یەکەم کۆرنسۆس5

حوكمدان به‌سه‌ر داوێن‏پیس

1له‌ڕاستیدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌نێوانتان داوێن‏پیسی هه‌یه‌. جۆره‌ داوێن‎پیسیه‌ك ته‌نانه‌ت له‌لای بت‎په‌رستانیش نییه‌، پیاو له‌گه‌ڵ باوه‌ژنی خۆی ده‌ست تێكه‌ڵ ده‌كات.2له‌گه‌ڵ‎ ئه‌وه‌ش به‌لووت‎به‌رزیه‌وه‌ شانازی به‌خۆتان ده‌كه‌ن! ئایا له‌جیاتی ئه‌مه‌ باشتر نییه‌ ماته‌مدار‎بن هه‌تا ئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ی كردووه‌ له‌نێوانتان نه‌مێنێ‌؟3من‏ به‌‏له‌ش لێتان دوورم، به‌ڵام به‌ڕۆح له‌گه‌ڵتانم، حوكمم داوه‌ به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌و كاره‌ی كردووه‌ هه‌روه‌ك له‌وێ‌ بووبم.4به‌ناوی خوداوه‌ندمان عیسا كۆببنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی ئه‌م شتانه‌ی كردووه‌، ئه‌وسا منیش به‌ڕۆح له‌گه‌ڵتان ده‌بم. به‌هۆی هێزو توانای خوداوه‌ندمان عیسا،5ئه‌و پیاوه‌ بده‌نه‌ ده‌ستی شه‌یتان تا له‌شی بفه‌وتێ‌، بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆحی ڕزگاری بێ‌ له‌ڕۆژی لـێپرسینه‌وه‌ی خوداوه‌ند عیسا.6باش نییه‌ ئێوه‌ شانازی به‌خۆتانه‌وه‌ بكه‌ن. ئایا نازانن هه‌ویرترشێكی بچووك هه‌موو هه‌ویره‌كه‌ هه‌ڵدێنێ‌؟7جا خۆتان پاك‏بكه‌نه‌وه‌ له‌ هه‌ویرترشی كۆن هه‌تا ببن به‌ هه‌ویرێكی تازه‌، چونكه‌ ئێوه‌ نانێكن هه‌ویرترشی تیا نییه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سیح ‏به‌رخی جه‌ژنی تێپه‌ڕبوونی ئێمه‌یه‌و كرا به‌ قوربانی.8كه‌واته‌ ئێمه‌ با‏جه‌ژن بكه‌ین‏، به‌ڵام نه‌ك به‌نانی هه‌ویرترشی كۆن، هه‌ویرترشی چاوپیسیو خراپه‌، به‌ڵكو به‌‏نانی فه‌تیره‌ی پاكی‏و ڕاستی.9من پێشتر بۆم نووسیون تێكه‌ڵ به‌‏داوێن‎پیسان مه‌بن،10‏مه‌به‌ستم له‌ داوێن‎پیس‏و چاوچنۆك‏و دزو بتپه‌رستانی ئه‌م جیهانه‌ نییه‌، ئه‌گینا ئێوه‌ ناچار ده‌بوون له‌م جیهانه‌ بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.11به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ بۆم نووسیون تێكه‌ڵ به‌‏یه‌كێك مه‌بن، خۆی ناوناوه‌ برا له‌‏باوه‌ڕ‏، به‌ڵام له‌‏هه‌مان ‎كات گوناهباره‌ به‌ داوێن‏پیسی یان چاوچنۆكی یاخود بت‎په‌رستیو جنێوفرۆشی یان سه‌رخۆشیو دزی. ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌ ته‌نانه‌ت بۆ نان ‎خواردنیش له‌گه‌ڵیان دامه‌نیشن.12ئایا كاری منه‌ حوكم به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ بده‌م كه‌ له‌‏ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕدارانن‏؟ ئایا ئێوه‌ نین حوكم ده‌ده‌ن به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵه‌ن؟13چونكه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵه‌ن، خودا حوكمیان به‌سه‌ر ده‌دات. [[له‌ناو خۆتان خراپه‌كار ده‌ربكه‌ن.]]

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9