ئیشایا58ckb_bib

ڕۆژووگرتنی ڕاستەقینە

1«پڕ بە گەرووت هاوار بکە و مەیگەڕێنەوە،وەک کەڕەنا دەنگت بەرز بکەوە!یاخیبوونەکەی گەلەکەم بە خۆیان ڕابگەیەنە،گوناهەکانی بنەماڵەی یاقوبیش بە خۆیان.2ڕۆژ بە ڕۆژ داوای من دەکەن وخۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ زانینی ڕێگاکانم،وەک نەتەوەیەک ڕاستودروستی ئەنجام دابێت وحوکمەکانی خودای خۆیان پشتگوێ نەخستبێت.داوای حوکمەکانی ڕاستودروستیم لێ دەکەن وخۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ نزیکبوونەوە لە خودا.3دەڵێن: ”بۆچی بەڕۆژوو بووین و سەیرت نەکردین،خۆمان زەلیل کرد و پێت نەزانین؟“«وا لە ڕۆژی بەڕۆژوبوونتان خۆشی دەبینن وهەموو کرێکارەکانتان دەچەوسێننەوە.4وا سەرئەنجامی ڕوژووگرتنتان دەبێتە شەڕ و ناکۆکی،بە خراپە مست لە یەکتری دەوەشێنن.ئەمڕۆ ناتوانن بەڕۆژوو بن وچاوەڕێ دەکەن لە ئاسمان دەنگتان ببیسترێت.5ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووەیە کە من دەمەوێت؟مرۆڤ تەنها ڕۆژێک گیانی خۆی زەلیل دەکات،وەک زەل سەری دادەنەوێنێت ولەسەر گوش و خۆڵەمێش ڕادەکشێت؟ئایا ئەمە ناو دەنێیت ڕۆژوو،یان ڕۆژێکی پەسەند لەلای یەزدان؟
6«ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووە نییە کە من دەمەوێت:کۆتی ستەمکاری بکرێتەوە وگرێیەکانی نیر شل بکرێنەوە،چەوساوەکان بەڕەڵا بکرێن وهەموو نیرێک بشکێنن؟7ئایا ئەوە نییە کە نانی خۆت بۆ برسی لەت بکەیت وهەژارە بێ لانەکان ببەیتە ماڵەوە،کە ڕووتێکت بینی پۆشتەی بکەیت وخۆت لە خزمەکانی خۆت نەشاریتەوە؟8ئەوسا ڕووناکیت وەک بەیان پڕشنگ دەداتەوە،تەندروستیت بە خێرایی چرۆ دەکات،ڕاستودروستیت لەپێشتەوە دەڕوات وشکۆمەندی یەزدانیش پاشڕەو و پارێزەری تۆیە.9ئەوسا هاوار دەکەیت و یەزدان وەڵام دەداتەوە،هاواری فریاکەوتن دەکەیت، ئەویش پێت دەفەرموێت: ئەوەتام.«ئەگەر بەرگی ستەم لە خۆت داماڵیت وواز لە قسەی بەد و تاوانبارکردنی خەڵکی بهێنیت،10هەروەها ئەگەر خۆت بۆ برسی ماندوو بکەیت وپێداویستی زەلیل دابین بکەیت،ئاوا ڕووناکیت لەناو تاریکی دەدرەوشێتەوە وتاریکی ئەنگوستەچاوت وەک نیوەڕۆ دەبێت.11یەزدان هەمیشە ڕێنماییت دەکات ولە خاکی ڕووتەندا گیانت تێر دەکات وجەستەت بەهێز دەکات.وەک باخچەیەکی تێر ئاوت لێدێت،کانییەک کە ئاوی لێ نەبڕێت.12گەلی تۆ کەلاوە داڕووخاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە،بناغەکان هەڵدەستێننەوە، کە لە نەوەکانی پێشووەوەیە،ئینجا ناوت لێ دەنێن، ”بنیادنەرەوەی شوورا“ و”ئاوەدانکەرەوەی کۆڵانەکان“.
13«ئەگەر بە پێیەکانت ڕۆژی شەممەت نەشکاند،لە ڕۆژی پیرۆزم بە ئارەزووی خۆت نەکەیت،ئەگەر ڕۆژی شەممە بە ڕۆژی خۆشی دابنێیت وڕۆژی پیرۆزی یەزدان، ڕێزدارە،ئەگەر ڕێزی لێ بگریت بەوەی ڕێگای خۆت ئەنجام نەدەیت وبەدوای خۆشی خۆتەوە نەبیت و قسەکانی خۆت نەکەیت،14ئەوسا خۆشی لە یەزدان دەبینیت وسواری بەرزاییەکانی زەویت دەکەم ومیراتەکەی یاقوبی باوکت دەرخوارد دەدەم.»یەزدان بە دەمی خۆی فەرمووی.