حزقیێل2ckb_bib

بانگکردنی حزقیێل

1پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، هەستە سەر پێیەکانت، قسەت لەگەڵ دەکەم.»2کە قسەی بۆ دەکردم، ڕۆحی خودا هاتە ناوم و هەڵیستاندمەوە سەر پێیەکانم، گوێم لەوە بوو کە قسەی بۆ دەکردم.3پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من بۆ لای نەوەی ئیسرائیل دەتنێرم، بۆ لای نەتەوەیەکی یاخی کە لە من یاخی بوون، ئەوان و باوکانیشیان هەتا ئەم ڕۆژەش لێم یاخی بوونە.4ئەو گەلە کە بێ چاوەڕوون و کەللەڕەقن، من بۆ لای ئەوان دەتنێرم، پێیان دەڵێیت: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت.“5هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین، گوێ بگرن یان نەیگرن، دەزانن کە پێغەمبەرێکیان لەنێودا بووە.6بەڵام تۆ ئەی کوڕی مرۆڤ، نە لە خۆیان و نە لە قسەکانیان مەترسە. مەترسە، هەرچەندە تۆ لەنێو بنەماڵەیەکی یاخی دادەنیشیت کە دەبنە دڕکوداڵ و دووپشک بۆت. لە قسەکانیان مەترسە و لێیان مەتۆقە.7هەرچەندە بنەماڵەیەکی یاخین، دەبێت بە فەرموودەکانی من لەگەڵیان بدوێیت، گوێ بگرن یان نەیگرن.8ئەی کوڕی مرۆڤ، تۆش گوێ لەوە بگرە کە پێت دەفەرمووم، وەک بنەماڵەی یاخیبوو یاخی مەبە. دەمت بکەرەوە و ئەوەی دەتدەمێ بیخۆ.»9کە تەماشام کرد دەستێک بۆ لام درێژکراوە و تۆمارێکی پێچراوی تێدایە.10لەبەردەمم کردییەوە و لەناوەوە و لەپشتەوەشی لاوانەوە و گریان و واوەیلا نووسرابوون.