یەکەم سالۆنیکی4

ژیانێك بۆ ڕازیكردنی خودا

1ئه‌ی برایانی خۆشه‌ویست، ئێوه‌ له‌ ئێمه‌وه‌ فێربوون چۆن هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن له‌ژیان بۆ ڕازیكردنی خودا، وه‌ ئه‌مه‌شتان كردووه‌، ئێستا داواتان لـێ‌ده‌كه‌ین‏و ئاگادارتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ناوی عیسای خوداوه‌نده‌وه‌ زیاتر هه‌وڵی پێشكه‌وتنتان بده‌ن له‌م باره‌یه‌وه‌.2چونكه‌ ئێوه‌ ده‌زانن ئه‌و ڕاسپاردانه‌ی دامان پێتان به‌هۆی عیسای خوداوه‌نده‌وه‌یه‌.3چونكه‌ خواستی خودا ئه‌وه‌یه‌ ده‌یه‌وێ‌ ئێوه‌ پاك‎وپیرۆزبن، له‌داوێن پیسی خۆتان دوورخه‌نه‌وه‌،4هه‌ریه‌كه‌تان بزانێ‌ چۆن به‌‏پاكی‏و ڕه‌وشت به‌رزیه‌وه‌ ئافره‌تێك بۆ خۆی هه‌ڵبژێرێ‌،5نه‌ك به‌ئاره‌زووی هه‌وه‌سبازی وه‌ك ئه‌و میلله‌تانه‌ی خودا ناناسن،6با كه‌ستان ده‌ست‎درێژ نه‌كات بۆ سه‌ر براكه‌ی یاخود خراپه‌ به‌رامبه‌ری بكات له‌م باره‌یه‌وه‌، خوداوه‌نده‌ تۆڵه‌ده‌سێنێ‌ له‌‏هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئه‌م خراپانه‌ ده‌كه‌ن هه‌روه‌ك له‌‏پێشا پێمان ووتون‏و ئاگادارمان كردوونه‌ته‌وه‌.7چونكه‌ خودا بانگیكردووین بۆ ژیانی پاك‏و پیرۆز، نه‌ك بۆ گڵاوی.8كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌م فێركردنه‌ ڕه‌ت‏بكاته‌وه‌، ئه‌وا مرۆڤ ڕه‌ت‏ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو خودا ڕه‌ت‏ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ی ڕۆحی پیرۆزی خۆی به‌خشی پێتان.9ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی خوشك‏و برایانه‌، پێویست ناكات بۆتان بنووسم، چونكه‌ خۆتان له‌‏خوداوه‌ فێربوون یه‌كتریتان خۆش‎بوێ‌.10ئه‌مه‌شتان كردووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو خوشك‏و برایانی مه‌كدۆنیا، به‌ڵام ئه‌ی برایان داواتان لـێ‌ده‌كه‌ین له‌م باره‌یه‌وه‌ زیاتر هه‌وڵ بده‌ن،11ئاگاداربن به‌‏ئاسووده‌یی‏و بێ‌ ئاژاوه‌ بژین، بایه‌خ‏بده‌ن به‌‏كاروباری تایبه‌تی خۆتان، نانی خۆتان به‌‏ده‌ستی خۆتان په‌یدا بكه‌ن هه‌روه‌ك ڕامانسپاردوون،12تا ناوبانگتان باش بێت لای ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕدارنین، پێویستیتان به‌‏كه‌س نابێت.

هاتنه‌وه‌ی عیسای خوداوه‌ند

13به‌ڵام ئه‌ی برایان نامانه‌وێ‌ نه‌زان بن سه‌باره‌ت چاره‌نووسی خه‌وتووان، هه‌تا غه‌مبار نه‌بن وه‌ك ئه‌وانه‌ی هیوایان نییه‌.14گه‌ر ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌وه‌كرد كه‌ عیسا مردوو ئینجا زیندووبووه‌وه‌، ئه‌وا باوه‌ڕ‏ ده‌كه‌ین كه‌ خودا خه‌وتووانی باوه‌ڕدار به‌عیسا بۆ لای خۆی ده‌بات‏.15ئه‌وه‌ی خوداوه‌ند ووتویه‌تی پێتانی ده‌ڵێین ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌یه‌: ئێمه‌ی هێشتا زیندوو هه‌تا كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی خوداوه‌ند، پێش خه‌وتوان ناكه‌وین،16چونكه‌ خوداوه‌ند خۆی دێته‌ خواره‌وه‌ له‌ ئاسمان، كاتێ‌ فه‌رمانی كۆكردنه‌وه‌ ده‌درێت‏و سه‌رۆكی فریشته‌كان بانگه‌واز ده‌كات‏و كه‌ڕه‌نایی خودا فووی یپاده‌كرێ‌، یه‌كه‌م جار ئه‌وانه‌ی له‌ مه‌سیح مردوون هه‌ڵده‌ستنه‌وه‌.17ئینجا ئێمه‌، ئه‌وانه‌ی هێشتا زیندووین هه‌موومان به‌ره‌و ڕووی خوداوه‌ند ده‌ڕفێنرێن له‌هه‌وردا تا له‌ئاسمان به‌خوداوه‌ند بگه‌ین، ئیتر به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ خوداوه‌ند ده‌مێنینه‌وه‌.18جا به‌م ووشانه‌ ووره‌ی یه‌كتری به‌رزبكه‌نه‌وه‌.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9