یەکەم کۆرنسۆس12

به‌هره‌كانی ڕۆحی پیرۆز

1ئه‌ی برایان، سه‌باره‌ت به‌ به‌هره‌ ڕۆحیه‌كان ده‌مه‌وێ‌ لاتان شاراوه‌ نه‌بێ‌.2ئێوه‌ ده‌زانن كاتێ‌ بت‏په‌رست بوون، ڕاتان ده‌كرد به‌دوای بته‌ لاڵه‌كان تا بیانپه‌رستن.3بۆیه‌ من ده‌مه‌وێ‌ ئێوه‌ تێبگه‌ن كه‌ هیچ كه‌سێك نییه‌ بدوێ‌ به‌ڕۆحی خوداو بڵێ‌ (نه‌فره‌ت له‌عیسا)، هه‌روه‌ها هیچ كه‌س ناتوانێ‌ بێ‌ ڕۆحی پیرۆز بڵێ‌ (عیسا خوداوه‌نده‌.)
4چه‌نده‌ها به‌هره‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مووی له‌ یه‌ك ڕۆحه‌وه‌یه‌،5هه‌روه‌ها چه‌ندین جۆر خزمه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مووی له‌ یه‌ك خوداوه‌نده‌وه‌یه‌،6جۆره‌ها كاریش هه‌یه‌، به‌ڵام ته‌نها یه‌ك خودایه‌ ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك ده‌كات له‌هه‌موو كه‌سێك.
‏
7جا به‌یه‌كێك ئاشكرا بوونی ڕۆحی ده‌درێ، ئه‌مه‌ش سوودی بۆ هه‌مووانه‌.8یه‌كێك به‌هۆی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌ قسه‌ی دروست‏و دانای پێ‌ ده‌به‌خشرێ‌، بۆ یه‌كێكی تر قسه‌ی زانین به‌گوێره‌ی هه‌مان ڕۆح.9هه‌ر هه‌مان ڕۆحیش به‌ یه‌كێك باوه‌ڕ ده‌به‌خشێ‌، به‌وی دیكه‌ش به‌هره‌ی نه‌خۆش چاك‏كردنه‌وه‌ به‌یه‌ك ڕۆح،10هه‌روه‌ها یه‌كێك توانای كردنی كاری سه‌رسوڕهێنه‌ری پێ‌ ده‌بــه‌خشرێ‌، یه‌كێكی دیكه‌ش دوان بــه‌ ووشــه‌ی خــودا، یه‌كێكی دیكه‌ش توانای لێك جیاكردنه‌وه‌ی ڕۆحه‌كان، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش زمانه‌ ڕۆحیه‌كان، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌و زمانانه‌.11به‌ڵام ئه‌مانه‌ هه‌موو كـاری یــه‌ك ڕۆح‏و هــه‌مان ڕۆحن، به‌ هه‌ر یه‌كێك چۆن بیه‌وێ‌ ده‌یدا.

