یۆحەنا9

چاكردنه‌وه‌ی ‏كوێرێكی ‏زگماك‏

1كاتێ‌ عیسا به‌رێگادا ده‌رۆیشت، پیاوێكی به‌زگماك كوێری بینی،2‏قوتابیه‌كانی لێیان‎پرسی: (مامۆستا، كێ‌ گوناهی كردووه‌؟ ئه‌م پیاوه‌، یاخود دایك‏و باوكی، تا به‌كوێری له‌دایك ببێ‌؟)3عیسا له‌‏وه‌ڵامدا ووتی: (نه‌گوناهی ئه‌م پیاوه‌یه‌و نه‌‏دایك‏و باوكی، به‌ڵام بۆیه‌ وای لـێ‌هاتووه‌ تا به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ كاره‌كانی خودا ده‌ركه‌وێ‌.4هه‌تا كاته‌كه‌ ڕۆژه‌ له‌سه‌رمه‌ كاری ئه‌و بكه‌م كه‌ ناردوومی. دوایی شه‌و دێت‏و كه‌س ناتوانێ‌ كاری تیا بكات.5جا ئه‌وه‌نده‌ی له‌‏جیهاندام، من ڕووناكی جیهانم.(
6ئه‌مه‌ی ووت‏و تفی‏كرده‌ سه‌ر زه‌وی، به‌تفه‌كه‌ قوڕی دروست‎كرد، ئینجا خستیه‌ سه‌ر هه‌ردوو چاوی كوێره‌كه‌،7پێی ووت: (بڕۆ خۆت بشۆ له‌گۆمی سیلوام (واتای نێرراوه‌).) ئه‌ویش ڕۆیشت‏و خۆی شوشت‏و به‌چاوكراوه‌یی هاته‌وه‌.
8ئینجا دراوسێكانیو ئه‌وانه‌ی له‌پێشا بینیبوویان سواڵ ده‌كات پرسییان: (‏ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ داده‌نیشت سواڵی ده‌كرد؟)9هه‌ندێكیان ووتیان: (خۆیه‌تی.) هه‌ندێكی كه‌یان: (‏نه‌خێر، به‌ڵام له‌و ده‌كات.) ئه‌وسا خۆی وه‌ڵامی دایه‌وه‌و ووتی: (به‌ڵێ‌ من ئه‌وم.)10ئینجا پێیان‎ووت: (ئه‌ی چۆن چاوت چاك بووه‌وه‌؟)11له‌وه‌ڵامدا ووتی: (ئه‌و پیاوه‌ی ناوی عیسایه‌ قوڕی دروست‎كردو چاومی پێ‌سواخدا، پێیووتم: بڕۆ بۆ گۆمی سیلوام خۆتی تیادا بشۆ. منیش ڕۆیشتم‏و خۆم تیا شوشت‏و چاوم چاك‎بووه‌وه‌!)12هه‌روه‌ها لێیان ‎پرسی: (ئێستا ئه‌و له‌‏كوێیه‌؟) ئه‌ویش ووتی: (نازانم.)
13پیاوه‌ كوێره‌كه‌یان برده‌ لای فه‌ریسیه‌كان.14ئه‌و ڕۆژه‌ش كه‌ عیسا قوڕه‌كه‌ی دروست‎كردو چاوی كوێره‌كه‌ی تیا چاك‎كرده‌وه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ بوو.15دیسان فه‌ریسیه‌كانیش لێیان‎ پرسی چۆن چاوی چاك‎بووه‌وه‌. ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ووتی: (قوڕی خسته‌ سه‌ر چاوم، خۆم شوشت‏و ئه‌وه‌تا ئێستا ده‌بینم!)16به‌ڵام هه‌ندێ‌ له‌فه‌ریسیه‌كان ووتیان: (ناشێ‌ ئه‌م پیاوه‌ له‌‏خوداوه‌ بێت، چونكه‌ به‌رپێچی یاسای شه‌ممه‌ ده‌كات.) به‌ڵام هه‌ندێكیان پرسییان: (چۆن پیاوێكی گوناهبار ده‌توانێ‌ نیشانه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ر بنوێنێ‌؟) ئیتر دووبه‌ره‌كی كه‌وته‌ نێوانیانه‌وه‌.17دیسان له‌كوێره‌كه‌یان پرسی: (تۆ ڕات ‎چییه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و چونكه‌ چاوی تۆی چاك‎كرده‌وه‌؟) ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌! (18ده‌سه‌ڵاتدارانی جووله‌كه‌ باوه‌ڕیان نه‌كرد كه‌ ئه‌و پیاوه‌ كوێر بووه‌‏و ئێستا ده‌بینێ‌، ئیتر دایك‏و باوكیان بانگ‎كرد.19لێیان پرسین: (ئایا ئه‌م كوڕه‌تان به‌كوێری له‌دایك بووه‌ وه‌ك ده‌ڵێن؟ جا چۆن ئێستا ده‌بینێ‌؟)20دایك‏و باوكه‌كه‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: (ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌مه‌ كوڕمانه‌ و به‌‏كوێری له‌دایك بووه‌.21به‌ڵام نازانین ئێستا چۆن ده‌بینێ‌، هه‌روه‌ها كێ‌ چاوی چاك‎كردۆته‌وه‌؟ ئه‌و خۆی گه‌وره‌یه‌و ده‌توانێ‌ وه‌ڵامتان بداته‌وه‌ لێیبپرسن!)22دایك‏و باوكی كوڕه‌ له‌ترسی ده‌سه‌ڵاتدارانی جووله‌كه‌ ئه‌مه‌یان ووت، چونكه‌ ‏بڕیاری ئه‌وه‌یان دابوو هه‌ركه‌سێ‌ دانبنێ‌ به‌وه‌ی عیسا مه‌سیحه‌ له‌كه‌نیشت ده‌ریبكه‌ن.23ئیتر له‌به‌رئه‌وه‌ بوو ووتیان: (ئه‌و گه‌وره‌یه‌ پرسیار له‌خۆی بكه‌ن.)
