کردار10

په‌ترۆس‏و كرنیلیوس

1له‌ شاری قه‌یسه‌ریه‌ سه‌رپه‌لێك هه‌بوو ناوی كرنیلیوس بوو، له‌لیوای ئیتالی‎بوو.2ئه‌م پیاوه‌ خۆیو ماڵ‏و منداڵی خواپه‌رست بـوون‏و ترسـی خودایان له‌دڵ بوو، زۆر چاكه‌ی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ده‌كرد، هـه‌مـوو كاتێك نوێژی بۆ خودا ده‌كرد.3ڕۆژێكیان نزیكه‌ی سه‌عات سێی دوای نیوه‌ڕۆ، كرنیلیوس له‌ خــه‌ودا بـه‌ ڕوونی بینی له‌لایه‌ن خوداوه‌ فریشته‌یه‌ك بۆ لای هات‏و ووتـی: (كرنیلیوس!)4ئه‌ویش به‌ترسه‌وه‌ سه‌یری فریشته‌كه‌ی كردو پرسی: (چی گه‌وره‌م؟) فریشته‌كه‌ له‌وه‌ڵامدا ووتی: (نوێژه‌كانت‏و چاكه‌كانت گه‌یشتنه‌ باره‌گای خوداو لای لـێ‌كـردیته‌وه‌.5ئێستا چه‌ند پیاوێك بنێره‌ بۆ یافا به‌دوای شه‌معون ناوێك نازناوی په‌ترۆسه‌.6له‌‏ماڵی شه‌معونی پێسته‌خوشكه‌ره‌ ماڵه‌كه‌ی له‌ســه‌ر قه‌راغی ده‌ریـایه‌.)7كاتـــێ‌ ئه‌و فریشته‌یه‌ی قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرنیلیوس كرد ڕۆیشت، دووان له‌‏خزمه‌تكاره‌كانی بانگ‎كرد له‌گه‌ڵ سه‌ربازێكی خوداپه‌رست له‌وانه‌ی هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵی بوون،8هه‌موو مه‌سه‌له‌كه‌ی بۆ گێڕانه‌وه‌و ناردنی بۆ شاری یافا.
9بۆ به‌یانی، كاتێ‌ سێ‌ پیاوه‌كه‌ له‌ شاری یافا نزیك بوونه‌وه‌، په‌ترۆس ده‌مه‌و نیوه‌ڕۆ چووه‌ سه‌ربان تا نوێژبكات.10هه‌ستی به‌ برسێتییه‌كی زۆر كرد، ئاره‌زووی نان‎خواردنی ده‌كرد. جا كاتێ‌ كه‌ خواردنیان بۆ ئاماده‌ ده‌كرد، له‌ هۆشی خۆی چوو،11ئاسمانی به‌كراوه‌یی بینی، شتێكی بۆ هاته‌‏خواره‌وه‌ له‌‏شێوه‌ی پارچه‌ قوماشێكی گه‌وره‌، هه‌ر چوار لای به‌سترا بوو، بۆی شۆڕكرایه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی،12‏هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵی چوار پێ‌و خشۆكی سه‌رزه‌ویو باڵنده‌ی ئاسمانی تێدا بوو.13ئینجا ده‌نگێ‌ بانگیكرد: (په‌ترۆس، هه‌سته‌ سه‌ربڕه‌و بخۆ!)14به‌ڵام په‌ترۆس وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (نه‌خێر ئه‌ی خوداوه‌ند، له‌‏ژیانم هه‌رگیز شتی پیس یاخود حه‌رامم نه‌خواردووه‌.)15دووباره‌ ده‌نگه‌كه‌ پێیووت: (ئه‌وه‌ی خودا پاكی كردۆته‌وه‌ تۆ به‌پیس دایمه‌نێ‌.)16ئه‌مه‌ش سێ‌ جار دووباره‌ بووه‌وه‌، ئینجا پارچه‌ قوماشه‌كه‌ به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ ئاسمان.
