مەتا9

چا كردنه‌وه‌ی ئیفلیجێك

1ئینجا عیسا سواری به‌له‌م بوو، ده‌ریاچه‌كه‌ی بڕیو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌ی خۆی [كه‌فه‌رناحوم].2كابرایه‌كی ئیفلیجیان هێنایه‌ لای به‌جێگه‌كه‌یه‌وه‌، كاتێ‌ عیسا سه‌یری باوه‌ڕیانی كرد، به‌كابرای ووت: (ووره‌ت به‌رزبێ‌ كوڕم، گوناهه‌كانت به‌خشراون.)3هه‌ندێ‌ له‌مامۆستایانی شه‌ریعه‌ت له‌دڵی خۆیان ووتیان: (ئه‌مه‌ كفر ده‌كات.)4عیسا زانی بیر له‌چی ده‌كه‌نه‌وه‌و لێی پرسین: (بۆچی له‌دڵتان به‌خراپه‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌؟5كامیان ئاسانتره‌ بووترێ: (گوناهه‌كانت به‌خشران.) یاخود بووترێ: (هه‌سته‌و بڕۆ؟)6به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بزانن ڕۆڵه‌ی مرۆڤ له‌سه‌ر زه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گوناه‌ به‌خشینی هه‌یه‌.) ئینجا به‌ئیفلیجه‌كه‌ی ووت: (هه‌سته‌، جێگاكه‌ت هه‌ڵگره‌و بڕۆره‌وه‌ بۆ ماڵ.)7ئه‌ویش ده‌ست به‌جێ‌ هه‌ستایه‌ سه‌رپێ‎و به‌پێی خۆی به‌ره‌و ماڵ گه‌ڕایه‌وه‌.8كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ ئه‌مه‌یان بینی، ترسان‏و ده‌ستیان‎كرد به‌ستایشی ئه‌و خودایه‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی داوه‌ به‌مرۆڤ.

عیسا بۆ گوناهباران هاتووه‌

9كاتێ‌ عیسا له‌وێ‌ تێ‌ده‌په‌ڕی، باجگرێكی دی ناوی مه‌تتا بوو، له‌سه‌ر شوێنی باج وه‌رگـرتن دانیشتبوو. پێی ووت: (دوام كه‌وه‌.) ئه‌ویش هه‌ستاو دوای كه‌وت.10له‌كاتێكدا عیسا چووه‌ ماڵی مه‌تتاو له‌سه‌ر خوان دانیشت، زۆر له‌باجگره‌كان‎و گوناهباران هاتن‎و له‌سه‌ر خوان له‌گه‌ڵ عیساو قوتابیه‌كانی دانیشتن.11كه‌ فه‌ریسیه‌كان ئه‌مه‌یان بینی، به‌قوتابیه‌كانیان ووت: (بۆچی مامـۆسـتاتان له‌گه‌ڵ باجگرو گوناهباران داده‌نیشێت‏و نان ده‌خوات؟)12كاتێ‌ عیسا گوێی له‌ ووته‌كانیان بوو، ووتی: (مرۆڤی له‌ش‎ ساغ پێویستی به‌ پزیشك نییه‌، به‌ڵكو نه‌خۆش.13بڕۆن‏و مانای ئه‌مه‌ فێربن: {من داوای به‌زه‌یی ده‌كه‌م نه‌ك قوربانی}، نه‌هاتووم بۆ بانگ كردنی ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌چاك ده‌زانن، به‌ڵكو گوناهباران بۆ تۆبه‌كردن.)

له‌باره‌ی ڕۆژووه‌وه‌

14ئینجا قوتابیه‌كانی یه‌حیا له‌عیسا هاتنه‌ پێشه‌وه‌و پرسیاریان لـێكرد: (بۆچی ئێمه‌و فه‌ریسیه‌كان به‌ڕۆژوو ده‌بین، به‌ڵام قوتابیه‌كانت به‌ڕۆژوو نابن؟)15عیسا پێی ووتن: (ئایا خه‌ڵكی له‌شایدا شیوه‌ن ده‌كه‌ن كاتێ‌ زاوا له‌نێوانیان بێت؟ به‌ڵام ڕۆژانێ‌ دێت زاوا به‌رز ده‌كرێته‌وه‌و له‌نێوانیان نامێنێ، ئه‌وسا به‌ڕۆژوو ده‌بن.16هیچ كه‌سێ‌ كراسی كۆن به‌قوماشێكی تازه‌ پینه‌ ناكات، چونكه‌ پارچه‌ تازه‌كه‌ ده‌چێته‌وه‌یه‌ك‎و كراسه‌ كۆنه‌كه‌ ڕاده‌كێشێت‎و دڕاویه‌كه‌ خراپتر ده‌كات.17خه‌ڵكی مه‌ی تازه‌ ناكه‌نه‌ مه‌شكه‌ی كۆنه‌وه‌، ئه‌گینا مه‌شكه‌كه‌ ده‌دڕێ‌، مه‌یه‌كه‌ ده‌ڕژێ‎و مه‌شكه‌كه‌ش له‌ناو ده‌چێ‌. به‌ڵكو مه‌ی تازه‌ ده‌كرێته‌ مه‌شكه‌ی تازه‌وه‌، تا مه‌یه‌كه‌و مه‌شكه‌كه‌ش به‌یه‌كه‌وه‌ پارێزراو بن.)

