ڕابەران14ckb_bib

شەمشون ژن دەهێنێت

1ئینجا شەمشون بەرەو خوار چوو بۆ تیمنا و لە تیمنادا ئافرەتێکی لە کچانی فەلەستییەکان بینی.2جا هاتەوە و بە دایک و باوکی گوت: «ئافرەتێکم لە تیمنا لە کچانی فەلەستییەکان بینی و ئێستاش بۆم داوا بکەن وەک ژنم.»3دایک و باوکیشی وەڵامیان دایەوە: «ئایا لەناو کچانی خزمەکانت و لەناو هەموو گەلەکەتدا ئافرەتێکی تێدا نییە، هەتا بچیت و ژنێک لە فەلەستییە خەتەنەنەکراوەکان بهێنیت؟» شەمشونیش بە باوکی گوت: «ئەوم بۆ بهێنە، چونکە ئەوم بەدڵە.»4دایک و باوکیشی نەیانزانی ئەوە لەلایەن یەزدانەوەیە، کە بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕا لە دژی فەلەستییەکان، چونکە لەو کاتەدا فەلەستییەکان بەسەر ئیسرائیلدا زاڵ بوون.5ئینجا شەمشون و دایک و باوکی بەرەو خوار چوون بۆ تیمنا و هاتن بۆ ڕەزەمێوەکانی تیمنا و لەو کاتەدا جوانە شێرێک لێی هاتە پێش و دەینەڕاند.6جا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و وەک کارەبزن پارچەپارچەی کرد، ئەگەر چی هیچیشی بەدەستەوە نەبوو. کەچی دایک و باوکیشی ئاگادار نەکردەوە لەوەی کە کردی.7ئینجا چوو و قسەی لەگەڵ ئافرەتەکەدا کرد و شەمشون بە دڵی بوو.8پاش چەند ڕۆژێک، کاتێک گەڕایەوە بۆ ئەوەی بیهێنێت، لایدا هەتا لاشەی شێرەکە ببینێت، تەماشای کرد شارە هەنگێک لەناو هەناوی شێرەکە هەیە لەگەڵ هەنگوین.9جا هەردوو چنگی لێ پڕکرد و بە ڕۆیشتنەوە دەیخوارد. ئەوسا چوو بۆ لای دایک و باوکی، بەشی دان و خواردیان، پێی نەگوتن کە هەنگوینەکەی لە هەناوی شێرەکەوە دەرهێناوە.10ئینجا باوکی چووە خوارەوە بۆ لای ئافرەتەکە و شەمشونیش لەوێ زەماوەندێکی ساز کرد، چونکە ئەمە نەریتی زاوا بوو.11جا کاتێک بینییان سی هاوڕێیان هێنا و لەگەڵیدا بوون.12ئینجا شەمشون پێی گوتن: «مەتەڵێکتان پێ دەڵێم ئەگەر لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا هەڵتانهێنا و دۆزیتانەوە سی کراسی کەتان و سی قات جلتان پێدەدەم،13بەڵام ئەگەر بۆتان هەڵنەهێنام ئەوا ئێوە سی کراسی کەتان و سی قات جل بە من دەدەن.» ئەوانیش گوتیان: «مەتەڵەکەت بڵێ با گوێمان لێی بێت.»14ئەویش وەڵامی دانەوە:«لە بخۆر، خواردن هاتە دەرەوە،لە بەهێزیش، شیرینی.»ئەوانیش لە سێ ڕۆژدا نەیانتوانی مەتەڵەکە هەڵبهێنن.15لە ڕۆژی چوارەمدا بە ژنەکەی شەمشونیان گوت: «مێردەکەت فریو بدە بۆ ئەوەی مەتەڵەکەمان پێ بڵێت، ئەگینا خۆت و ماڵی باوکت بە ئاگر دەسووتێنین. داوەتتان کردووین بۆ ئەوەی ڕووتمان بکەنەوە؟»16ئینجا ژنەکەی شەمشون لەلای گریا و گوتی: «تۆ ڕقت لێمە و منت خۆشناوێت. مەتەڵێکت بە نەوەی گەلەکەم گوتووە و وەڵامەکەت بە من نەگوتووە.» ئەویش پێی گوت: «تەنانەت بۆ دایک و باوکمم ڕوون نەکردووەتەوە، ئیتر چۆن بۆ تۆی ڕوون بکەمەوە؟»17بەو شێوەیە لە ماوەی حەوت ڕۆژی خوانەکەدا لەلای گریا و ئینجا ئەویش لە ڕۆژی حەوتەم پێی گوت، چونکە تەنگی پێهەڵچنی و ئەویش مەتەڵەکەی بۆ نەوەی گەلەکەی ئاشکرا کرد.18جا پیاوانی شارۆچکەکە لە ڕۆژی حەوتەم بەر لە ئاوابوونی خۆر پێیان گوت:«چ شتێک لە هەنگوین شیرینترە ولە شێر بەهێزترە؟»ئەویش پێی گوتن:«ئەگەر بە گوێرەکەکەم نەتاندەکێڵا،مەتەڵەکەمتان هەڵنەدەهێنا.»19ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەری و بەرەو خوار چوو بۆ ئەسقەلان و سی پیاوی لێ کوشتن و تاڵانییەکەیانی برد و جلەکانی ئەوانی دایە ئاشکراکەرانی مەتەڵەکە. پاشان زۆر تووڕە بوو و چووەوە ماڵی باوکی.20ژنەکەی شەمشونیش بوو بە ژنی ئەو هاوڕێیەی کە لە زەماوەندەکەیدا لەگەڵی بوو.