17له‌و كاته‌ی په‌ترۆس سه‌ری سوڕما‏بوو، پرسیاری له‌خۆی ده‌كرد له‌باره‌ی ئه‌و شته‌ی بینیبووی، ئه‌و پیاوانه‌ی كرنیلیوس ناردبوونی له‌به‌رده‌گا وه‌ستان‏و به‌دوای ماڵی شه‌معونی پێسته‌‏خوشكه‌ر ده‌گه‌ڕان،18پرسییان ئایا ئه‌و شه‌معونه‌ی نازناوی په‌ترۆسه‌ لێره‌یه‌.19له‌و كاته‌ی په‌ترۆس جارێ‌ هه‌ر بیری له‌واتای خه‌وه‌كه‌ی ده‌كرده‌وه‌، ڕۆحی پیرۆز پێیووت: (له‌به‌ر ده‌رگا سێ‌ پیاو لێت ده‌پرسن.20هه‌سته‌ بڕۆ لایان‏و له‌گه‌ڵیان بڕۆ بێ‌ دوو‏دڵی، من ئه‌وانم ناردووه‌.)21ئه‌ویش ڕۆیشت بۆ لایان‏و ووتی: (منم ئه‌وه‌ی ده‌تانه‌وێ‌. بۆچی هاتوون؟)22ئه‌وانیش له‌وه‌ڵامدا ووتیان: (كرنیلیوسی سه‌رپه‌ل پیاوێكی چاكی له‌‏خواترسه‌، هه‌موو جووله‌كه‌ش شایه‌تی ئه‌مه‌ن، خودا پێیڕاگه‌یاندووه‌ به‌هۆی فریشته‌ پیرۆزه‌كانیه‌وه‌ كه‌وا بانگت‎بكات بۆ ماڵی خۆی تا گوێ‌ له‌ قسه‌كانت بگرێ‌.)23په‌ترۆس داوای لـێ‌كردن شه‌و به‌ میوانی له‌وێ‌ بمێننه‌وه‌. بۆ به‌یانی هه‌ستا له‌گه‌ڵیان ڕۆیشت، هه‌روه‌ها هه‌ندێ‌ برایانی باوه‌ڕداریش له‌‏یافاوه‌ له‌گه‌ڵیان ڕۆیشتن.
‏
24بۆ ڕۆژی دووه‌م گه‌یشتنه‌ شاری قه‌یسه‌ریه‌. كرنیلیوس چاوه‌ڕێی هاتنی ده‌كردن، خزم‏و كه‌سوكارو هاوڕێیانی نزیكی بانگ كردبوو.25كاتێ‌ په‌ترۆس هاته‌ ژووره‌وه‌، كرنیلیوس پێشوازی لـێكردو له‌به‌رپێی كه‌وت‏و كڕنووشی بۆ برد،26په‌ترۆس هه‌ڵیساندو پێیووت: (هه‌سته‌! من چیم مرۆڤێكم وه‌ك تۆ!)27كاتێ‌ په‌ترۆس له‌گه‌ڵی دواو چووه‌ ژووره‌وه‌، خه‌ڵكێكی زۆری بینی،28پێیووتن: (ئێوه‌ ده‌زانن دروست نییه‌ بۆ جووله‌كه‌ سه‌ودا له‌گه‌ڵ بێگانه‌ بكات یاخود سه‌ردانی‏بكات له‌‏ماڵ، به‌ڵام خودا نیشانی دام به‌كه‌س نه‌ڵێم گڵاو یاخود پیس.29جا من هاتم بێ‌ بیانوو هێنانه‌وه‌، له‌سه‌ر بانگكردنه‌كه‌ی خۆتان. هۆی بانگكردنه‌كه‌تان چییه‌؟)30كرنیلیوس له‌وه‌ڵامدا ووتی: (چوار ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر، له‌وكاته‌ی له‌ماڵی خۆم نوێژی كاژێری سێی پاش نیوه‌ڕۆم ده‌كرد، له‌پڕ پیاوێك په‌یدا بوو جلی بریسكه‌داری له‌به‌ر بوو،31پێی ووتم: (كرنیلیوس خودا گوێی له‌ نوێژه‌ كانت بوو، ئاگای له‌ كرده‌وه‌ چاكه‌كانته‌.32ئێستا چه‌ند پیاوێك بنێره‌ بۆ یافا، بنێره‌ به‌شوێن شه‌معون ناوێك نازناوی په‌ترۆسه‌. له‌ماڵی شه‌معونی پێسته‌‏خۆشكه‌ره‌ ماڵه‌كه‌یان له‌سه‌ر قه‌راغی ده‌ریایه‌، [‏كه‌ هات گفتوگۆت له‌گه‌ڵ ده‌كات.]33من یه‌كسه‌ر ناردم به‌شوێنت، تۆ‏ش شتێكی چاكت‎كرد كه‌ هاتی. ئێستا ئێمه‌ هه‌موو ئاماده‌ین له‌به‌رده‌م خودا، تا گوێ‌ بگرین له‌هه‌موو ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند فرمانی پێداوی.(