زیندووكردنه‌وی كچێك

18له‌كاتێكدا عیسا ئه‌مانه‌ی ده‌ووت، یه‌كێ‌ له‌پێشه‌وایانی جووله‌كه‌ هاته‌ پێشه‌وه‌، كڕنووشی بۆ بردو ووتی: (كچه‌كه‌م ئێستا مرد، به‌ڵام وه‌ره‌ ده‌ستی لـێ‌ بده‌، زیندوو ده‌بێته‌وه‌)،19عیسا هه‌ستاو له‌گه‌ڵ قوتابیه‌كانی دوای پیاوه‌كه‌ كه‌وت.20هه‌ر له‌وكاته‌دا ژنێك كه‌ دوانزه‌ ساڵ بوو نه‌خۆشی خوێن لـێ‌چوونی هه‌بوو، له‌عیسا نزیك بووه‌وه‌و له‌دواوه‌ ده‌ستی بۆ چمكی كراسه‌كه‌ی بردو له‌دڵی خۆیدا ووتی:21(ئه‌گه‌ر ته‌نها ده‌ست له‌جله‌كانیشی بده‌م، چاك ده‌بمه‌وه‌.)22عیسا ئاوڕی دایه‌وه‌ بینیو ووتی: (كچه‌كه‌، دڵنیابه‌، باوه‌ڕت چاكی كردیته‌وه‌.) ژنه‌كه‌ ده‌ست به‌جێ‌ چاك بووه‌وه‌.23كاتێ‌ عیسا چووه‌ ماڵی پێشه‌واكه‌، شیوه‌نكه‌ران‎و كۆمه‌ڵێ‌ خه‌ڵكی بینی به‌یه‌كا دێن‎و ده‌چن.24ووتی: (لاچن، كچه‌كه‌ نه‌مردووه‌، به‌ڵكو خه‌وتووه‌.) ئه‌وانیش پێی پێكه‌نین.25كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی كرده‌ ده‌ره‌وه‌، هاته‌ ژووره‌وه‌و ده‌ستی كچه‌كه‌ی گرت، كچه‌ هه‌ستایه‌ سه‌رپێ.26ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌هه‌موو ووڵاتدا بڵاوبووه‌وه‌.

چاكردنه‌وه‌ی دوو كوێر

27كه‌ عیسا له‌وێ‌ ڕۆیشت، دوو كـوێر دوای كـه‌وتن، هاواریان ده‌كردو ده‌یان ووت: (ڕۆڵه‌ی داود، به‌زه‌ییت پێمان‎بێته‌وه‌)28كاتێ‌ هاته‌ ماڵه‌وه‌، هه‌ردووكیان هاتنه‌ لای. عیسا لێی پرسـین: (ئێوه‌ بـاوه‌ڕتـان بـه‌وه‌ هه‌یه‌ من ده‌تـوانـم ئه‌مه‌ بكـه‌م؟) ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (به‌ڵێ‌ گه‌وره‌م.)29ئه‌ویش ده‌ستی هێنا به‌ چاویانداو ووتی: (بابۆتان ببێ‌، به‌پێی باوه‌ڕتان.)30ده‌ست به‌جێ‌ چاویان ڕووناكی تێ‌كه‌وت، عیسا پێی ڕاگه‌یاندن‏و ووتی: (ئاگاداربن به‌كه‌س مه‌ڵێن)31به‌ڵام ئه‌وان ڕۆیشتن‏و هه‌واڵیان له‌هه‌موو ناوچه‌كه‌دا بڵاوكرده‌وه‌.

لاڵێك ده‌كه‌وێته‌ قسه‌كردن

32كه‌ دوو كابراكه‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌، چه‌ند كه‌سێك لاڵێكیان هێنایانه‌ لای، ڕۆحی پیسی تیا بوو.33كاتێ‌ عیسا ڕۆحه‌ پیسه‌كه‌ی لـێ‌ ده‌ركرد، لاڵه‌كه‌ ده‌ستیكرد به‌قسه‌كردن. خه‌ڵكه‌كه‌ سه‌ریان سوڕماو ووتیان: (شتی وا به‌هیچ جۆرێك له‌ئیسرائیلدا نه‌بینراوه‌.)34به‌ڵام فه‌ریسیه‌كان ووتیان: (ڕۆحی پیس به‌هێزی سه‌رۆكی ڕۆحه‌ پیسه‌كان ده‌رده‌كات.)

دروێنه‌ی زۆرو كرێكاریكه‌م

35عیسا به‌شارو لادێكان ده‌گه‌ڕا، له‌ كه‌نیشته‌كان خه‌ڵكی فێرده‌كردو مزگێنی پادشاهێتی ئاسمانی ڕاده‌گه‌یاند. هه‌موو ده‌ردو نه‌خۆشیه‌كی چاك ده‌كرده‌وه‌.36كاتێ‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌بینی به‌زه‌یی پێیاندا ده‌هاته‌وه‌، چـونكه‌ په‌رێشان‏و ده‌ربه‌ده‌ر بوون، وه‌ك مه‌ڕی بێ‌ شوان بوون.37جا به‌ قوتابیه‌كانی ووت: (دروێنه‌ زۆره‌، كرێكار كه‌مه‌.38كه‌واته‌ نوێژ بكه‌ن تا خوداوه‌ندی دروێنه‌ كرێكار بۆ دروێنه‌كه‌ی بنێرێت.)

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9