کردار15

كۆبوونه‌وه‌ی ‏نێرراوان ‏له‌قودس

1هه‌ندێ‌ جووله‌كه‌ له‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ عیسا هێنابوو له‌‏ناوچه‌ی یه‌هودیه‌وه‌ هاتن بۆ ئه‌نتاكیا، ده‌ستیان‎كرد به‌ فێركردنی برایان‏و ووتیان: (ڕزگارتان نابێ‌ گه‌ر به‌پێی شه‌ریعه‌تی موسا خۆتان خه‌ته‌نه‌ نه‌كه‌ن.)2ئه‌وسا پۆڵس‏و به‌رنابا له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵیه‌كی توندیان له‌گه‌ڵ كردن. دوای ئه‌و ده‌مه‌قاڵه‌یه‌ باوه‌ڕدارانی ئه‌نتاكیا بڕیاریان‎دا پۆڵس‏و به‌رنابا له‌گه‌ڵ هه‌ندێ‌ له‌‏باوه‌ڕداران ڕووبه‌رووی نێرراوان‏و پیران ببنه‌وه‌ له‌ قودس، له‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵیان بكۆڵنه‌وه‌.3پاش ‎ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران ماڵئاواییان لـێ‌كردن، ڕۆیشتن بۆ قودس به‌ناو شاری فنیقیه‌و سامیره‌، له‌وێ‌ هه‌واڵیان‎دا به‌ برایان كه‌وا ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ش نین باوه‌ڕیان هێناوه‌ به‌ عیسا، به‌مه‌ خۆشییه‌كی زۆر له‌نێو هه‌موو برایان بڵاوبووه‌وه‌.4كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ قودس، هه‌موو نێرراوان‏و پیرانی كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران پێشوازیان لـێ‌كردن، هه‌واڵی هه‌موو ئه‌و شتانه‌یان دانێ‌ كه‌ خودا به‌هۆی ئه‌وانه‌وه‌ كردبووی.5به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌و باوه‌ڕدارانه‌ی له‌‏پێشا له‌سه‌ر ڕێگای فه‌ریسیه‌كان بوون هه‌ستان‏و ووتیان: (پێویسته‌ ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی جووله‌كه‌ نین خه‌ته‌نه‌ بكرێن‏و به‌ شه‌ریعه‌تی موسا هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن.