ووتاری په‌ترۆس

34په‌ترۆس ده‌ستیكرد به‌ قسه‌كردن‏و ووتی: (به‌ ته‌واوی بۆم ده‌ركه‌وتووه‌ خودا لایه‌نگیری خۆی بۆ كه‌س ده‌رناخات،35له‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ك كێ‌ ترسی خودای له‌دڵدا بێت‏و چاكه‌ بكات په‌سه‌نده‌ لای ئه‌و.36ئێوه‌ ده‌زانن خودا ووشه‌ی خۆی نارد بۆ نه‌وه‌ی ئیسرائیل، مزگێنی ئاشتی دانێ‌ به‌هۆی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندی هه‌مووانه‌وه‌.37هه‌روه‌ها ئێوه‌ ده‌زانن چی له‌‏ووڵاتی یه‌هودیه‌دا ڕوویدا، دوای ئه‌وه‌ی یه‌حیا له‌ئاوهه‌ڵكێشانه‌كه‌ی له‌ناوچه‌ی جه‌لیل ڕاگه‌یاند.38چۆن خودا عیسای ناسیری به‌ ڕۆحی پیرۆزو به‌هێز ده‌ست‎نیشان‎كرد، له‌شوێنێكه‌وه‌ ده‌چوو بۆ شوێنێكیكه‌و كاری چاكه‌ی ده‌كرد، هه‌موو ئه‌وانه‌ی شه‌یتان ده‌ستیگرتبوو به‌ سه‌ریان چاكی كردنه‌وه‌، چونكه‌ خودای له‌گه‌ڵ بوو.39ئێمه‌ شایه‌تی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ین كه‌ له‌ناوچه‌ی یه‌هودیه‌و قودسدا كردی، ئه‌وان به‌ڕاستی كوشتیان‏و له‌سه‌ر دار هه‌ڵیانواسی.40به‌ڵام خودا له‌نێو مردوواندا له‌‏ڕۆژی سێهه‌م زیندوویكرده‌وه‌، وای لـێكرد ده‌ركه‌وێ‌،41نه‌ك بۆ هه‌موو گه‌ل، به‌ڵكو بۆ ئێمه‌ كه‌ له‌پێشا هه‌ڵیبژاردووین وه‌ك شایه‌ت، ئێمه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی خواردمان‏و خواردمانه‌وه‌ پاش زیندووبوونه‌وه‌ی له‌نێو مردوواندا.42ئینجا فه‌رمانی پێ‌داین ئه‌وه‌ به‌ گه‌ل ڕابگه‌ێنین، هه‌روه‌ها شایه‌تی ئه‌وه‌ بده‌ین كه‌ خودا ئه‌وی داناوه‌ به‌دادوه‌ر به‌سه‌ر زیندووان‏و مردوواندا.43هه‌موو پێغه‌مبه‌ران شایه‌تی بۆ ده‌ده‌ن، هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی پێ‌ بهێنێ‌، به‌ناوی ئه‌و گوناهه‌كانی ده‌به‌خشرێ‌.(

وه‌رگرتنی ڕۆحی پیرۆز‏

44كاتێ‌ په‌ترۆس له‌م قسانه‌دا بوو، ڕۆحی پیرۆز ڕژا به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی گوێیان گرتبوو.45ئه‌و جووله‌كه‌ خاوه‌ن باوه‌ڕانه‌ی له‌گه‌ڵ په‌ترۆس هاتبوون سه‌ریان سوڕما، چونكه‌ به‌هره‌ی ڕۆحی پیرۆز به‌سه‌ر ناجووله‌كه‌‏كانیش ڕژا‏،46گوێیان لـێ‌بوو به‌‏زمانه‌ ڕۆحیه‌كان ده‌دوان‏و ستایشی خودایان ده‌كرد. پاشان په‌ترۆس ووتی:47(ئه‌و خه‌ڵكه‌ش وه‌ك ئێمه‌ ڕۆحی پیرۆزیان وه‌رگرتووه‌، جا كێ‌ ده‌توانی ڕێگایان لێ‌بگرێ‌ تا له‌ ئاو هه‌ڵنه‌كێشرێن؟)48فه‌رمانیدا هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ناوی عیسای مه‌سیح له‌ئاوهه‌ڵكێشرێن. ئه‌وسا ئه‌وان داوایان له‌‏په‌ترۆس‎كرد چه‌ند ڕۆژێك لایان بمێنێته‌وه‌.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9