دووەم پاشایان2ckb_bib

بەرزکردنەوەی ئەلیاس بۆ ئاسمان

1کاتێک یەزدان ویستی ئەلیاس لە گەردەلوولێکدا بۆ ئاسمان بەرز بکاتەوە، ئەلیاس و ئەلیشەع لە گلگالەوە بەڕێکەوتن.2ئەلیاس بە ئەلیشەعی گوت: «لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە بێت‌ئێل.» ئەلیشەعیش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی خۆت، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا بەرەو بێت‌ئێل چوون.3ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی بێت‌ئێل هاتنە دەرەوە بۆ لای ئەلیشەع و لێیان پرسی: «دەزانیت ئەمڕۆ یەزدان گەورەکەت لە تۆ دەستێنێ؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ دەزانم، بێدەنگ بن.»4ئینجا ئەلیاس پێی گوت: «ئەلیشەع، لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە ئەریحا.» ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا چوونە ئەریحا.5ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحاش لە ئەلیشەع هاتنە پێشەوە و لێیان پرسی: «دەزانیت ئەمڕۆ یەزدان گەورەکەت لێ دەستێنێت؟» ئەویش گوتی: «بەڵێ دەزانم، بێدەنگ بن.»6پاشان ئەلیاس پێی گوت: «لێرە بمێنەرەوە، چونکە یەزدان منی ناردووەتە ڕووباری ئوردون.» ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی تۆ، بەجێت ناهێڵم.» ئینجا هەردووکیان ڕۆیشتن.7پەنجا ئەندامی کۆمەڵی پێغەمبەران ڕۆیشتن و لە دوورەوە لە بەرامبەر ئەلیاس و ئەلیشەع ڕاوەستان، ئەوانیش هەردووکیان لەسەر ڕووباری ئوردون ڕاوەستان.8ئەلیاس کەواکەی گرت و پێچایەوە و بە کەوایەکە کێشای بە ئاوەکەدا. جا ئاوەکە شەق بوو، هەردووکیان بە وشکانیدا پەڕینەوە.9کاتێک پەڕینەوە، ئەلیاس بە ئەلیشەعی گوت: «داوای چی دەکەیت هەتا بۆت بکەم، بەر لەوەی لێت جیا ببمەوە؟» ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «با دوو ئەوەندەی ڕۆحی تۆ بە میرات وەربگرم.»10ئەلیاس گوتی: «داوای شتێکی گرانت کرد. ئەگەر منت بینی کاتێک لێت جیا دەبمەوە، ئەوا بۆ تۆ دەبێت، ئەگەر نا بۆت نابێت.»11ئەوە بوو کاتێک دەڕۆیشتن و قسەیان دەکرد، لەناکاو گالیسکەیەکی ئاگرین و چەند ئەسپێکی ئاگرین هەردووکیانی لێک جیا کردەوە، ئەلیاس لە گەردەلوولێکدا بۆ ئاسمان سەرکەوت.12ئەلیشەع ئەمەی بینی و هاواری کرد: «باوکە! باوکە! گالیسکەکەی ئیسرائیل و سوارەکانی!» ئیتر ئەلیشەع ئەلیاسی نەبینییەوە. ئینجا جلەکەی بەر خۆی دادڕی و کردی بە دوو پارچەوە.13کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرتەوە کە لێی کەوتبووە خوارەوە، گەڕایەوە و لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون ڕاوەستا.14ئینجا کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرت، ئەوەی لێی کەوتبووە خوارەوە، بە کەوایەکە کێشای بە ئاوەکەدا و گوتی: «یەزدانی پەروەردگاری ئەلیاس لەکوێیە؟» کاتێک بە ئاوەکەیدا کێشا، ئاوەکە شەق بوو و ئەلیشەع پەڕییەوە.15کاتێک ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحا، ئەوانەی لە بەرامبەری بوون بینییان، گوتیان: «ڕۆحی ئەلیاس لەسەر ئەلیشەع جێگیر بووە.» ئینجا بەرەوپیری چوون و کڕنۆشیان بۆ برد.16پێیان گوت: «ئەوەتا خزمەتکارەکانت پەنجا پیاوی تواناداریان هەیە. لێیانگەڕێ با بچن بەدوای گەورەکەتدا بگەڕێن. لەوانەیە ڕۆحی یەزدان هەڵیگرتبێت و لەسەر کێوێک یاخود لەناو یەکێک لە دۆڵەکان داینابێت.» ئەلیشەع گوتی: «مەیاننێرن.»17بەڵام زۆریان لێکرد هەتا شەرم دایگرت و گوتی: «بیاننێرن.» ئەوانیش پەنجا پیاویان نارد، سێ ڕۆژ بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە.18کاتێک گەڕانەوە لای ئەلیشەع کە هێشتا لە ئەریحا مابووەوە، پێی گوتن: «پێم نەگوتن مەچن؟»

سازگارکردنی ئاو

19پیاوانی شارەکە بە ئەلیشەعیان گوت: «ئەوەتا هەروەک گەورەم دەبینێت شوێنی شارەکە باشە، بەڵام ئاوەکە خراپە و خاکەکەشی بێ پیتە.»20ئەویش گوتی: «قاپێکی نوێم بۆ بهێنن و خوێی تێ بکەن.» ئەوانیش بۆیان هێنا.21ئینجا چووە دەرەوە بۆ سەرچاوەی ئاوەکە و خوێیەکەی فڕێدا ناوی و گوتی: «یەزدان دەفەرموێت: ”ئەم ئاوەم سازگار کرد و جارێکی دیکە نابێتە هۆکاری مردن و بێ بەروبوومی خاک.“»22بەگوێرەی ئەو قسەیەیە کە ئەلیشەع کردی هەتا ئەمڕۆش ئاوەکە سازگارە.

گاڵتەکردن بە ئەلیشەع

23ئینجا ئەلیشەع لەوێوە چوو بۆ بێت‌ئێل، کاتێک بە ڕێگاکەدا سەردەکەوت، کۆمەڵێک مێردمنداڵ لە شارەکەوە هاتنە دەرەوە و گاڵتەیان پێکرد، پێیان گوت: «کەچەڵ لێرە بڕۆ! کەچەڵ لێرە بڕۆ!»24ئەویش ئاوڕی لەدوای خۆی دایەوە و تەماشای کردن، بە ناوی یەزدانەوە نەفرەتی لێکردن. ئیتر دوو ورچ لە دارستانەکە هاتنە دەرەوە و چل و دوو کوڕیان پارچەپارچە کرد.25ئەلیشەع لەوێوە چوو بۆ کێوی کارمەل، ئینجا لەوێشەوە گەڕایەوە سامیرە.