کردار7

ووتاری ئیستفانۆس

1جا ‏سه‌رۆك كاهین له‌‏ئیستفانۆسی پرسی: (ئایا ئه‌م تاوانانه‌ ڕاسته‌؟)2ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ووتی: (ئه‌ی برایان‏و باوكان گوێ‌ بگرن، خودای شكۆ‏دار بۆ ئیبراهیمی باوكمان ده‌ركه‌وت كاتێ‌ له‌‏خاكی نێوان دجله‌و فورات بوو، پێش‎ئه‌وه‌ی بڕوا له‌حاران نیشته‌جێ‏بێ،3پێیووت: [[خاك‏و كه‌سو‏كارت به‌جێ‌‏بهێڵه‌و بڕۆ بۆ ئه‌و خاكه‌ی پێشانت ده‌ده‌م.]]4ئه‌وسا ئه‌ویش خاكی كلدانیه‌كانی به‌جێ‌هێشت‏و له‌حاران نیشته‌جێ‌ بوو، كاتێ‌ باوكی مرد، خودا هێنای بۆ ئه‌م خاكه‌ی ئێوه‌ ئێستا تیایدا نشته‌جێن،5له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش خودا هیچ میراتێكی نه‌دایه‌، ته‌نانه‌ت شوێن پێیه‌ك زه‌ویشی نه‌دایه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و كاته‌ بێ‌ منداڵ بوو، به‌ڵام خودا به‌ڵێنی پێدا ئه‌م خاكه‌ بدا به‌خۆیو به‌ نه‌وه‌كانی دوای خۆی.6جا ئه‌و كاته‌ خودا ووتی: [[‏نه‌وه‌كانی ئیبراهیم بۆ ماوه‌ی چوارسه‌د ساڵ نامۆ ده‌بن له‌‏خاكێك كه‌ هی خۆیان نییه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا ده‌بن به‌ كۆیله‌و هه‌ڵسوكه‌وتی خراپیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ‌،7به‌ڵام ئه‌و گه‌له‌ تاوانبار ده‌كه‌م كه‌ ده‌یان‎كه‌ن به‌ كۆیله‌. دوای ئه‌مه‌ دێنه‌ده‌ره‌وه‌و له‌م شوێنه‌ ده‌م‎په‌رستن.]]8ئینجا خودا په‌یمانی خه‌ته‌نه‌كردنی* له‌گه‌ڵ ئیبراهیم به‌ست. ئه‌وه‌بوو ئیبراهیم ئیسحاقی كوڕی خه‌ته‌نه‌كرد كه‌ ته‌مه‌نی بوو به‌ هه‌شت ڕۆژ. ئیسحاقیش یاقوبی كوڕی، یاقوبیش هه‌ردوانزه‌ باوكانی یه‌كه‌ممان.9باوكانیش له‌به‌رئه‌وه‌ی چاویان به‌‏یوسف هه‌ڵ‎نه‌ده‌هات‏، فرۆشتیان به‌ میسر، به‌ڵام خودای هه‌ر له‌گه‌ڵ‏بوو،10ڕزگاریكرد له‌ هه‌موو ئه‌و ناخۆشییانه‌ی به‌سه‌ری هات، هه‌روه‌ها دانایی‏و به‌ره‌كه‌تی خۆی پێدا له‌به‌رده‌م فیرعه‌ونی پادشای میسر، ئه‌ویش كردی به‌فه‌رمانڕه‌وای میسرو سه‌رپه‌رشتیكه‌ری كاروباری ماڵی خۆی.11دوای ئه‌مه‌ برسێتی‏و ته‌نگانه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌‏میسرو كه‌نعان ڕوویدا، باوكانمان هیچ خواردنیان نه‌بوو.12به‌ڵام كاتێ‌ یاقوب بیستی له‌‏میسر گه‌نم هه‌یه‌ باوكانمانی یه‌كه‌مجار بۆ ئه‌وێ‌ نارد.13كه‌ بۆ جاری دووه‌م ڕۆیشتنه‌وه‌ یوسف خۆی پێ‌ناساندن، ئه‌وسا بنه‌ماڵه‌ی یوسف بۆ فیرعه‌ون ده‌ركه‌وت.
