کردار11

1نێرراوان‏و برایانی باوه‌ڕ‏دار له‌ ناوچه‌ی یه‌هودیه‌ بیستیان كه‌ ناجووله‌كه‌ش باوه‌ڕیان به‌ ووشه‌ی خودا هێناوه‌،2كاتێ‌ په‌ترۆس گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ قودس جووله‌كه‌ خه‌ته‌نه‌كراوه‌كان* به‌ربه‌ره‌كانیان كردو پێیان ووت:3(چۆن چوویته‌ لای ئه‌وانه‌ی خه‌ته‌نه‌ نه‌كراون‏و نانت له‌گه‌ڵ خواردن؟)4جا په‌ترۆس ئه‌وه‌ی ڕوویدابوو یه‌ك له‌ دوای یه‌ك بۆی گێڕانه‌وه‌و ووتی:5(له‌ شاری یافا نوێژم ده‌كردو له‌هۆشی خۆم چووم، له‌خه‌ومدا بینیم‏، شتێكم له‌ئاسمانه‌وه‌ بۆ هاته‌ خواره‌وه‌ له‌‏شێوه‌ی پارچه‌ قوماشێكی گه‌وره‌ هه‌ر چوار لای به‌سترابووه‌وه‌، بۆم شۆڕكرایه‌وه‌.6كاتێ‌ به‌ووردی سه‌یرم‎كرد جۆره‌ها ئاژه‌ڵی سه‌ر زه‌ویم تیا‏دا بینی له‌ ئاژه‌ڵی كێویو له‌ خشۆك‏و هه‌موو باڵنده‌ی ئاسمان،7ئینجا گوێم له‌ده‌نگێك بوو پێیووتم: په‌ترۆس، هه‌سته‌ سه‌ربڕه‌و بخۆ!8منیش له‌وه‌ڵامدا ووتم: نه‌خێر ئه‌ی خوداوه‌ند، هه‌رگیز شتی حه‌رام یاخود پیس ناچێته‌ ده‌مم‏.9به‌ڵام ده‌نگه‌كه‌ دووباره‌ له‌ئاسمانه‌وه‌ پێیووتم: ئه‌وه‌ی خودا پاكی كردۆته‌وه‌ تۆ به‌ پیسی دامه‌نێ‌.10ئه‌مه‌ سێ‌جار دووباره‌ بووه‌وه‌، جا شته‌كان به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ ئاسمان.11ئیتر ئه‌و سێ‌ پیاوه‌ی بۆ لای منیان ناردبوون گه‌یشتنه‌ ئه‌و ماڵه‌ی تیایدا بووم،12ڕۆحی پیرۆز فه‌رمانی پێ‌دام بێ‌ دوو دڵی له‌گه‌ڵیان بڕۆم، ئه‌وسا من‏و ئه‌و شه‌ش برایه‌ی له‌گه‌ڵم هاتبوون، له‌گه‌ڵیان ڕۆیشتین، كاتێ‌ چووینه‌ ماڵی پیاوه‌كه‌،13پێی‏ووتین چۆن فریشته‌ی دیوه‌ هاتۆته‌ ماڵه‌كه‌ی‏و پێیووتوه‌: پیاو بنێره‌ بۆ یافا، به‌دوای شه‌معون ناوێك نازناوی په‌ترۆسه‌،14ئه‌و مزگێنییه‌كت ده‌داتێ‌ به‌هۆیه‌وه‌ خۆت‏و هه‌موو خاوخێزانت ڕزگارتان ده‌بێ‌.15كاتێ‌ ده‌ستم‎كرد به‌ قسه‌كردن، ڕۆحی پیرۆزیان به‌سه‌ردا ڕژا، چۆن له‌‏سه‌ره‌تا به‌سه‌ر ئێمه‌دا ڕژا.16لێره‌ ئه‌وه‌م بیركه‌وته‌وه‌ كه‌ خوداوه‌ند پێیووتین: یه‌حیا ‏خه‌ڵكی له‌ئاوهه‌ڵكێشا، به‌ڵام ئێوه‌ له‌رۆحی پیرۆز هه‌ڵ‎ده‌كێشرێن.17گه‌ر ‏خودا هه‌مان به‌هره‌ی به‌وان دابێ‌ كه‌ داوێتی به‌ ئێمه‌ كاتێ‌ باوه‌ڕمان به‌ خوداوه‌ند عیسای مه‌سیح هێنا، جا من چیم هه‌تا ڕێگا له‌‏خودا ‎‏بگرم؟)18كاتێ‌ ئه‌وانه‌ی به‌ربه‌ره‌كانییان ده‌كرد گوێیان له‌مه‌بوو، بێ‌ده‌نگ بوون‏و ستایشی خودایان كردو ووتیان: (كه‌واته‌ خودا به‌هه‌مان شێوه‌، تۆبه‌كردنی ژیانی به‌خشیوه‌ به‌وانه‌ی جووله‌كه‌ نین.

