کۆلۆسی1

1له‌پۆڵس نێرراوی عیسای مه‌سیح له‌سه‌ر خواستی خودا، هه‌روه‌ها له‌‏تیمۆساوسی برامانه‌وه‌،2بۆ خوشك‏و برایانی پیرۆزو سه‌رڕاست له‌‏شاری كۆلۆسی، با به‌ره‌كه‌ت‏و ئاشتی خودای باوكتان له‌گه‌ڵ بێ‌.

سوپاس‏و نوێژكردن

3ئێمه‌ هه‌ر كاتێك نوێژ ده‌كه‌ین بۆتان، هه‌میشه‌ سوپاسی خودای باوكی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ندمان ده‌كه‌ین،4چونكه‌ هه‌واڵی باوه‌ڕتان به‌ عیسای مه‌سیح پێمان گه‌یشت له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی هه‌تانه‌ به‌رامبه‌ر هه‌موو خوشك‏و برایانی پیرۆز،5له‌پێناوی ئه‌و هیوایه‌ی خودا ئاماده‌یكردووه‌ بۆتان له‌‏ئاسمان، ئه‌و هیوایه‌ی له‌پێشا له‌ووشه‌ی ڕاستیتان بیست، واته‌ مزگێنی.6ئه‌و مزگێنییه‌ی به‌رهه‌م ده‌هێنێت‏و بڵاوده‌بێته‌وه‌ له‌هه‌موو جیهان، هه‌روه‌ك چۆن به‌رهه‌می هێناو بڵاوبووه‌وه‌ له‌‏نێواتان له‌و ڕۆژه‌ی به‌ڕاستی به‌ره‌كه‌تی خوداتان بیستووه‌‏و ناسیووتانه‌.7هه‌روه‌ك له‌ئه‌پفراسی به‌نده‌ی هاوڕێی خۆشه‌ویست فێربوون، ئه‌و خزمه‌تكارێكی سه‌رڕاستی مه‌سیحه‌ له‌پێناوی ئێمه‌.8هه‌ر ئه‌ویش بوو بۆی باس‏كردین سه‌باره‌ت به‌و خۆشه‌ویستیه‌ی ڕۆح پێی به‌خشیون.9له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ی ئه‌مه‌مان بیستووه‌، بێ‌ڕاوه‌ستان نوێژتان بۆ ده‌كه‌ین، داوا له‌خودا ده‌كه‌ین داناییو تێگه‌یشتنی ڕۆحیتان بداتێ‌، تا خواستی ئه‌و به‌ته‌واوی بزانن.10هه‌تا به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن له‌ژیان شایانی خوداوه‌ند بێت‏و به‌ته‌واوی جێگای ڕه‌زامه‌ندی ئه‌و بێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م‎بهێنن له‌‏هه‌موو كارێكی چاك‏و پێ‌بگه‌ن له‌ناسینی خودا،11هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێزتان بكات به‌هه‌موو هێزێك به‌گوێره‌ی توانای شكۆداری خۆی، تا خۆتان ڕاگرن له‌ئاست هه‌موو شتێك‏و ئارام بگرن‏، به‌‏خۆشیه‌وه‌12‏سوپاسی باوك بكه‌ن، ئه‌وه‌ی ئێوه‌ی ئاماده‌‏كردووه‌ بۆ به‌شداریكردنی میراتی خوشك‏و برایانی پیرۆز له‌ڕووناكی.13هه‌ر ئه‌وه‌ ئێمه‌ی ڕزگاركردووه‌ له‌‏ده‌سه‌ڵاتی تاریكی‏و ئێمه‌ی گواسته‌وه‌ بۆ پادشاهێتی ڕۆڵه‌ی خۆشه‌ویستی.14ئه‌وه‌ی به‌خوێنی خۆی ئێمه‌ی كڕیه‌وه‌ له‌كۆیله‌یه‌تی گوناه‌، ئه‌ویش به‌ لـێخۆش‎بوونی ‏گوناه‌.