‏
14(ئیتر یوسف‏، یاقوبی باوكی له‌گه‌ڵ براكانی‏و خێزانه‌كانیان بانگ‎كرد بۆ میسر كه‌ هه‌موویان حه‌فتاو پێنج كه‌س بوون.15به‌و شێوه‌یه‌ یاقوب‏و باوكانمان هاتن بۆ میسر، له‌وێ‌ مانه‌وه‌ تا مردن.16پاشان بردیانن بۆ ناوچه‌ی شه‌كیم، له‌وێ‌ له‌‏و گۆڕستانه‌ نێژران ئه‌وه‌ی ئیبراهیم به‌ هه‌ندێ‌ زیو له‌‏هۆزی حه‌موری كڕی.17به‌ڵام كه‌ كاتی هاتنه‌دی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی خودا به‌ئیبراهیمی دابوو نزیك بووه‌وه‌، گه‌ل له‌ میسر په‌ره‌یان‎ده‌سه‌ندو ژماره‌یان زیادی ده‌كرد.18ئینجا پادشایه‌كی تازه‌ بۆ میسر دانرا یوسفی نه‌ده‌ناسی.19به‌فڕوفێڵ ده‌جوڵایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زه‌كه‌مان، له‌گه‌ڵ باوكانمان به‌‏خراپه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌كرد، به‌زۆر وای لـێكردن واز له‌‏منداڵه‌كانیان بهێنن هه‌تا بمرن.20له‌و كاته‌دا موسا له‌دایك‎بوو. له‌به‌رچاوی خودا په‌سه‌ند بوو، سێ‌ مانگ له‌ماڵی دایك‏و باوكی به‌خێوكرا،21به‌ڵام له‌‏دواییدا خێزانه‌كه‌ی له‌ده‌ره‌وه‌ دایاننا، ئه‌وه‌بوو كچه‌كه‌ی فیرعه‌ون هه‌ڵیگرته‌وه‌و كردی به‌‏كوڕی خۆیو به‌خێویكرد.22ئینجا موسا هه‌موو زانیاریه‌كانی میسری خوێند، تا به‌توانا بوو له‌ قسه‌و له‌كردار.23كاتێ‌ ته‌مه‌نی بوو به‌ چل ساڵ، به‌خه‌یاڵیدا هات سه‌ردانی برا ئیسرائیلیه‌كانی بكات،24یه‌كێكیانی بینی له‌لایه‌ن میسرییه‌كه‌وه‌ ده‌ست درێژی لێ‌ده‌كرێ‌، ئه‌وسا ئه‌ویش به‌رگری له‌‏زۆرلـێكراو كردو كابرای میسری كوشت.25به‌هیوای ئه‌وه‌ی براكانی هه‌ست بكه‌ن كه‌وا خودا له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌و ڕزگاریان ده‌كات. به‌ڵام ئه‌وان هه‌ستیان پێ‌نه‌كرد.26بۆ به‌یانی دووان له‌براكانی بینی شه‌ڕ ده‌كه‌ن، ئه‌ویش هه‌وڵیدا ئاشتیان بكاته‌وه‌و ووتی: ئێوه‌ بران، بۆچی ده‌ست بۆ یه‌كتری درێژ ده‌كه‌ن؟27به‌ڵام ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار ده‌ستیكردبوو به‌ شه‌ڕه‌كه‌، پاڵێكی پێوه‌ناو ووتی: كێ‌ تۆی كردووه‌ به‌گه‌وره‌و دادوه‌ر به‌سه‌رمان؟28ئایا ده‌ته‌وێ‌ بمكوژی وه‌ك چۆن دوێنێ‌ كابرای میسریت كوشت؟29ئه‌وسا موسا له‌میسره‌وه‌ ڕایكرد بۆ ووڵاتی مه‌دیان، به‌ نامۆیی تیایدا ژیاو هه‌ر له‌وێ‌ دوو كوڕی بوو.30پاش چل ساڵ، له‌بیابانی شاخی سینا* فریشته‌یه‌ك ده‌ركه‌وت بۆ موسا له‌نێو ده‌وه‌نێكی داگیرساو.31ئه‌م دیمه‌نه‌ بووه‌ هۆی سه‌رسامی موسا، كاتێ‌ لێینزیك بووه‌وه‌ بۆ سه‌یركردنی، گوێی له‌‏ده‌نگی خوداوه‌ند بوو بانگیكرد:32من خودای باوكانتم، خودای ئیبراهیم‏و ئیسحاق‏و یاقوب! موسا ترساو ئیتر نه‌یوێرا جارێكی دیكه‌ سه‌یری بكاته‌وه‌.33جا خودا‏وه‌ند پێیووت: پێلاوه‌كانت داكه‌نه‌‏، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی له‌سه‌ری وه‌ستاوی زه‌وییه‌كی پیرۆزه‌.34ئه‌و سووكایه‌تییه‌ی له‌میسر به‌گه‌له‌كه‌م ده‌كرا بینیم، هه‌روه‌ها گوێم له‌‏ناڵه‌یان بوو، هاتمه‌خواره‌وه‌ تا ڕزگاریان بكه‌م. ئێستا وه‌ره‌ ده‌تنێرم بۆ میسر.