24دیسان فه‌ریسیه‌كان ئه‌و پیاوه‌ی كوێر بوو بانگیان كردو پێیان‎ووت: (ستایشی خودا بكه‌! ئێمه‌ ده‌زانین ئه‌و پیاوه‌ گوناهباره‌.)25كابراش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (گه‌ر ئه‌و گوناهباره‌، نازانم! به‌ڵام یه‌ك شت ده‌زانم: من كوێر بووم و ئێستا ده‌بینم!)26دیسان لێیان پرسیه‌وه‌: (چی لـێ‌كردیت؟ چۆن چاوی چاك‎كردیته‌وه‌؟)27ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (من پێم ووتن ئێوه‌ گوێتان لـێ‌نه‌گرتم، ئیتر بۆچی جارێكیكه‌ ده‌تانه‌وێ‌ بیبیستن؟ ئایا ئێوه‌ش ده‌تانه‌وێ‌ ببن به‌‏قوتابی ئه‌و؟)28ئه‌وسا فه‌ریسیه‌كان جنێویان به‌كابرا داو پێیان ووت: (تۆ قوتابی ئه‌ویت! به‌ڵام ئێمه‌ قوتابی موساین.29ئێمه‌ ده‌زانین خودا قسه‌ی له‌گه‌ڵ موسا كردووه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ نازانین له‌ كوێوه‌ هاتووه‌!)30كابراش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (‏ئه‌مه‌ شتێكی سه‌یره‌! ئه‌و چاوی چاك‎كردومه‌ته‌وه‌، كه‌چی ئێوه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ نازانین ئه‌و وه‌چه‌و بنه‌چه‌ی كێیه‌!31ئێمه‌ ده‌زانین خودا وه‌ڵامی گوناهباران ناداته‌وه‌، به‌ڵام گوێ‌ له‌وانه‌ ده‌گرێ‌ كه‌ لێیده‌ترسن‏و به‌خواستی ئه‌و ده‌كه‌ن.32تا ئێستا پشتاوپشت نه‌بیستراوه‌ یه‌كێك چاوی مرۆڤێكی به‌زگماك كوێری چاك‎كردبێته‌وه‌!33گه‌ر ئه‌و له‌‏خودا نه‌بووایه‌، نه‌یده‌توانی هیچ بكات.)34ئه‌وسا هاواریان كرد به‌سه‌ری: (تۆ خۆت هه‌موو گیانت به‌گوناه‌ له‌دایك بووه‌و ئێمه‌ فێرده‌كه‌یت؟) ئینجا ده‌ریان‎كرده‌ ده‌ره‌وه‌ی كه‌نیشته‌كه‌.
35كاتێ‌ عیسا زانی كابرا ده‌ركراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، چوو بۆ لای و لێیپرسی: (ئایا باوه‌ڕ به‌ڕۆڵه‌ی مرۆڤ ده‌كه‌یت؟)36كابرا له‌‏وه‌ڵامدا ووتی: (گه‌وره‌م، ئه‌و كێیه‌ تا باوه‌ڕی پێ‌بهێنم؟)37لێره‌ عیسا پێی ووت: (ئه‌وه‌ی كه‌ بینیت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵت ده‌دوێ‌، ئه‌وه‌ خۆیه‌تی!)38كابرا ووتی: (گه‌وره‌م من باوه‌ڕ ده‌كه‌م!) ئه‌وسا كڕنووشی بۆ برد.
39عیسا ووتی: (هاتووم بۆ ئه‌م جیهانه‌ بۆ حوكمدان، تا كوێر ببینێ‌‏و چاوساغ كوێر‏بێ‌!)40هه‌ندێ‌ له‌فه‌ریسیه‌كان كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون گوێیان له‌مه‌‏بوو لێیان‎پرسی: (ئایا ئێمه‌ش كوێرین؟)41‏عیساش وه‌ڵامی دانه‌وه‌: (گه‌ر ئێوه‌ به‌ڕاستی كوێر بوونایه‌، گوناهتان له‌سه‌ر نه‌ده‌بوو. به‌ڵام ئێوه‌ ئێستا ده‌ڵێن‏: ده‌بینین، جا له‌به‌رئه‌وه‌ گوناهه‌كه‌تان ده‌مێنێته‌وه‌.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9