كۆمه‌ڵی باوه‌ڕدارانی ئه‌نتاكیا

19ئیتر ئه‌و باوه‌ڕدارانه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌و چه‌وسانه‌وه‌ی به‌سه‌ریان هات پاش كوشتنی ئیستفانوس، كاتێ‌ به‌شاری فنیقیه‌و قوبرس‏و ئه‌نتاكیا تێپه‌ڕین‏، ووشه‌ی خودایان نه‌دا‏، ته‌نها به‌‏جووله‌كه‌كان نه‌بێ‌.20به‌ڵام هه‌ندێكیان له‌‏بنه‌چه‌دا خه‌ڵكی قوبرس‏و قه‌یره‌وان بوون، كاتێ‌ گه‌یشتنه‌ شاری ئه‌نتاكیا، ده‌ستیان‎كرد به‌ ڕاگه‌یاندنی عیسای خوداوه‌ند بۆ یۆنانیه‌كانیش.21ئه‌وان ده‌ستی خوداوه‌ندیان له‌گه‌ڵ بوو، ژماره‌یه‌كی زۆر باوه‌ڕیان هێناو بۆ خوداوه‌ند ‎گه‌ڕانه‌وه‌.
‏
22ئه‌م هه‌واڵه‌ گه‌یشت به‌ كۆمه‌ڵی باوه‌ڕدارانی قودس، ئیتر ئه‌وان به‌رنابایان نارد بۆ ئه‌نتاكیا.23كاتێ‌ گه‌یشته‌ ئه‌وێ‌و به‌ره‌كه‌تی خودای بینی، زۆر دڵشاد بوو، هه‌مووانی هاندا به‌دڵ له‌گه‌ڵ خوداوه‌ند بمێننه‌وه‌ به‌خواستێكی چه‌سپاو.24له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رنابا كابرایه‌كی چاك بوو، گیانی پڕبوو له‌ ڕۆحی پیرۆزو باوه‌ڕ، خه‌ڵكێكی زۆر باوه‌ڕیان به‌ خودا‏وه‌ند هێنا.
‏
25ئه‌وسا به‌رنابا چوو بۆ شاری ته‌رسوس‏و گه‌ڕا به‌دوای شاول‏.26كاتێ‌ دۆزیه‌وه‌ هێنای بۆ ئه‌نتاكیا، له‌وێ‌ هه‌ردووكیان ساڵێكی ته‌واو له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵی باوه‌ڕداراندا كۆبوونه‌وه‌و خه‌ڵكێكی زۆریان فێركرد. جا له‌ ئه‌نتاكیا قوتابیه‌كانی خوداوه‌ند بۆ یه‌كه‌م جار ناوی مه‌سیحییان لـێ‌نرا.27له‌و ڕۆژانه‌دا هه‌ندێ‌ له‌وانه‌ی به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوان له‌قودسه‌وه‌ هاتن بۆ ئه‌نتاكیا،28له‌نێوانیاندا یه‌كێك هه‌بوو ناوی ئاغابوس بوو، به‌هۆی ڕۆحی خوداوه‌ پێشبینی‏كرد برسێتییه‌كی گه‌وره‌ له‌‏هه‌موو جیهان ڕووده‌دات. جا ئه‌م برسێتیه‌ به‌ڕاستی ڕوویدا له‌سه‌رده‌می كولودیوسی قه‌یسه‌ر.29ئیتر قوتابیه‌كان له‌ ئه‌نتاكیا بڕیاریان‎دا هه‌ر یه‌كه‌ به‌پێی توانای خۆی پیتاك بنێرێت بۆ ئه‌و برا ‎باوه‌ڕدارانه‌ی له‌‏ناوچه‌ی یه‌هودیه‌دا ده‌ژین.30جا به‌مه‌ هه‌ستان‏و یارمه‌تییه‌كه‌یان به‌ ده‌ستی به‌رناباو شاول بۆ پیرانی كۆمه‌ڵی باوه‌ڕدارانی ئه‌وێ‌ نارد.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9