عیسا وێنه‌ی خودای نه‌بینراوه‌

15عیسا وێنه‌ی خودای نه‌بینراوه‌، نۆبه‌ره‌ی هه‌موو بوونه‌وه‌رانه‌.16هه‌ر به‌ویش هه‌موو شتێك دروست بووه‌‏، ئه‌وه‌ی له‌‏ئاسمان‏و له‌سه‌ر زه‌وییه‌، ئه‌وه‌ی ده‌بینرێ‌و نابینرێ‌، خاوه‌ن ته‌خت‏و تاج یان سه‌رۆك‏و ده‌سه‌ڵاتدار، خودا هه‌مووی به‌‏عیساو بۆ عیسا دروست‎كرد.17ئه‌و پێش هه‌موو شتێك بووه‌و هه‌ر له‌ئه‌ویشدا هه‌موو شتێك ده‌بێت.18ئه‌و سه‌ری له‌شه‌، واته‌ سه‌ری كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕداران، سه‌ره‌تاو نۆبه‌ره‌ی زیندووبوونه‌وه‌ی دوای مردنه‌، تا له‌‏سه‌رووی هه‌موو شتێك بێت.19چونكه‌ خودا حه‌زی كرد به‌هه‌موو پڕی خۆی له‌ئه‌ودا به‌رجه‌سته‌ بێ.20تا به‌هۆی ئه‌و ئاشت‏بێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر زه‌ویو له‌‏ئاسماندایه‌، به‌ خوێن‎ڕشتنی ئه‌ویش له‌سه‌ر خاچ ئاشتی هاته‌دی.
21ئێوه‌ جاران به‌هۆی كرداری خراپتان نامۆ و دوژمن بوون له‌بیركردنه‌وه‌،22به‌ڵام ئێستا ‏ئاشتیكردنه‌وه‌ ‏به‌مردنی، به‌له‌شی مرۆڤانه‌ی خۆی، تا ئێوه‌ به‌ پاك‎وپیرۆزی‏و بێ‌ كه‌م‏و‏كوڕی‏و بێ‌گله‌یی بێنه‌ به‌رده‌می.23به‌مه‌رجێك به‌رده‌وام‏بن له‌سه‌ر باوه‌ڕتان، باوه‌ڕێكی چه‌سپاو و ڕه‌گ داكوتراوتان هه‌بێ‌، لانه‌ده‌ن له‌هیوای ئه‌و مزگێنییه‌ی بیستتان‏و هه‌موو بوونه‌وه‌رانی ژێر ئاسمان پێی ڕاگه‌یه‌نرا، خۆشم‏بووم به‌خزمه‌تكار بۆی.

تێكۆشانی پۆڵس بۆ باوه‌ڕداران

24من ئێستا دڵشادم به‌و ئازاره‌ی له‌پێناوتان ده‌یچێژم‏، چونكه‌ له‌له‌شی خۆمدا كه‌م‏وكوڕی ته‌نگانه‌ی مه‌سیح ته‌واو ده‌كه‌م، له‌پێناوی له‌شی ئه‌و كه‌ كۆمه‌ڵه‌ی باوه‌ڕدارانه‌،25ئه‌وه‌ی من بووم به‌ خزمه‌تكار بۆی، له‌سه‌ر خواستی خودا به‌من دراوه‌ له‌پێناوتان، تا ووشه‌ی خوداتان به‌ ته‌واوی پێ‌بناسێنم،26ئه‌م نهێنیه‌ش لای نه‌وه‌كانی ڕابردوو شاراوه‌ بوو، به‌ڵام ئێستا خودا ده‌ریخست بۆ خوشك‏و برا پیرۆزه‌كان.27ئه‌وانه‌ی خودا خۆی ویستی ده‌وڵه‌مه‌ندی شكۆداری ئه‌م نهینییه‌ بۆ هه‌موو میلله‌تان ده‌ربخات، ئه‌وه‌یه‌ مه‌سیح له‌ناوتاندایه‌، هیوای شكۆمه‌ندییه‌.
‏
28ئه‌وه‌ی بانگه‌وازی پێ‌ده‌ده‌ین، هه‌موو مرۆڤێكی پێ‌ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو مرۆڤێكی پێ‌ فێر ده‌كه‌ین به‌‏هه‌موو ژیرییه‌وه‌، تاهه‌موو مرۆڤێك له‌مه‌سیحدا به‌ته‌واوی ئاماده‌ بكه‌ین.
29له‌پێناوی ئه‌مه‌ منیش ماندوو ده‌بم‏و تێده‌كۆشم به‌هه‌موو توانایه‌ك، ئه‌وه‌ی به‌هێز له‌مندا كار ده‌كات.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9