پەیدابوون37ckb_bib
خەونەکانی یوسف
1یاقوب لە خاکی ئاوارەیی باوکی، لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو.2ئەمە چیرۆکی نەوەکانی یاقوبە.یوسف کە هەرزەکارێکی تەمەن حەڤدە ساڵان بوو، لەگەڵ براکانی کە دەکاتە کوڕەکانی بیلهە و زیلپەی دوو ژنەکەی باوکی، شوانایەتی مەڕەکانی دەکرد. یوسف هەڵسوکەوتە خراپەکانی ئەمانی بە باوکی ڕاگەیاند.3ئیسرائیلیش یوسفی لە هەموو کوڕەکانی دیکەی خۆشتر دەویست، چونکە ئەو منداڵەی لە پیریدا ببوو، کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگیشی بۆ دروستکرد.4کە براکانی بینییان باوکیان ئەوی لە هەموویان خۆشتر دەوێت، ڕقیان لێی دەبووەوە و سڵاویان لێی نەدەکرد.5یوسف خەونێکی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، ئیتر زیاتر ڕقیان لێی بووەوە.6پێی گوتن: «گوێ لەم خەونە بگرن کە بینیومە:7لە خەونەکەم لەناو کێڵگە خەریکی مەڵۆکۆکردنەوە بووین، لەناکاو مەڵۆیەکەی من ڕاست بووەوە و وەستا، مەڵۆیەکانی ئێوەش دەوریان دا و کڕنۆشیان بۆ برد.»8براکانی پێیان گوت: «ئایا حەز دەکەیت ببیتە پاشامان؟ ئایا فەرمانڕەوایەتیمان دەکەیت؟» ئیتر لەبەر قسە و خەونەکانی، زیاتر ڕقیان لێ بووەوە.9ئینجا خەونێکی دیکەی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە و گوتی: «گوێ بگرن، خەونێکی دیکەم بینیوە، بینیم خۆر و مانگ و یازدە ئەستێرە کڕنۆشیان بۆم بردووە.»10کە ئەمەی بۆ باوکی و براکانی گێڕایەوە، باوکی سەرزەنشتی کرد و پێی گوت: «ئەمە چ خەونێکە کە تۆ بینیوتە؟ ئایا من و دایکت و براکانت بێین و کڕنۆشت بۆ ببەین؟»11براکانیشی بەغیلییان پێ برد، بەڵام باوکی ئەم شتەی لە دڵی خۆیدا هێشتەوە.