دووەم کۆرنسۆس1

1له‌ پۆڵسه‌وه‌، نێرراوی عیسای مه‌سیح له‌سه‌ر خواستی خودا، هه‌روه‌ها له‌ تیمۆساوسی براوه‌، بۆ كۆمه‌ڵه‌ی خودا له‌ كۆرنسۆس، هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو برا پیرۆزه‌كان له‌ گشت ناوچه‌ی ئه‌خائیه‌.2با به‌ره‌كه‌ت‏و ئاشتی خودای باوكمان‏و عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند بۆ ئێوه‌ بێ.

خودای دڵنه‌واییكه‌ر

3پیرۆزه‌ خودا، باوكی عیسای مه‌سیحی خوداوه‌ند، باوكی پڕ له‌ به‌زه‌یی‏و خودای هه‌موو دڵنه‌واییه‌ك،4هه‌ر ئه‌وه‌ له‌ هه‌موو ناخۆشییه‌كدا دڵنه‌واییمان ده‌كات، تاكو بتوانین به‌و دڵنه‌واییه‌ی له‌ خوداوه‌ وه‌رمانگرتووه‌، دڵنه‌وایی خه‌ڵكی تر بكه‌ین
له‌‏هه‌موو ناخۆشیه‌ك.
5جا چۆن به‌شداری زۆرمان كردووه‌ له‌ ئازاری مه‌سیح، به‌هه‌مان شێوه‌ به‌هۆی مه‌سیحه‌وه‌ زۆر دڵنه‌وایی ده‌كرێین.6گه‌ر ئێمه‌ له‌ناخۆشی بین، ئه‌وه‌ له‌پێناوی دڵنه‌وایی‏و ڕزگاری ئێوه‌یه‌، گه‌ر دڵنه‌وایی كرابین، ئه‌وه‌ش له‌پێناوی دڵنه‌وایی ئێوه‌یه‌، ئه‌وه‌ی واتان لـێ‌ده‌كات خۆتان ‎ڕاگرن به‌رامبه‌ر هه‌مان ئازار كه‌ ئێمه‌ش ده‌یچێژین.7ئیتر هیوامان به‌ئێوه‌ چه‌سپاوه‌، چونكه‌ ده‌زانین چۆن له‌ئازار به‌شداریمان ده‌كه‌ن‏، له‌دڵنه‌واییش به‌شداریمان ده‌كه‌ن.
8ئه‌ی برایان، نامانه‌وێ‌ لاتان شاراوه‌ بێ‌ ئه‌و ناخۆشیانه‌ی به‌سه‌رمان هات له‌ناوچه‌ی ئاسیا، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌ قورس بوو به‌ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌رووی توانامان بوو، هه‌تا هیوای ژیانمان بڕا،9به‌ڵكو هه‌ستمان ده‌كرد حوكمی مردن به‌سه‌رمان دراوه‌‏، تا پشت نه‌به‌ستین به‌ خۆمــان، به‌ڵكـو به‌و خـودایه‌ی مردووان هه‌ڵده‌ستێنێته‌وه‌.10ئه‌و بوو له‌و مـردنه‌ ڕزگاری كردین‏و ڕزگارمان ده‌كات، هیوامان له‌ئه‌ودایه‌ كه‌ هێشتا هه‌ر ڕزگارمان ده‌كات.11هه‌روه‌ها ئێوه‌ش پێویسته‌ به‌نوێژه‌كانتان یارمه‌تی پێشكه‌ش بكه‌ن، تا خه‌ڵكێكی زۆر سوپاسی خودا بكه‌ن له‌پێناوی ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پیرۆزیه‌ی پێمان دراوه‌ به‌هۆی نوێژی خه‌ڵكێكی زۆر.

پۆڵس پلانه‌كه‌ی ده‌گۆڕێ‌

12چونكه‌ ئه‌مه‌یه‌ شانازی ئێمه‌، ویژدانمان شایه‌تمانه‌ له‌هه‌ڵسوكه‌وتمان له‌جیهان، به‌تایبه‌تی سه‌باره‌ت به‌ ئێوه‌ به‌بێ‌ دووڕووییو به‌دڵسۆزی خودا، ئه‌مه‌ش به‌دانایی مرۆڤانه‌ نییه‌ به‌ڵكو به‌به‌ره‌كه‌تی خودایه‌.13ئێمه‌ شتێكتان بۆ ده‌نووسین بتوانن بیخوێننه‌وه‌و لێی تێبگه‌ن. هیوادارم به‌ته‌واوی تێبگه‌ن، ‏14ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌ندێكی لێ تێده‌گه‌ن. ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌یه‌، بزانن ئێمه‌ هۆی شانازی ئێوه‌ین، هه‌روه‌ها ئێوه‌ش هی ئێمه‌ له‌ڕۆژی عیسای خوداوه‌ند.
15‏له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێ‌گومان‏بووم له‌م شته‌، وویستم یه‌كه‌م جار بێم بۆ لای ئێوه‌ تا دووجار سوود ببینن،16ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كاتێ‌ ده‌ڕۆم بۆ مه‌كدۆنیا دیده‌نیتان ده‌كه‌م ئینجا كه‌ له‌وسه‌ر گه‌ڕامه‌وه‌ سه‌رتان لـێ‌ده‌ده‌مه‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی ڕێگای سه‌فه‌رم بۆ ئاسان بكه‌ن بۆ ناوچه‌ی یه‌هودیه‌.17ئایا من دوو دڵم كاتێ‌ ویستم ئه‌وه‌ بكه‌م؟ ئایا من پلانه‌كانم وه‌ك مرۆڤێكی ئه‌م جیهانه‌ داناوه‌، كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌یه‌ك كات بڵێ‌ نه‌خێرو به‌ڵێ‌؟18وه‌ك چۆن خودا سه‌رڕاسته‌، ووشه‌كانی ئێمه‌ش بۆ ئێوه‌ (به‌ڵێ‌)و (نه‌خێر) نییه‌،19هه‌روه‌ها عیسای مه‌سیحی ڕۆڵه‌ی خودا، ئه‌وه‌ی من‏و سیلوانس‏و تیمۆساوس مزگێنی ئه‌ومان پێتان‏دا، له‌یه‌ك كات (به‌ڵێ‏)و (‏نه‌خێر)ی نه‌وتووه‌. به‌ڵام له‌ئه‌ودا به‌رده‌وام هه‌ر (به‌ڵێ‌) بووه‌،20چونكه‌ هه‌موو به‌ڵێنه‌كانی خودا له‌ئه‌ودا (به‌ڵێی) خۆی دۆزیه‌وه‌. بۆیه‌ ئێمه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ ده‌ڵێین (‏ئامین)، بۆ شكۆمه‌ندی خودا.21ئه‌وه‌ خودایه‌ ئێمه‌و ئێوه‌ی له‌مه‌سیحدا چه‌سپاندووه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانی كردووین.22هه‌ر ئه‌ویشه‌ مۆری خۆی لـێ‌داوین‏و ڕۆحی پیرۆزی پێمان به‌خشیوه‌ وه‌ك پێشه‌كی.
23خودا ئاگای لێیه‌ بۆچی نه‌هاتم بۆ كۆرنسۆس، چونكه‌ به‌زه‌ییم پێتان ده‌هاته‌وه‌.24ئێمه‌ نامانه‌وێ‌ ده‌ست به‌سه‌ر باوه‌ڕتان بگرین، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌گه‌ڵتان كار ده‌كه‌ین بۆ خۆشیتان، چونكه‌ ئێوه‌ به‌باوه‌ڕ چه‌سپاون.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9