زەبوورەکان46ckb_bib

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەکی کوڕانی قۆرەح لەسەر ئاوازی عەلامۆت.

1خودا پەناگا و هێزمانە،لە تەنگانەدا زۆر بەهاناوە دێت.2بۆیە ترسمان نییە ئەگەر زەویش بلەرزێت،ئەگەر چیاکانیش بکەونە ناو قووڵایی دەریاکانەوە،3ئەگەر ئاوەکەشی بجۆشێت و کەف بکات،چیاکانیش لە سەرکێشی ئەو بلەرزن.
4ڕووبارێک هەیە جۆگەکانی شاری خودا شاد دەکات،ئەو شوێنە پیرۆزەی کە هەرەبەرز تێیدا نیشتەجێیە.5خودا لە ناوەڕاستدایە، بۆیە هەرگیز ناکەوێت،لەگەڵ بەرەبەیاندا خودا بەهاناوە دێت.6نەتەوەکان هەڵدەچن و شانشینەکان دەکەون،خودا دەنگی بەرز دەکاتەوە و زەوی دەتوێتەوە.
7یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،خودای یاقوب پەناگامانە.
8وەرن سەیری کردارەکانی یەزدان بکەن،ئەو وێرانکارییەکانی بەسەر زەویدا هێناوە.9جەنگەکان ڕادەگرێت هەتا ئەوپەڕی جیهان،کەوانەکان دەشکێنێت و ڕمەکان پارچەپارچە دەکات،گالیسکەکان بە ئاگر دەسووتێنێت.10«هێوربنەوە، بزانن کە من خودام،لەنێو نەتەوەکان پایەم بەرز دەبێتەوە،لەسەر زەوی بەرز دەبمەوە.»
11یەزدانی سوپاسالار لەگەڵمانە،خودای یاقوب پەناگامانە.