35(ئه‌و موسایه‌ی كه‌وا گه‌له‌كه‌ی نه‌یان‎ویست‏و پێیان ووت: كێ‌ تۆی كردووه‌ به‌گه‌وره‌و به‌دادوه‌ر به‌سه‌رمانه‌وه‌؟ هه‌ر ئه‌و بوو خودا ناردی وه‌ك سه‌رۆك‏و ڕزگاركه‌ر به‌‏هۆی ئه‌و فریشته‌یه‌ی له‌ده‌وه‌نه‌كه‌دا بۆی ده‌ركه‌وت.36جا موسا گه‌له‌كه‌ی له‌‏میسر هێنایه‌‏ده‌ره‌وه‌، ماوه‌ی چل ساڵ نیشانه‌و كاری سه‌رسوڕهێنه‌ری كرد له‌‏میسرو ده‌ریای سوورو بیابان.
37(موسا خۆی بوو به‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیلی ووت: [[خودا له‌نێو برایانتان پێغه‌مبه‌رێكی وه‌كو منتان بۆ ده‌نێرێ‌.]]38هه‌ر ئه‌ویش بوو له‌ بیابان له‌گه‌ڵ گه‌لـی ئیسرائیل، هه‌ستا به‌ده‌وری په‌یام‎گه‌یه‌نه‌ر له‌نێوان باوكانمان‏و ئه‌و فریشته‌یه‌ی ‏گفتوگۆی له‌گه‌ڵ كرد له‌سه‌ر چیای سینا، هه‌ر ئه‌ویش بوو ووشه‌ی ژیانی وه‌رگرت تا بیدا به‌ ئێمه‌.39به‌ڵام باوكانمان نه‌یان‎ویست ملكه‌چی موسابن‏و ئه‌ویان به‌لاوه‌نا، دڵیان هه‌ر بۆ میسر ده‌گه‌ڕایه‌وه‌،40به‌ هارونیان ووت: (‏بتێكمان بۆ دروستبكه‌ تا ڕێگا نیشانده‌رمان بێت، چونكه‌ ئه‌و موسایه‌ی ئێمه‌ی له‌‏ووڵاتی میسر هێنایه‌ده‌ره‌وه‌ نازانین چی به‌سه‌رهاتووه‌.)41جا له‌و ڕۆژانه‌دا بتێكیان له‌ شێوه‌ی گۆلك دروست‎كردو قوربانیان پێشكه‌ش‎كرد، دڵشاد بوون به‌ده‌ستكردی ده‌ستیان.42به‌ڵام خودا ڕووی لـێ‌وه‌رگێران‏و وازی لـێ‌هێنان ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان بپه‌رستن، هه‌روه‌ك له‌‏په‌رتووكی پێغه‌مبه‌ران باسكراوه‌: [[ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل، ئایا له‌ بیابان به‌درێژایی چل ساڵ هیچ قوربانیه‌كتان بۆ كردم؟43نه‌خێر به‌ڵكو چادری بتی (ملوك)تان هه‌ڵگرت له‌گه‌ڵ ئه‌ستێره‌ی بتی (رێفان)، ئه‌و دوو په‌یكه‌ره‌ی دروستتان‎كرد تا كڕنووشی بۆ به‌رن. جا له‌به‌رئه‌وه‌ بۆ دوورتریش له‌‏بابل ده‌تاننێرم.]]
