یەکەم پوختەی مێژوو10ckb_bib

خۆکوشتنی شاول

1فەلەستییەکان لە دژی ئیسرائیل جەنگان و پیاوانی ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵاتن، ژمارەیەکی زۆریان بە کوژراوی لە کێوی گلبۆع کەوتن.2فەلەستییەکان بە گوڕەوە دوای شاول و کوڕەکانی کەوتن، یۆناتان و ئەبیناداب و مەلکی‌شوەعی کوڕەکانی شاولیان کوشت.3جەنگەکە لەسەر شاول توندتر بوو، تیرهاوێژەکان دۆزییانەوە و پێکایان.4شاول بە هەڵگری تفاقەکانی گوت: «شمشێرەکەت دەربێنە و بمکوژە، نەوەک ئەو خەتەنەنەکراوانە بێن و سووکایەتیم پێ بکەن.» بەڵام هەڵگری تفاقەکانی ڕازی نەبوو، چونکە زۆر ترسا. جا شاول شمشێرەکەی برد و خۆی بەسەریدا دا.5کاتێک هەڵگری تفاقەکانی بینی شاول مردووە، ئەویش خۆی بەسەر شمشێرەکەیدا دا و مرد.6شاول و هەر سێ کوڕەکەی و هەموو ماڵەکەی پێکەوە مردن.7کاتێک هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی لەناو دۆڵەکەدا بوون، بینییان کە سوپاکە هەڵاتوون و شاول و کوڕەکانی مردوون، شارۆچکەکانیان بەجێهێشت و هەڵاتن، فەلەستییەکانیش هاتن و تێیاندا نیشتەجێ بوون.8بۆ ڕۆژی دوای ئەوە کاتێک فەلەستییەکان بۆ تاڵانکردنی کوژراوەکان هاتن، شاول و کوڕەکانی ئەویان دۆزییەوە لە کێوی گلبۆع کەوتبوون.9ئینجا ڕووتیان کردەوە و کەللەسەر و زرێیەکەیانبرد، بە هەموو لایەکدا نێردراویان بۆ خاکی فەلەستییەکان نارد، تاوەکو مژدە بدەنە بتەکانیان و گەلەکەیان.10ئینجا زرێیەکەیان لە پەرستگای خوداوەندەکانیاندا دانا و کەللەسەریشیان لەناو پەرستگای داگۆن هەڵواسی.11کاتێک هەموو دانیشتووانی یاڤێش گلعاد ئەو شتانەیان بیستەوە کە فەلەستییەکان بە شاولیان کردبوو،12هەموو پیاوە دلێرەکانیان هەستان و لاشەکەی شاول و لاشەی کوڕەکانی ئەویان هەڵگرت و هێنایاننە یاڤێش. لەژێر دار بەڕووەکەی یاڤێش ئێسکەکانیان ناشت، حەوت ڕۆژ بەڕۆژوو بوون.13شاول مرد بەهۆی ناپاکییەکەی کە لە بەرامبەر یەزدان کردی، کە فەرمایشتی یەزدانی پەیڕەو نەکرد، تەنانەت پرسوڕای بە نێوانگرکرد بۆ ڕێنمایی و14داوای ڕێنمایی لە یەزدان نەکرد، جا یەزدان کوشتی و پاشایەتییەکەشی دایە دەست داودی کوڕی یەسا.