مەرقۆس8ckb_bib

تێرکردنی چوار هەزار کەس

1لەو ڕۆژانەدا کۆمەڵە خەڵکێکی زۆری دیکە کۆبوونەوە. لەبەر ئەوەی هیچیان نەبوو بیخۆن، عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون:2«دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن.3ئەگەر بە برسیێتی بیاننێرمەوە ماڵ، لە ڕێگا بڕ ناکەن، هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون.»4قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «کێ دەتوانێت لەم چۆڵەوانییە نانی ئەمانە بدات؟»5لێی پرسین: «چەند نانتان پێیە؟» گوتیان: «حەوت.»6ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. حەوت نانەکەی وەرگرت و سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن و دایە قوتابییەکان تاکو دابەشی بکەن، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد.7چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێبوو، سوپاسی خودای کرد و فەرمووی با ئەمەش دابەش بکرێت.8ئیتر خواردیان و تێربوون، دوایی حەوت سەبەتەی پڕ پەلکەنانیان کۆکردەوە.9ژمارەی ئەوانەی ئامادەبوون نزیکەی چوار هەزار کەس دەبوون. دوای ئەوەی کە عیسا خەڵکەکەی بەڕێکرد،10یەکسەر لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم بوو و هاتە ناوچەی دەلمانووسە.

داواکردنی نیشانەی ئاسمانی

11فەریسییەکان هاتن و لەگەڵ عیسا دەستیان بە مشتومڕ کرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد.12عیسا لە ناخەوە ئاهێکی هەڵکێشا و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: نیشانە نادرێتە ئەم نەوەیە.»13ئینجا بەجێی هێشتن. دووبارە سواری بەلەمەکە بوو و پەڕییەوە ئەوبەر.

هەویرترشی فەریسی و هێرۆدس

14قوتابییەکان لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو.15عیسا ڕایسپاردن: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان و هەویرترشی هێرۆدس بن.»16لەناو خۆیاندا بە یەکتریان گوت: «لەبەر ئەوەی نانمان پێ نییە.»17عیسا کە بەمەی دەزانی، پێی فەرموون: «بۆ باسی ئەوە دەکەن کە نانتان پێ نییە؟ ئایا هێشتا نابینن و تێناگەن؟ ئایا هەتا ئێستا دڵتان هەر ڕەقە؟18خۆ چاوتان هەیە، نابینن، گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟19کاتێک پێنج نانەکەم بۆ پێنج هەزارەکە لەتکرد، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دوازدە.»20«ئەی کاتی حەوت نانەکە بۆ چوار هەزار کەسەکە، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «حەوت.»21ئینجا پێی فەرموون: «هێشتا تێناگەن؟»

چاکبوونەوەی کەسێکی نابینا

22کاتێک عیسا و قوتابییەکانی هاتنە بێت‌سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات.23ئەویش دەستی نابیناکەی گرت، بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی: «هیچ دەبینیت؟»24پیاوەکە سەیری دەوروبەری کرد و گوتی: «خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.»25دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی، چاوی تێبڕی و چاک بووەوە و هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی.26ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕەوانەی کردەوە و فەرمووی: «جارێ مەڕۆ بۆ ناو دێ.»

پەترۆس دان بەوەدا دەنێت کە عیسا مەسیحەکەیە

27عیسا و قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی قەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن، لە ڕێگا لە قوتابییەکانی پرسی: «خەڵکی دەڵێن من کێم؟»28وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئەلیاس، هەندێکی دیکەش دەڵێن یەکێک لە پێغەمبەران.»29لێی پرسین: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟» پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت30جا ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن.

یەکەم باسی مردنی عیسا

31ئینجا دەستی کرد بە فێرکردنیان کە کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و دوای سێ ڕۆژ هەستێتەوە.32عیسا قسەکەی ئەوەندە بە ئاشکرا کرد کە پەترۆس هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی.33بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەیری قوتابییەکانی کرد، سەرزەنشتی پەترۆسی کرد و فەرمووی: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.»

خۆ ئامادە کردن بۆ مردن

34ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت.35ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات.36چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟37یان کەسێک لە بەرامبەر ژیانیدا چ بەهایەک دەدات؟38ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت، کاتێک بە شکۆمەندی باوکیەوە لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە.»