دووەم ساموئێل4ckb_bib

کوشتنی ئیشبۆشەت

1کاتێک ئیشبۆشەتی کوڕی شاول بیستییەوە کە ئەبنێر لە حەبرۆن کوژراوە، دەستی شل بوو و هەموو ئیسرائیل ترسیان لێ نیشت.2کوڕەکەی شاول دوو پیاوی هەبوو کە سەردەستەی چەتەکان بوون، یەکێکیان ناوی بەعەنا و ئەوی دیکەیان ناوی ڕێکاب بوو، هەردووکیان کوڕی ڕیمۆنی بئێرۆتی بوون کە لە نەوەی بنیامین بوو. بئێرۆت لەسەر بنیامین دادەنرێت،3چونکە بئێرۆتییەکان بۆ گیتەیم هەڵاتبوون و ئاوارەی ئەوێ بوون، هەتا ئەمڕۆ لەوێن.4(یۆناتانی کوڕی شاولیش کوڕێکی هەبوو کە هەردوو قاچی شەل بوون. کاتێک هەواڵی شاول و یۆناتان لە یەزرەعیلەوە گەیشت تەمەنی پێنج ساڵان بوو، ئیتر دایەنەکەی هەڵیگرت و هەڵات، بەڵام لەبەر ئەوەی بە پەلە بوو بۆ هەڵاتن، منداڵەکە کەوت و شەل بوو، ناویشی مەفیبۆشەت بوو.)5کوڕەکانی ڕیمۆنی بئێرۆتی ڕێکاب و بەعەنا ڕۆیشتن و لە گەرمەی ڕۆژدا خۆیان بە ماڵی ئیشبۆشەتدا کرد کە سەرخەوی نیوەڕۆی دەشکاند.6چوونە ناو ماڵەکەوە بە بیانووی ئەوەی بارە گەنم ببەن، شمشێرێکیان لە سکی دا. پاشان ڕێکاب و بەعەنای برای دەرباز بوون.7لە کاتی هاتنە ژوورەوەیان بۆ ناو ماڵەکە ئەو لەسەر قەرەوێڵەکەی لە ژووری نوستنەکەی پاڵکەوتبوو، جا لێیاندا و کوشتیان، سەریان بڕی و سەرەکەیان برد، بە درێژایی ئەو شەوە بەناو عەراڤادا ڕۆیشتن.8سەری ئیشبۆشەتیان هێنایە حەبرۆن، بۆ لای داودی پاشا، پێیان گوت: «ئەوەتا ئەوە سەری ئیشبۆشەتی کوڕی شاولی دوژمنی تۆیە ئەوەی دەیویست بتکوژێت. یەزدانیش ئەمڕۆ تۆڵەی پاشای گەورەی منی لە شاول و نەوەکەی کردووەتەوە.»9داودیش وەڵامی ڕێکاب و بەعەنای برای دایەوە کە کوڕەکانی ڕیمۆنی بئێرۆتین و پێی گوتن: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ژیانی منی لە هەموو تەنگانەیەک دەرباز کرد،10کاتێک یەکێک هەواڵی پێدام و گوتی: ”شاول مردووە“ و خۆی بە مزگێنیدەر دەزانی، گرتم و لە چیقلەگ کوشتم، بەوە موژدانەکەیم دایەوە.11ئەی دەبێت ئەمەیان چەند زۆرتر بێت ئەگەر دوو پیاوی بەدکار پیاوێکی ڕاستودروست لەناو ماڵەکەی خۆیدا و لەسەر قەرەوێڵەکەی بکوژن. ئێستاش ئایا داوای خوێنەکەی ئەوتان لێ نەکەم و لەسەر زەوی نەتانسڕمەوە؟»12جا داود فەرمانی بە خزمەتکارەکان کرد و ئەوانیان کوشت، دەست و پێیان بڕین، لەلای گۆمەکەی حەبرۆن هەڵیانواسین. بەڵام سەری ئیشبۆشەتیان بردە حەبرۆن و لە گۆڕەکەی ئەبنێردا ناشتیان.