دووەم کۆرنسۆس9

به‌خشین به‌‏دڵشادیه‌وه‌‏

1‏من به‌پێویستی نازانم له‌باره‌ی یارمه‌تیدانی خوشك‏و برا پیرۆزه‌كان بۆتان بنووسم،2چونكه‌ ئاماده‌ییتان ده‌زانم‏و شانازیم پێوه‌ كردووه‌ لای مه‌كدۆنیه‌كان‏و پێم ووتن، ناوچه‌ی ئه‌خائیه‌ له‌ ساڵی ڕابوردووه‌وه‌ ئاماده‌ن، ئه‌م دڵگه‌رمیه‌ی ئێوه‌ بووه‌ هۆی هاندانی زۆربه‌یان.3من ئه‌و برایانه‌م نارده‌ لاتان، تا وا ده‌رنه‌كه‌وێ‌ شانازیمان له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌روا به‌خۆڕایی بوو بێت، به‌ڵكو ده‌مه‌وێ‌ به‌ته‌واوی ئاماده‌‎بن به‌و شێوه‌یه‌ی باسم‎كردووه‌.4تا شه‌رمه‌زار نه‌بین به‌رامبه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ زۆره‌ی هه‌مانه‌ پێتان، كاتێ‌ هه‌ندێ‌ له‌‏مه‌كدۆنیه‌كان هاتن له‌گه‌ڵمان بۆ لاتان‏و بینیان ئێوه‌ ئاماده‌ نین.5له‌به‌رئه‌وه‌ به‌پێویستم زانی داوا له‌و برایانه‌ بكه‌م كه‌ پێش من بۆ لاتان دێن، سه‌رپه‌رشتی كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌خشینه‌ بكه‌ن كه‌ به‌ڵێنتان داوه‌ بیده‌ن، تاكو ئاماده‌بێ‌، هیوادارم ئه‌مه‌ش ده‌ربڕینێك بێ‌ له‌ده‌ست‎و دڵفراوانیتان نه‌ك وه‌ك سه‌رانه‌.
6له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ی كه‌م بچێنێ‌، كه‌م دروێنه‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی زۆر بچێنێ‌، زۆر دروێنه‌ ده‌كات.7با هه‌ر یه‌كه‌تان ئه‌وه‌نده‌ی خۆی ده‌یه‌وێ‌ بیدا، ئه‌مه‌ش با به‌ ئاره‌زووی خۆی بێ‌ نه‌ك به‌ ناچاری، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌دڵخۆشیه‌وه‌ ده‌به‌خشی خودا خۆشیده‌وێ‌.8خوداش ده‌توانێ‌ هه‌موو به‌ره‌كه‌تتان پێ‌ ببه‌خشێ‌ تا پڕی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كاتێك‏و له‌هه‌موو شتێك بــه‌گوێره‌ی پێویستتان هه‌بێ‌ هه‌روه‌ها تـا پێتان ببـه‌خشــێ‌ بـه‌پڕییه‌وه‌ بۆ هه‌موو كردارێكی باش.9هه‌روه‌ك له‌‏زه‌بوور نووسراوه‌: [[به‌ده‌ست‏و دڵفراوانیه‌وه‌ یارمه‌تی هه‌ژارانیدا، ڕاست‏ودروستیه‌كه‌ی تاهه‌تایه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.]]10جا ئه‌و خودایه‌ی تۆو ده‌دات به‌ جوتیارو نان ده‌به‌خشێ‌ بۆ خۆراك، ‏تۆو به‌ ئێوه‌ش ده‌دات‏و دروێنه‌ی ڕاست‎ودروستیتان زیاد ده‌كات.11‏له‌‏هه‌موو شتێك ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن، تا هه‌موو كاتێ‌ دڵفراوانبن، به‌مه‌ش ده‌بینه‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر سوپاسی خودا بكه‌ن.12هه‌ستانتان به‌م خزمه‌ته‌ پیرۆزه‌ ته‌نها پێویستیه‌كانی برا پیرۆزه‌كان جێ‌به‌جێ‌ ناكات، به‌ڵكو ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زۆر سوپاسی خودا ‎بكه‌ن.13به‌تاقیكردنه‌وه‌ی خزمه‌ته‌كه‌تان، ده‌بنه‌ مایه‌ی ستایش‏كردنی خودا به‌هۆی ملكه‌چیتان له‌دان‏پیانان به‌مزگێنی مه‌سیح، هه‌روه‌ها دڵفراوانیتان له‌به‌شداریكردن له‌گه‌ڵ ئه‌وان‏و له‌گه‌ڵ هه‌مووان.14ئه‌وان نوێژتان بۆ ده‌كه‌ن‏و به‌په‌رۆشن بۆ بینینتان، چونكه‌ به‌ره‌كه‌تی خودا كه‌ له‌سه‌رووی بیری مرۆڤه‌ له‌ ئێوه‌دا ده‌ركه‌وت.15سوپاس بۆ خودا به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌خشینه‌ی كه‌ به‌ده‌م باسی ناكرێ‌.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9