44(باوكانمان له‌‏بیابان چادری شایه‌تییان پێ‌بوو، ئه‌وه‌ی موسا دروستی كردبوو، جا خودا موسای ڕاسپارد چادره‌كه‌ هه‌ڵ‎بدات به‌و شێوه‌یه‌ی نیشانی دابوو.45ئه‌وسا بردیانه‌ ئه‌و ووڵاته‌ی ده‌ستیان به‌سه‌ریدا گرت به‌سه‌ركردایه‌تی یه‌شوع*، كاتێ‌ خودا ئه‌و گه‌له‌ی تیایدا دانیشتبوو له‌به‌رده‌میان ده‌ریكرد. ئیتر به‌و شێوه‌یه‌ مایه‌وه‌ تا ڕۆژانی داود،46‏ئه‌وه‌ی مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندی خودا بوو، هه‌وڵیدا ماڵێك بدۆزێته‌وه‌ بۆ خودای یاقوب.47ئه‌مه‌ش هاته‌دی كاتێ‌ سلێمان خانوویه‌كی بۆ دروست‎كرد.
48‏(به‌ڵام خودای هه‌ره‌به‌رز له‌و كۆشكانه‌ نیشته‌جێ‌ نابێ‌ كه‌ ده‌ستی مرۆڤ دروستیكردووه‌، وه‌ك پێغه‌مبه‌ر ووتویه‌تی:49‏[[ئاسمان ته‌ختی منه‌، زه‌ویش شوێنی پێم. چ ماڵێكم بۆ دروست ده‌كه‌ن؟ خوداوه‌ند ده‌ڵێ‌. چ شوێنێكم بۆ حه‌وانه‌وه‌ بۆ ئاماده‌ ده‌كه‌ن؟50ئایا ده‌ستی خۆم هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی دروست نه‌كردووه‌؟]])
51هه‌روه‌ها ئیستفانۆس ووتی: (ئه‌ی مل ڕه‌قه‌كان، ئه‌ی ئه‌وانه‌ی دڵ‏و گوێتان خه‌ته‌نه‌ نه‌كراوه‌! ئێوه‌ هه‌میشه‌ به‌ربه‌ره‌كانی ڕۆحی پیرۆز ده‌كه‌ن. بــاوبـاپیرانتان چییان كرد ئێــوه‌ش ئــه‌وه‌ ده‌كه‌ن!52چ پێغه‌مبه‌رێك له‌چه‌وسانه‌وه‌ی باوباپیرانتان ڕزگاری بوو‏، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌یان كوشت كه‌ باسی هاتنی ئه‌و ڕاست‏ودروسته‌یان كرد ئه‌وه‌ی داتان‏به‌ده‌سته‌وه‌و كوشتتان،53ئێوه‌ شه‌ریعه‌تتان له‌‏ده‌ستی فریشته‌كان وه‌رگرت، به‌ڵام كارتان پێ‏نه‌كرد.)

كوشتنی ئیستفانۆس

54كاتێ‌ ئه‌وانه‌ی كۆببوونه‌وه‌ گوێیان له‌‏قسه‌كانی ئیستفانۆس بوو، دڵیان پڕبوو له‌‏كینه‌ لێیو ددانیان لـێ‌جیڕده‌كرده‌وه‌.55به‌ڵام ئیستفانۆس گیانی پڕبوو له‌‏ڕۆحی پیرۆز، سه‌یری ئاسمانی كرد، ئه‌وسا شكۆی خودای بینی‏و عیساش له‌لای ده‌سته‌ ڕاستی خوداوه‌ وه‌ستابوو،56ووتی: (ده‌بینم ئاسمان كراوه‌ته‌وه‌و ڕۆڵه‌ی مرۆڤیش له‌لای ده‌سته‌ ڕاستی خوداوه‌ ڕاوه‌ستاوه‌.)57به‌ڵام ئه‌وان به‌ده‌نگێكی به‌رز هاواریان كردو گوێیان ئاخنیو هه‌موو به‌ یه‌كجار په‌لاماریان‎دا،58به‌پاڵ ئیستفانۆسیان ده‌ركرده‌ ده‌ره‌وه‌ی شارو ده‌ستیان كرد به‌ به‌ردباران كردنی. شایه‌ته‌كان جله‌كانیان داكه‌ند له‌به‌رپێی گه‌نجێك دایاننا ناوی شاول بوو.59له‌كاتێكدا به‌ردبارانیان ده‌كرد، ئیستفانۆس بانگیكرد: (ئه‌ی عیسای خوداوه‌ند، ڕۆحم وه‌رگره‌.)60ئیتر چۆكی داداو به‌ده‌نگێكی به‌رز هاواریكرد: (ئه‌ی خوداوه‌ند، ئه‌م گوناهه‌یان له‌سه‌ر مه‌نووسه‌.) ئیتر ئه‌مه‌ی ووت‏و مرد.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9