یه‌ك له‌ش‏و ئه‌ندامی زۆر

12چۆن له‌ش یه‌كه‌و ئه‌ندامی زۆری هه‌یه‌، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ چه‌ند زۆرن، به‌ڵام یه‌ك له‌ش پێك ده‌هێنن، هه‌روه‌ها ‏مه‌سیح به‌م شێوه‌یه‌یه‌.13چونكه‌ ئێمه‌ به‌یه‌ك ڕۆح له‌ئاو هه‌ڵكێشراین بۆ یه‌ك له‌ش. گه‌ر ئێمه‌ جووله‌كه‌ بین یاخود یۆنانی، كۆیله‌ بین یاخود سه‌ربه‌ست، ئێمه‌ هه‌موو له‌ یه‌ك ڕۆحمان خواردۆته‌وه‌.14كه‌واته‌ له‌ش یه‌ك ئه‌ندام نییه‌ به‌ڵكو كۆمه‌ڵه‌ ئه‌ندامێكه‌.15گه‌ر بێتو قاچ بڵێ‌: (چونكه‌ من ده‌ست نیم ئیتر من سه‌ر به‌ له‌ش نیم،) ئایا ئیتر به‌ ئه‌ندامی له‌ش دانانرێ‌؟16هه‌روه‌ها گه‌ر بێتو گوێ‌ بڵێ‌: (چونكه‌ من چاو نیم، ئیتر من سه‌ر به‌ له‌ش نیم،) ئایا به‌ ئه‌ندامی له‌ش دانانرێ‌؟17گه‌ر هاتوو له‌ش هه‌مووی چاو بووایه‌، ئیتر چۆن شتمان ده‌بیست؟ هه‌روه‌ها هه‌مووی گوێ‌ بووایه‌، ئیتر چۆن بۆنمان ده‌كرد؟18له‌به‌رئه‌وه‌ خودا هه‌ر ئه‌ندامێكی له‌شی له‌شوێنێكی تایبه‌ت داناوه‌، به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی ده‌یه‌وێ‌.19جا كوا له‌ش گه‌ر هه‌مووی یه‌ك ئه‌ندام بووایه‌؟20به‌ڵام ئه‌وه‌تا وا نییه‌، به‌ڵكو ئه‌ندامه‌كان زۆرن به‌ڵام یه‌ك له‌شن.21به‌م شێوه‌یه‌، چاو ناتوانێ‌ به‌ ده‌ست بڵێ‌: (پێویستم پێت نییه‌.) هه‌روه‌ها سه‌ر به‌ هه‌ردوو قاچ بڵێ‌: (پێویستم پێتان نییه‌.)22ئه‌وه‌ی به‌ لاوازترین ئه‌ندام دایده‌نێن له‌ له‌ش، ئه‌وه‌ ئه‌ندامێكی پێویسته‌.23ئه‌و ئه‌ندامه‌ی له‌ له‌شدا ئه‌وه‌نده‌ ڕێزی نییه‌، زیاتر ڕێزی بۆ داده‌نێن، هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌ندامه‌ی به‌ شه‌رمه‌وه‌ سه‌یری ده‌كه‌ین، ڕێزی تایبه‌تی لێ‌ده‌گیرێ‌.24به‌ڵام ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی به‌‏نرخن پێویستیان به‌مه‌ نییه‌، چونكه‌ خودا ئه‌ندامه‌كانی له‌شی به‌ شێوه‌یه‌ك دروست‎ كردووه‌ ته‌نانه‌ت بۆ بچووكترین ئه‌ندامی له‌ش نرخێكی تایبه‌تی داناوه‌،25تاكو له‌ش ناكۆكی تیا‏دا په‌یدا نه‌بێ‌، به‌ڵكو ئه‌ندامه‌كان یه‌ك بایه‌خیان هه‌‏بێ‌ سه‌باره‌ت به‌یه‌كتری.26گه‌ر هاتوو ئه‌ندامێك ئازاری هه‌بوو هه‌موو ئه‌ندامه‌كانی دیكه‌ له‌گه‌ڵی ئازار ده‌چێژن، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ئه‌ندامان ڕێزی لێنرا، ئه‌وا هه‌موو ئه‌ندامان له‌گه‌ڵی دڵخۆش ده‌بن.27له‌ڕاستیدا ئێوه‌ له‌شی مه‌سیحن، هه‌ر یه‌كه‌تان له‌ئه‌و ئه‌ندامێكه‌.28خودا له‌‏كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕدارانی خۆی یه‌كه‌مجار نێرراوانی دانا، دووه‌مجار ئه‌وانه‌ی به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوێن، سێهه‌مجار فێركه‌ران. ئینجا به‌هره‌كانی كاری سه‌رسوڕهێنه‌ر: نه‌خۆش چاككردن‎و یارمه‌تیدان‏و به‌ڕێوه‌بردن‎و دوان به‌ زمانه‌ ڕۆحیه‌كان.29ئایا ئه‌وانه‌ هه‌موویان‏ نێرراون؟ یاخود هه‌موو به‌ووشه‌ی خودا ده‌دوێن؟ یان ‏هه‌موو فێركه‌رن؟ یا هه‌موویان به‌هره‌ی كاری سه‌رسوڕهێنه‌ریان دراوه‌تێ‌؟30ئایا هه‌موویان به‌هره‌ی چاك‎كردنه‌وه‌ی خه‌ڵكیان دراوه‌تێ‌؟ یان هه‌موویان ده‌توانن به‌‏زمانی ڕۆحی بدوێن؟ یاخود توانای ڕوونكردنه‌وه‌ی زمانه‌ ڕۆحییه‌كانیان هه‌یه‌؟31ئێوه‌ هه‌وڵی به‌هره‌ی باشتر بده‌ن، ئه‌وسا من ڕێگایه‌كی باشترتان نیشان‎ده‌ده‌م.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9