په‌ترۆس‏و پیرانی قودس

6جا نێرراوان‏و پیران كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان كرد بۆ لـێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌.7پاش گفتوگۆیه‌كی زۆر، په‌ترۆس هه‌ستاو ووتی: (ئه‌ی برایان، ئێوه‌ ده‌زانن ماوه‌یه‌كی زۆره‌ خودا ده‌یه‌وێ‌ ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین له‌سه‌ر زمانی من كه‌ له‌نێوان ئێوه‌دا هه‌ڵیبژاردم گوێ‌ له‌ووشه‌ی مزگێنی بگرن‏و باوه‌ڕ بهێنن.8ئه‌و خودایه‌ی ده‌زانێ‌ چی له‌‏دڵدایه‌، شایه‌تییان بۆ ده‌داو ڕۆحی پیرۆزی پێ‌به‌خشیون وه‌ك به‌ ئێمه‌ی به‌خشیوه‌.9ئه‌و به‌ هیچ شتێك جیاوازی له‌‏نێوان ئێمه‌و ئه‌وان نه‌كردووه‌، به‌باوه‌ڕ دڵی پاك كردونه‌ته‌وه‌.10ئیتر بۆچی ئێوه‌ خودا تاقی‏ده‌كه‌نه‌وه‌، نیرێك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر شانی قوتابیان ئه‌وه‌ی خۆمان‏و باوباپیرانمان نه‌مان‎توانی هه‌ڵیگرین؟11به‌ڵام له‌و باوه‌ڕه‌داین ئێمه‌و ئه‌وانیش به‌هۆی به‌ره‌كه‌تی عیسای خوداوه‌ند ڕزگار ده‌بین.(
12ئیتر ده‌مه‌قاڵه‌ له‌نێوان دانیشتوان نه‌ما، ده‌ستیان‎كرد به‌ گوێ‌گرتن له‌ به‌رناباو پۆڵس، كاتێ‌ هه‌واڵی ئه‌و نیشانه‌و كاره‌ سه‌رسوڕهێنه‌رانه‌یان پێ‌ڕاگه‌یاند كه‌ خودا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وان كردی له‌نێو ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین.13دوای ئه‌وه‌ی هه‌ردووكیان له‌‏قسه‌ بوونه‌وه‌، یاقوب ووتی: (ئه‌ی برایان گوێم لـێ‌بگرن:14‏شه‌معون پێی ڕاگه‌یاندن چۆن خودا له‌سه‌ره‌تاوه‌ بایه‌خیداوه‌ به‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین تا له‌ نێوانیان میلله‌تێك هه‌ڵبژێرێ‌ ناوی ئه‌و هه‌ڵگرێ‌،15ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ووته‌ی پێغه‌مبه‌ران ڕێك‏ده‌كه‌وێ‌، هه‌روه‌ك له‌كتێبی پیرۆز نووسراوه‌: [[16دوای ئه‌مه‌ ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ خانووه‌ ڕووخاوه‌كه‌ی داود دروست ده‌كه‌مه‌وه‌، ئینجا پارچه‌ی خانووه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرم‏و سه‌ر له‌نوێ‌ دروستی ده‌كه‌مه‌وه‌،17تا گه‌لانی تر‏و هه‌موو ئه‌و میلله‌تانه‌ی ناوی منیان هه‌ڵگرتووه‌ به‌دوای خوداوه‌ند بگه‌ڕێن، ئه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوداوه‌ند ده‌یڵێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی دروست‎كردووه‌و18هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ش زانراون.]]19له‌به‌رئه‌وه‌ وای به‌ باش ده‌زانم قورسایی نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانی ئه‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین‏و ڕێگای خودایان گرتووه‌،20به‌ڵكو نامه‌یه‌كیان بۆ بنووسین‏و تیایدا ڕایان‎سپێرین خۆیان دووربخه‌نه‌وه‌ له‌گڵاوی بت‏و داوێن‏پیسی، هه‌روه‌ها له‌خواردنی گۆشتی ئاژه‌ڵی خنكێنراو و خواردنه‌وه‌ی خوێن.21چونكه‌ هه‌ر له‌‏كۆنه‌وه‌ موسا له‌هه‌موو شارێك پیاوی هه‌بووه‌ ناوی ئه‌و ڕابگه‌ێنن، هه‌موو ڕۆژێكی شه‌ممه‌ش شه‌ریعه‌ته‌كه‌یان خوێندۆته‌وه‌ له‌كه‌نیشته‌كان.(

بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی نێرراوان

22ئینجا نێرراوان‏و پیران‏و هه‌موو ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداران بـه‌باشیان زانی دوو پیاو هه‌ڵبژێرن له‌ناو برایان‏و بیاننێرن بۆ ئه‌نتاكیا له‌گه‌ڵ پۆڵس‏و به‌رنابا. ئیتر سیلاو یه‌هوزا كه‌ نازناوی به‌رسابا بوو هه‌ڵیان‎بژاردن، ئه‌م دووانـه‌ش شوێنێكی به‌رزیان هه‌بوو له‌نێو برایان.23ئه‌م نامه‌یه‌یان دایه‌ده‌ستیان: (له‌ نێرراوان‏و پیرانی براوه‌، بۆ ئه‌و برا باوه‌ڕدارانه‌ی جــوولــه‌كه‌ نین له‌ناوچه‌كانی ئه‌نتاكیاو سوریاو كیلیكیه‌:
سڵاوتان لـێ‌بێ‌.
24بیستمان هه‌ندێ‌ كه‌س هاتوون بۆ لاتان له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بێ‌ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ڕایان‏سپێرین، به‌هۆی قسه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ ناخۆشی كه‌وته‌ ناوتانه‌وه‌، مێشكتان ناڕه‌حه‌ت‏بوو.25بۆیه‌ به‌باشمان زانی به‌یه‌ك بیروڕاوه‌ دوو پیاو هه‌ڵبژێرین‏و بۆتان بنێرین له‌گه‌ڵ برایانی خۆشه‌ویستمان به‌رناباو پۆڵس،26ئه‌و دوو پیاوه‌ی ژیانیان ته‌رخان‎كردووه‌ بۆ خزمه‌ت‎كردنی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند.27جا ئێمه‌ یه‌هوزاو سیلامان بۆ ناردن تا هه‌مان شتتان به‌ده‌م پێ‌ڕاگه‌ێنن.28چونكه‌ ڕۆحی پیرۆزو ئێمه‌ وامان به‌باش زانی قورسایی نه‌خه‌ینه‌ سه‌ر شانتان جگه‌ له‌وه‌ی پێویسته‌. كه‌ ئه‌مانه‌ن:29خۆتان دووربخه‌نه‌وه‌ له‌و شتانه‌ی ده‌كرێ‌ به‌قوربانی بۆ بت، هه‌روه‌ها له‌خوێن خواردنه‌وه‌و خواردنی ئاژه‌لێ‌ خنكێنراو و داوێن‎پیسی‏. گه‌ر خۆتان پاراست له‌مانه‌، شتی چاك ده‌كه‌ن‏و خودا له‌گه‌ڵتانه‌.)
30ئه‌وسا هه‌ستان‏و نامه‌كه‌یان هه‌ڵگرت‏و ڕۆیشتن بۆ ئه‌نتاكیا، هه‌موو باوه‌ڕدارانیان بانگ‎كرد بۆ كۆبوونه‌وه‌و نامه‌كه‌یان پێشكه‌ش‎كردن.31كاتێ‌ خوێندیانه‌وه‌ زۆر دڵشاد بوون به‌و هاندانه‌ی تیایدا بوو.32هه‌روه‌ها یه‌هوزاو سیلا به‌ ووشه‌ی خودا ده‌دوان، زۆر قسه‌یان بۆ برایان كردو ووره‌یان به‌رزكردنه‌وه‌و هانیان‏دان.33پاش ماوه‌یه‌ك برایان به‌ ئاشتی ڕه‌وانه‌یان كردنه‌وه‌ بۆ لای ئه‌وانه‌ی ناردوبوویانن. [34‏به‌ڵام سیلا به‌لایه‌وه‌ باشتر بوو له‌وێ‌ بمێنێته‌وه‌.]35پۆڵس‏و به‌رناباش هه‌ر له‌ئه‌نتاكیا مانه‌وه‌و له‌گه‌ڵ خه‌ڵكێكی زۆر ووشه‌ی خوداوه‌ندیان ڕاده‌گه‌یاندو فێر ده‌كرد.

لێك‏جیابونه‌وه‌ی پۆڵس‏و ‏به‌رنابا

36پاش چه‌ند ڕۆژێك پۆڵس به‌ به‌رنابای ووت: (وه‌ره‌ بابگه‌ڕینه‌وه‌ سه‌رێك له‌‏برایان بده‌ین‏و هه‌واڵیان بزانین له‌‏هه‌موو شارێك كه‌وا ووشه‌ی خوداوه‌ندمان تیا‏یدا ڕاگه‌یاندووه‌.)37ئینجا به‌رنابا پێشنیاریكرد كه‌وا یۆحه‌ننا كه‌ نازناوی مه‌رقۆسه‌ له‌گه‌ڵ خۆیان ببه‌ن،38به‌ڵام پۆڵس نه‌یویست له‌گه‌ڵ خۆیان بیبات، چونكه‌ له‌په‌مفیلیه‌ به‌جێیهیشتبوون‏و له‌گه‌ڵیان نه‌ڕۆیشت بۆ خزمه‌ت‏كردن.39له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌مه‌قاڵه‌ كه‌وته‌ نێوانیان، تا وای لـێهات له‌یه‌كتری جیابوونه‌وه‌. ئه‌وسا به‌رنابا مه‌رقۆسی له‌گه‌ڵ خۆی بردو به‌ڕێگای ده‌ریا بۆ قوبرس ڕۆیشتن،40به‌ڵام پۆڵس سیلای هه‌ڵبژارد له‌گه‌ڵی بڕوات، ئیتر ئه‌وێیان به‌جێ‏هێشت‏و برایان ئه‌وانیان به‌ به‌ره‌كه‌تی خوداوه‌ند سپارد.41ئینجا ڕۆیشتن بۆ ناوچه‌كانی سوریاو كیلیكیه‌ تاباوه‌ڕی كۆمه‌ڵه‌كانی باوه‌ڕداران به‌هێز بكه‌ن.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9