دووەم کۆرنسۆس
13
/
ckb_bib
خۆتان تاقی بکەنەوە
1
ئەمە سێیەم جارە کە دێمە لاتان. ﴿هەر بابەتێک لەسەر زاری دوو یان سێ شایەت ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێت.﴾
info
2
پێشتر گوتوومە وەک دووەم جار لەلاتان بووم و ئێستاش کە لێتان دوورم دەیڵێمەوە، بۆ ئەوانەی پێشتر گوناهیان کردووە و بۆ هەموو ئەوانەی دیکەش: کە دێمەوە بەزەییم نابێت،
3
چونکە ئێوە داوای بەڵگە دەکەن کە مەسیح لە ڕێگەی منەوە دەدوێت. ئەو لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئێوە لاواز نییە، بەڵکو لەنێوتاندا بەهێزە.
4
هەرچەندە لە لاوازیدا لە خاچ درا، بەڵام بە هێزی خودا دەژیێت. هەروەها ئێمەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا لاوازین، بەڵام ئێمە لە هەڵسوکەوتکردنمان لەگەڵ ئێوە بە هێزی خودا لەگەڵ ئەودا دەژین.
5
خۆتان تاقی بکەنەوە ئاخۆ ئێوە باوەڕدارن. لە خۆتان بکۆڵنەوە. ئایا نازانن کە عیسای مەسیح لە ئێوەدایە؟ مەگەر ئەوەی لە تاقیکردنەوە سەرکەوتوو نەبووبن.
6
بەڵام هیوادارم بزانن کە ئێمە نەکەوتووین.
7
ئینجا لە خودا دەپاڕێینەوە کە ئێوە هیچ خراپەیەک نەکەن، ئەمەش لەبەر ئەوە نییە کە دەربکەوێت ئێمە بەرگەی تاقیکردنەوەمان گرتووە، بەڵکو تەنها بۆ ئەوەیە کە ئێوە چی چاک و ڕاستە بیکەن، هەرچەندە خەڵکی بە سەرکەوتوومان نەزانن،
8
چونکە ناتوانین هیچ شتێک لە دژی ڕاستی بکەین، بەڵکو لە پێناوی ڕاستی.
9
شادین کە لاوازین و ئێوە بەهێزن، نوێژی ئێمەش بۆ تەواویی ئێوەیە.
10
بۆیە ئەمانە دەنووسم و دوورم، تاوەکو کاتێک لەلاتان ئامادە دەبم بە ڕەقی نەجوڵێمەوە، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی مەسیحی باڵادەست پێی بەخشیوم بۆ بنیادنانتان، نەک بۆ وێرانکردنتان.
هاندان و سڵاوی کۆتایی
11
لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان دڵشاد بن. بۆ کامڵی و تەواوی هەوڵ بدەن، یەکتری هانبدەن، هاوبیر بن، بە ئاشتی بژین. ئەوسا خودای خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵتان دەبێت.
12
بە ماچی پیرۆز سڵاو لە یەکتری بکەن.
13
هەموو گەلی پیرۆزی خودا لێرە سڵاوتان لێدەکەن.
14
با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و خۆشەویستی خودا و هاوبەشی ڕۆحی پیرۆز لەگەڵ هەمووتان بێت.
Powered by Seed Bible API
expand_more
Search
All books
Old Testament
New Testament
chevron_left
Previous Chapter
Books
search
Search
explore
Discover
share
Share
chevron_right
Next Chapter