ئیشایا
18
/
ckb_bib
قوڕبەسەری کوش
1
قوڕبەسەر خاکی فڕەفڕی باڵەکان،
ئەوەی لەوبەری ڕووبارەکانی کوشە،
2
پەیامبەران بە ڕێی دەریادا دەنێرێت،
بە بەلەمی قامیش لەسەر ڕووی ئاوەکان.
بڕۆن ئەی نێردراوە خێراکان،
بۆ لای نەتەوەیەکی باڵا بەرز و کۆسە،
بۆ لای گەلێک خەڵکی دوور و نزیک لێیان دەترسن،
نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار،
ئەوەی ڕووبارەکان دڕیانداوە بە خاکەکەی.
3
ئەی هەموو دانیشتووانی جیهان و
نیشتەجێبووانی زەوی،
کە ئاڵا لەسەر چیاکان بەرزکرایەوە،
ببینن و
کە کەڕەنا لێدرا،
گوێ بگرن.
4
یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت:
«هێمن دەبم و لە نشینگەی خۆمەوە تەماشا دەکەم
وەک گەرمایەکی ڕوون لە بەر هەتاودا،
وەک هەوری خوناو لە گەرمای دروێنەدا.»
5
پێش ترێ ڕنین لە کاتی تەواو چرۆکردن و
کاتێک گوڵەکان دەبن بە پەسیرەی گەییو،
چڵەکان بە داس دەبڕێتەوە و
لقەکان لێ دەکاتەوە و فڕێیان دەدات.
6
پێکەوە بەجێدەهێڵدرێن بۆ بازەکانی چیا و
بۆ گیانلەبەرە کێوییەکانی زەوی،
بازەکان هاوینیان پێ بەسەردەبەن و
هەموو گیانلەبەرە کێوییەکانی زەویش زستانیان پێ بەسەردەبەن.
7
لەو ڕۆژەدا دیاری پێشکەش بە یەزدانی سوپاسالار دەکرێت،
لە گەلێکی باڵا بەرز و کۆسە،
گەلێکی ترسناک، دوور و نزیک،
نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار،
ئەوەی ڕووبارەکان زەوییەکەیانی دابەش کردووە،
بۆ شوێنی ناوی یەزدانی سوپاسالار لە کێوی سییۆن.
Powered by Seed Bible API
expand_more
Search
All books
Old Testament
New Testament
chevron_left
Previous Chapter
Books
search
Search
explore
Discover
share
Share
chevron_right
Next Chapter