یه‌كسه‌ر ده‌رگاكه‌یان داخست،31كاتێ‌ ئه‌وان هه‌وڵی كوشتنیان ده‌دا، سه‌ركرده‌یه‌كی ڕۆمانی بیستی كه‌وا قودس هه‌مووی ووروژاوه‌.32ده‌ست‎به‌جێ‌ كۆمه‌ڵێ‌ سه‌ربازو سه‌رپه‌لێكی بردو خێرا بۆ لایان ڕۆیشت. كاتێ‌ جووله‌كه‌كان سه‌رۆك‎و سه‌ربازه‌كانیان بینی وازیان هێنا له‌لێدانی پۆڵس.33ئیتر سه‌رۆكه‌كه‌ لێی نزیك‎بووه‌وه‌و گرتی، فه‌رمانی‎دا به‌ سه‌ربازه‌كانی به‌ دوو زنجیر بیبه‌ستنه‌وه‌، ده‌یویست بزانێ ئه‌مه‌ كێیه‌‎و چی كردووه‌،34به‌ڵام هه‌ندێكیان شتێكیان ده‌ووت‎و هه‌ندێكی‎كه‌یان شتێكی‎كه‌. جا كه‌ نه‌یتوانی ڕاستی شته‌كه‌ ده‌ربخات به‌هۆی ووروژانی خه‌ڵكه‌كه‌وه‌، فه‌رمانی‎دا پۆڵس ببرێ‌ بۆ سه‌ربازگه‌.35كاتێ‌ سه‌ربازه‌كان گه‌یاندیانه‌ سه‌ر پێ‌پلیكانه‌كان ناچاربوون هه‌ڵیگرن تا ڕزگاری بكه‌ن له‌ده‌ستی خه‌ڵكه‌كه‌،36چونكه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كۆبووبونه‌وه‌ دوای‎كه‌وتن‎و هاواریان ده‌كرد: (با له‌ سێداره‌ بدرێ‌!)
37پێش ئه‌وه‌ی پۆڵس بچێته‌ سه‌ربازگه‌كه‌، به‌ سه‌رۆكه‌كه‌ی ووت: (ئایا ده‌توانم شتێكت پێ‌‎بڵێم؟) سه‌رۆكه‌كه‌ لێی پرسی: (یۆنانی ده‌زانی؟)38كه‌واته‌ تۆ ئه‌و پیاوه‌ میسریه‌ نیت ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ئاژاوه‌ی نایه‌وه‌، به‌چوار هه‌زار پیاوكوژه‌وه‌ چوو بۆ بیابان!39ئه‌وسا پۆڵس ووتی: (من جووله‌كه‌ی ته‌رسوسم كه‌ شارێكی به‌ناوبانگه‌ له‌ ناوچه‌ی كیلیكیه‌. داوات لێ‌‎ده‌كه‌م ڕێگام بده‌ی قسه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك بكه‌م.)40ئیتر سه‌رۆكه‌كه‌ ڕێگایدا، پۆڵس له‌سه‌ر پێ‌‎پلیكانه‌كان ڕاوه‌ستا، به‌ده‌ست ئیشاره‌تی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ كرد، كاتێ‌ بێ‌‎ده‌نگی باڵی كێشا به‌و ناوه‌، ده‌ستی‎كرد به‌قسه‌كردن بۆیان به‌زمانی عیبری‎و ووتی:

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9