یەکەم یۆحەنا4

تاقی‏كردنه‌وه‌ی ڕۆح

1خۆشه‌ویستان، بڕوا به‌هه‌موو ڕۆحێك مه‌كه‌ن، به‌ڵكو تاقییان بكه‌نه‌وه‌ بزانن ئه‌وانه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌ن، چونكه‌ زۆر پێغه‌مبه‌ری درۆزن هاتوونه‌ته‌ جیهان.2ڕۆحی خودا به‌مه‌ ده‌ناسنه‌وه‌: هه‌ر ڕۆحێك دان به‌وه‌ بنێت كه‌ عیسای مه‌سیح له‌ له‌شه‌وه‌ بۆ جیهان هاتووه‌، ئه‌و ڕۆحه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌یه‌،3هه‌ر ڕۆحێكیش دان به‌عیسا نه‌نێت له‌لایه‌ن خوداوه‌ نییه‌. ئه‌و ڕۆحه‌ دژه‌مه‌سیحه‌ بیستوتانه‌ دێت‎و ئێستا هاتووه‌ته‌ جیهان.
4ئێوه‌ سه‌ر به‌خودان ئه‌ی ڕۆڵه‌ بچووكه‌كان، ئێوه‌ ئه‌و ڕۆحانه‌تان به‌زاندووه‌، چونكه‌ ئه‌و ڕۆحه‌ی له‌ئێوه‌دایه‌ مه‌زنتره‌ له‌و ڕۆحه‌ی له‌جیهاندایه‌.5ئه‌و ڕۆحانه‌ سه‌ر به‌جیهانن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ی ده‌یڵێن سه‌ر به‌جیهانه‌و جیهان گوێیان لێ‏ده‌گرێت.6به‌ڵام ئێمه‌ سه‌ر به‌خوداین‎و ئه‌وه‌ی خودا بناسێت گوێمان لێ‏ده‌گرێت، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی له‌خودا نه‌بێت گوێمان لێ‏ناگرێت، به‌مه‌ ڕۆحی ڕاست‎و ڕۆحی گومڕایی ده‌ناسین.

خودا خۆشه‌ویستییه‌

7خۆشه‌ویستان، بایه‌كتریمان خۆش بوێت، چونكه‌ خۆشه‌ویستی له‌خوداوه‌یه‌و ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی خۆش بوێت خودا ده‌ناسێت‎و له‌خودا بووه‌.8ئه‌وه‌ش به‌رامبه‌ره‌كه‌ی خۆش نه‌وێت خودا ناناسێت، چونكه‌ خودا خۆشه‌ویستییه‌.9به‌م شێوه‌یه‌ خۆشه‌ویستی خودا له‌نێوانمان ڕاگه‌ێنرا، كه‌ ڕۆڵه‌ تاقانه‌كه‌ی خۆی نارده‌ جیهان تا به‌هۆیه‌وه‌ بژین.10خۆشه‌ویستی له‌مه‌ دایه‌، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی خودامان خۆش‏ویستووه‌، به‌ڵكو ئه‌و خۆشیویستووین‎و ڕۆڵه‌كه‌ی خۆی نارد تا ببێته‌ كه‌فاره‌تی گوناهه‌كانمان.
11خۆشه‌ویستان گه‌ر خودا به‌م شێوه‌یه‌ ئێمه‌ی خۆش‏ویستبێت، پێویسته‌ له‌سه‌رمان یه‌كتریمان خۆش بوێت.12كه‌س هه‌رگیز خودای نه‌دیوه‌ گه‌ر یه‌كتریمان خۆش‏بوێت خودا ده‌چه‌سپێت له‌ناومان‏و خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی له‌ناومان ته‌واوه‌.
13به‌م شێوه‌یه‌ ده‌زانین ئێمه‌ له‌خودا ده‌چه‌سپێین‎و ئه‌ویش له‌ئێمه‌، چونكه‌ ئه‌و له‌ڕۆحی خۆی پێمانی داوه‌.14ئێمه‌ش بینیمان‏و شایه‌تی ده‌ده‌ین باوكی ئاسمانی ڕۆڵه‌ی وه‌ك ڕزگاركه‌ری جیهان ناردووه‌.15ئه‌وه‌ی دان بنێت عیسا ڕۆڵه‌ی خودایه‌، خودا له‌ئه‌ودا ده‌چه‌سپێت‎و ئه‌ویش له‌خودا.16ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌ی خودا كه‌ تیاماندایه‌ ناسیوومانه‌و باوه‌ڕمان پێیكردووه‌.
خودا خۆشه‌ویستییه‌و ئه‌وه‌ی له‌خۆشه‌ویستی بچه‌سپێت له‌خودا ده‌چه‌سپێت‎و خوداش له‌ئه‌ودا ده‌چه‌سپێت.
17خۆشه‌ویستی به‌م شێوه‌یه‌ تیامان ته‌واوه‌، تا له‌ڕۆژی لێپرسینه‌وه‌ باوه‌ڕمان به‌خۆمان هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و چۆن بوو ئێمه‌ وه‌ك ئه‌و له‌م جیهانه‌داین.18خۆشه‌ویستی ترسی تیادا نییه‌، به‌ڵكو خۆشه‌ویستی ته‌واو ترس ده‌رده‌كاته‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ترس له‌سزا دایه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بترسێت، له‌خۆشه‌ویستی ته‌واو نه‌بووه‌.
19ئێمه‌ خۆشه‌ویستیمان تیادایه‌، چونكه‌ ئه‌و پێشتر خۆشیویستووین.20گه‌ر بێتوو یه‌كێك بڵێت: (خودام خۆش ده‌وێت)و ڕقی له‌براكه‌ی بێته‌وه‌، ئه‌وه‌ درۆزنه‌، چونكه‌ گه‌ر یه‌كێك براكه‌ی خۆی خۆش‏نه‌وێت كه‌ ده‌یبینێ‌، چۆن ده‌توانێ‌ خودای خۆش بوێت كه‌ نه‌یبینیوه‌.21ئێمه‌ له‌ئه‌وه‌وه‌ ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌مان پێ‌دراوه‌، ئه‌وه‌ی خودای خۆش‏بوێت پێویسته‌ براكه‌ی خۆش‏بوێت.

Biblica, Inc.

https://app.library.bible/content/423ecf6820032fd9